سۆزان  حەمەتاتە

سۆزان حەمەتاتە

ئەگەر سوپای عیراق ھات

بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عیراق بۆ رادەستکردنەوەی دۆسێی نەوتی ھەرێمی کوردستان، لەنێوان ھەولێر و بەغدا بەئاشتی و رێککەوتن یەکلایی نەکرایەوە، ئەوا یەکێک لە ئەگەرەکان جێبەجێکردنی بڕیارەکەیە لە رێگەی ھێزی سەربازییەوە، ئەم ئەگەرە روودانی دوور نییە بەتایبەت نموونەی لەو شێوەی ھەیە وەکو گەڕانەوەی بە زۆری سوپای عیراق بۆ کەرکوک و ناوچەکانی مادەی 140.

دەنگۆی کۆکردنەوەی سوپای عیراق لەسەر سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان، ئاماژەی روونە بۆ روودانی ئەو ئەگەرە، رادەستکردنەوەی دۆسییەکەش، ھەرێمی کوردستان لاواز دەکات، سەرەڕای ئەوەی روونە گەندەڵیی زۆر لە دۆسیەی نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان ھەیە، بەڵام سیاسەتی گەمارۆدانی ھەرێمی کوردستانیش زۆر مەترسیدارە.

ھێز و توانای ھەرێمی کوردستان دابەشبووە، فشاری ئێران لە جاران زیاتر بووە لەسەر تەواوی ھێزە کوردستانی و عیراقییەکان، زیاتر لەوەش پارتی دیموکراتی کوردستان چووەتە بەرەی دژە ئێرانەوە و ئەوەش ئاسان تێپەڕ نابێت، رەنگە باجی قورسی ھەبێت.

دەرفەتێک رەنگە ھەبێت ئەویش رازی بوونی زۆرینەی حزبەکانی کوردستانە بە پێکھێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی، ئەمە بەرانبەر بەوە بێت بەغدا و ھەولێر بگەنە رێککەوتنێکی مام ناوەند لەسەر دۆسیەی نەوت و غاز، بەشێوەیەک ھەرێمی کوردستان لەو دۆسیەیەدا نەرمی بنووێنێت و زیاتر شەفاف بێت.

لێرەدا نێوەندگیری نەتەوە یەکگرتووەکان و فشاری ئەمەریکا گرنگە و لەوە دەچێ بە قازانجی ھەرێمی کوردستان بێ، بەڵام بێ سازشی ھەرێمی کوردستان بارودۆخی وا نایەتە ئاراوە.

ئەگەر پرۆسەکە لە مەودای سیاسی دەربچێت و سوپا دەستێوەردان بکات، رەنگە ئاسان نەبێ بۆ عیراقیش، بەڵام ھەرێمی کوردستان تووشی دۆخی نەخوازراو و گەمارۆی ئابووری دەبێتەوە، خەڵکی کوردستانیش توانای زیاتری رەوشی خراپی نییە کە ئێستا زۆر خراپە دۆخی خەڵک.

ک. ر.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan