کوردستانی
چاودێری بازرگانی سلێمانی لە مەودا میدیاوە دەنگۆیەک رەتدەکاتەوە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی رایدەگەیەنێت هیچ گرفتێک لە بەشە سوتەمەنی و پێویستی پارێزگای سلێمانی نییەو دوایەکیش ئاراستەی هاوڵاتیان دەکات.
سۆران غەفور، بەڕێوەبەری چاودیری بازرگانی پارێزگای سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند" لە دوێنێ شەوەوە شۆفێران ترسیان لادروستبووە گوایە گرفتی کەمی بەنزین یان قەیران دروست دەبێت، لێرەوە رایدەگەیەنین کە بەهیچ شێوەیەک گرفت لە کەمی بەنزین نییەو رۆژانە زۆرترین بڕی بەنزین دێتە سلێمانی".
ئەوەشی خستەڕوو "سلێمانی رۆژانە بەشی پێویستی بەنزین هاوردە دەکات و کۆگاکانی بەنزینیش پڕن و بچوکترین کێشەمان نییە، هەروەها بازرگانەکانمان کەمترین بەنزین لە ئێرانەوە دەهێنن ئەوەی دەمینێتەوە بەنزینی وڵاتانی ترە".
لە بارەی گران بوونی نرخەکەی سۆران غەفور وتی" هیچ کەس و بەنزینخانەیەک بۆی نییە نرخی بەنزین گران بکات و پێش چەند رۆژێک نرخ دابەزییوەو نۆرماڵ یەک لیتری بە ٦٠٠ دینارەو رێگەنادەین لەو نرخە زیاتر بفتۆشرێت".
دوای بڕیاری داخستنی سنورەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران لە دوێنێ شەوەوە شۆفیران روویان کردە بەنزینخانەکان و پێیان وابوو قەیران دروست دەبێت.