چاوپێكەوتن

د. تاڤگە بابان، کۆڵنەدەرێکی زانستخواز

مەودا میدیا - سلێمانی |


د. تاڤگە بابان، کۆڵنەدەرێکی زانستخواز
مەودا میدیا-

تاڤگە بابان، یەکێکی ترە لەو ژنانەی جەسوورانە هەوڵی داوە بۆ گەیشتن بە خەونەکانی، نموونەیەکی باڵایە لە کۆڵنەدان، هیچ بەربەستێک ساردی نەکردووەتەوە... پاش بڕینی سەرجەم پلە زانستییەکان، بەردەوام و بەردەوام کار دەکات و شارەزاییەکەی خستووەتە خزمەتی کۆمەڵ و گەلەکەیەوە.
د. تاڤگە، خاتوونێکی ئەکتیڤ و چالاکە؛ لە زۆر بواری زانستیدا جێدەستی دیارە و بە هەوڵ و ماندبوونێکی زۆر چەندین پلەی زانستیی بڕیوە.

تاڤگە بابان کێیە؟

ناوم تاڤگە ئەحمەد عەزیز رەزا حسێن مەحمود حەسەن مستەفا فەرهاد تەیمور خان (پاشای بابان)ە. لە زانکۆی سلێمانی پرۆفیسۆرم لە بواری دەرمانزانی و ژەهرزانی لە کۆلێجی دەرمانسازیی.

سەرەتا باسێکی بنەماڵەکەتمان بۆ بکە...

باوکم لە ساڵی 1965 – 1974 سەرپەرشتیاری پەروەردەیی بووە لە شاری کەرکوک، بەهۆی پێشمەرگایەتییەوە راگوێزراین بۆ ئێران. لە ساڵی 1974 هەموو موڵکەکانی باوکم دەستیان بەسەردا گیرا. پاش گەڕانەوەمان لە ئێران، باوکم بە مامۆستا دامەزرایەوە لە خوێندنگەی (حەمدی) لە سلێمانی، پاشان بوو بە بەڕێوەبەری خوێندنگەکە تا کاتی خانەنشینبوونی لە ساڵی 1996.
باپیری باوکم (رەزا بەگی بابان) لە ساڵی 1860 لەدایک بووە، فەرمانبەر بووە لە دەوڵەتی عوسمانی، لێپرسراوی (چبگیە) بووە، بە حوکمی وەزیفەکەی، شاری سلێمانی بەرەو موسڵ و کەرکوک بەجێ هێشتووە. لە کەرکوک خێزانی پێکهێناوە و نیشتەجێ بووە.
لە کتێبی (تأریخ الامارە البابانیە) کە لەلایەن (حسێن نازم بێگ)ەوە نووسراوە، لە (لاپەڕە 115 – 116) باسی مستەفا بەگی باپیرم کراوە، هەروەها لە (لاپەڕە 87)یشدا باسی باپیرەگەورەم (فەرهاد بەگ) کراوە.

چ ساڵێک بوو کە گەڕانەوە بۆ شاری سلێمانی؟
لە ساڵی 1976 گەڕاینەوە بۆ شاری باوباپیرانمان.

ئەو موڵکانەی کە دەڵێیت دەستیان بەسەردا گیراوە، وەرتانگرتنەوە؟
پاش رووخانی رژێمی بەعس، باوکم توانیی هەموو موڵکەکانی وەربگرێتەوە.

تۆ منداڵێکی چۆن بوویت لە خێزانەکەتاندا؟
منداڵێکی زیرەک بووم، لە منداڵییەوە باوک و دایکم تێبینیی ئەوەیان کردبوو کە منداڵێکی زیرەک و بەتوانام، هەردووکیان زۆر هاندەرم بوون لە هەموو قۆناغەکانی ژیانمدا، تەنانەت دوای ئەوەی کە ژیانی خێزانیی خۆشم پێکهێنا، دایکم (حەسیبە کەریم عەبدولڕەحمان)، شانبەشانی خۆم یارمەتی داوم بۆ پەروەردەکردنی منداڵەکانم، بەتایبەتی لە کاتی خوێندنی ماستەر و دکتۆراکەم.

کەواتە ئاستت بەرز بوو لە خوێندندا؟
لە قۆناغی شەشی سەرەتایی و سێی ناوەندی، دووەمی شاری سلێمانی بووم. لە قۆناغی شەشی ئامادەییش، یەکەمی خوێندنگەی فریشتە بووم و لە دە یەکەمەکەی شاری سلێمانی بووم.

ئەی بۆ خوێندنی زانکۆ کوێت هەڵبژارد؟

کۆلێجی دەرمانسازیم هەڵبژارد لە زانکۆی بەغدا لە ساڵی 1989 – 1994.

دوای تەواوکردنی زانکۆ چیت کرد؟

لە ساڵی 1994 لە بەغدا دامەزرام، بەڵام لەوێ دەستبەکار نەبووم، بەڵکوو فەرمانی دەستبەکاربوونەکەم هێنایەوە بۆ شاری سلێمانی و لە فەرمانگەی تەندروستیی سلێمانی دامەزرام لە نەخۆشخانەی کۆماری (جمهوری)، پاشان پلەبەندیم کرد لە کەلار و چوارتا.
لە ساڵی 1996 گەڕامەوە بۆ نەخۆشخانەی فێرکاری، لەوێ بۆ یەکەم جار لەگەڵ دوو هاوڕێم (د. شارا و د. ئاهەنگ)، وەک دەرمانسازی کلینیکی لە قاوشەکاندا کارمان کرد. کە رۆڵێکی تازەی دەرمانساز بوو لەو کاتەدا.
پاشان راژەکەم گواستەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی دەرمان، لەوێ توانیم بۆ یەکەم جار هەموو ئەو نەخۆشانەی کە نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە لە شاری سلێمانی و دەوروبەری، لە کۆمپیوتەر داخڵیان بکەم، کە بە پرۆگرامێکی تایبەت دروست کرابوو لەلایەن ئەندازیار کامەران، لە رێکخراوی WHO، ئەوە کارێکی گرنگ بوو بۆ ئەو کاتە. بەرانبەر بەوە، سوپاس و پێزانینی وەزیری تەندروستیم وەرگرت.

لەگەڵ رێکخراوی WHO کارت کردووە؟

بەڵێ، بۆ ماوەی سێ مانگ لەگەڵ رێکخراوی WHO کارمکرد. چەندین خولی دەرمانم ئەنجام دا بۆ ئەو کارمەندانەی لە بەشی دەرمان کاریان دەکرد لە نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی و دەوروبەری، کە تایبەت بوون بە ئاشنابوون بە دەرمان و بەکارهێنانی و چۆنێتی هەڵگرتنی.

پاش ئەوە لە کوێ کارتکرد؟

پاش ئەوە، بەردەوام بووم لە کارکردن و خوێندن بەم شێوەیە:
- لە ساڵی 2004 لە نەخۆشخانەی منداڵبوون کارم کرد.
- لە ساڵی 2006 راژەکەم گواستەوە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و دەستم کرد بە خوێندنی ماستەر.
- لە ساڵی 2008 ماستەرم وەرگرت بە پلەی نایاب.
- لە ساڵی 2009 بووم بە مامۆستای یاریدەدەر.
- لە ساڵی 2012 بووم بە مامۆستا بە ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستیی.
- لە ساڵی 2015 – 2018 دکتۆرام وەرگرت بە پلەی نایاب.
- لە ساڵی 2016 بووم بە پرۆفیسۆری یاریدەدەر.
- لە ساڵی 2022 بووم بە پرۆفیسۆر.

پێش تۆ هیچ کەسێک ئەو پلە زانستییەی لەو بوارەدا بەدەستهێناوە؟
نەخێر، من یەکەم پرۆفیسۆرم لە بواری دەرمانزانی و ژەهرزانی لە کۆلێجی دەرمانسازیی زانکۆی سلێمانی و یەکەم پرۆفیسۆری خانمم لە هەرێمی کوردستان کە ئەو پلەیەم هەبێت لەو بوارەدا.

جگە لەو کارانەی باست کردن، چ جۆرە چالاکییەکی دیکەت هەیە؟
- خاوەنی 32 توێژینەوەی زانستیم، کە بەشێکی باشیان لە گۆڤاری باوەڕپێکراو و کاریگەردا  بڵاوکراونەتەوە.
- لە بەرانبەر بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیی زانکۆی سلێمانی، چەندین جار لەلایەن سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانییەوە خەڵات کراوم.
- سەرپەرشتیاریی شەش خوێندکاری خوێندنی باڵام کردووە.
- بەشدار بووم لە دەستەی نووسەرانی کتێبی (دلیل الادویە العراقی) لە ساڵی 2021.
- بەشدار بووم لە چەندین لیژنەی زانستی و گفتوگۆنامەی ماستەر و دکتۆرا لە سلێمانی و شارەکانی تری هەرێم.
- دوو جار بەشدار بووم لە خولی پێشخستنی پرۆگرامی خوێندنی (Delphi) لە بەریتانیا لە ساڵانی 2010 و 2012 لە ئەنجامی ئەو بەشداریکردنەم، هەندێک گۆڕانکاریم کرد لە وانەی پراکتیکیی (Toxicology).
- بەشدار بووم لە چەندین کۆنفرانسی زانستیی لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم.
- چەندین خول و وۆرکشۆپم ئەنجام داوە بۆ فەرمانگەی تەندروستی بەمەبەستی پێشخستنی پیشەیی دەرمانسازی.
- پرۆپۆزەڵم پێشکەشی وەزارەتی تەندروستی کردووە بۆ کردنەوەی سەنتەر کۆنترۆڵکردنی ژەهراویبوون (Poison Control Center) و هەوڵی زۆرم دا بۆ خستنەڕووی گرنگیی ئەو سەنتەرە و چۆنیەتی کردنەوەی لە ساڵی 2014، بەڵام بەداخەوە، نەخرایە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.
- بەشدار بووم لە دامەزراندنی سەندیکای پزیشکانی کوردستان/ لقی سلێمانی لە ساڵی 1998.
- بەشدار بووم لە دامەزراندنی سەنتەری رۆشنبیریی کۆمەڵایەتی بابان لە ساڵی 2004.

ئەی وەکوو بەرپرسیارێتی، لەناو زانکۆ چ پۆست و بەرپرسیارێتییەکەت هەبووە؟
پۆستەکانم لە زانکۆ: لێپرسراوی تۆمار، لێپرسراوی دڵنیایی جۆریی، سەرۆک بەش، ئەندام لە لیژنەی ئاکاری کۆلێجە پزیشکییەکان، ئەندام لە لیژنەی بەرزکردنەوەی پلەی زانستیی کۆلێجە پزیشکییەکان، سەرۆکی لیژنەی تاقیکردنەوەکان، ئەندام لە لیژنەی زانستیی کۆلێج.

کەی هاوسەرگیریت کردووە؟

لە ساڵی 1998 لەگەڵ پرۆفیسۆری یاریدەدەر، د. ژین ئەوڕەحمان موتابچی هاوسەرگیرم کردووە، کە ئەویش مامۆستایە لە کۆلێجی دەرمانسازیی زانکۆی سلێمانی.

هاوسەرەکەت هاوکار و پاڵپشتت بووە لەو کارانەی ئەنجامتداوە؟
بەڵێ، دوای هاوسەرگیرم، لە هەموو هەنگاوەکانی ژیانمدا هاوژینەکەم زۆر پاڵپشتم بووە و بەردەوام هاندەرم بووە، بڕوای زۆری بە تواناکانم هەیە.

چەند منداڵتان هەیە؟
خاوەنی سێ کچ (ساڤا - 19 ساڵ، ئانا - 17 ساڵ، داریا - 6 ساڵ) و یەک کوڕ (ئاریا - 8 ساڵ)ین.

بوونی منداڵ و ئەرکی دایکایەتی نەبوونەتە رێگر لە بەردەوامبوون لە خوێندن و کارکردنت؟
لە کاتی خوێندنی ماستەرەکەم، دوو منداڵم هەبوو، سێ ساڵ و یەک ساڵ. زۆر قورس بوو بتوانم منداڵەکانم بەشێوەیەکی باش پەروەردە بکەم و لە هەمان کاتدا خەونی خۆشم بەدی بهێنم بەتەواوکردنی خوێندنی باڵا.
لە کاتی دکتۆراکەشم، باری خێزانیم گرانتر بوو، چونکە خاوەنی سێ منداڵ بووم، بچووکەکەیان یەک ساڵ بوو و هەر لە ماوەی خوێندنەکەم منداڵی چوارەمم بوو و باری تەندروستیم زۆر خراپ بوو، بەڵام بەردەوام ورەم بەرز بوو، رۆحی تەحەدام تێدا بوو کە بگەم بە خەونی خۆم بێ ئەوەی کاریگەریی خراپم هەبێت لەسەر خێزانەکەم.

بەدڵنیاییەوە ئاڵنگارییەکی قورس بووە، کێ بوون ئەوانەی بەردەوام هاوکارییان دەکردیت؟

بەڵێ، ئاڵنگارییەکی زۆر قورس بوو، بەڵام بە هاوکاریی هاوژینەکەم و دایکم و باوکم، توانیم ئەو قۆناغە قورسانەی ژیانم ببڕم بەسەرکەوتوویی، بەردەوام سەرپەرشتیارەکەم هانی دەدام و دەیوت "من تۆ بە نموونەی خانمی سەرکەوتوو و کۆڵنەدەر باس دەکەم بۆ خوێندکارەکانم".

جگە لە خوێندن و کارکردن لە بواری دەرمانسازی، هیچ خولیایەکی دیکەت هەبوو؟

بەڵێ، خولیای وێنەکێشان و نووسینی شیعر بە زمانی عەرەبیم هەبوو، بەحوکمی ئەوەی خوێندنم بە زمانی عەرەبی تەواوکردووە، هەروەها خوێندنەوەی کتێب. ئەم هیوایەتانەم زیاتر لە کاتی قۆناغی ئامادەیی و زانکۆ هەبوو، پاشان لەبەر سەرقاڵبووم بە ژیانی زانستی و زانکۆ، زۆر کەم بوونەوە.

دەتوانیت یەکێک لەو شیعرانەتمان پێشکەش بکەیت؟

بەڵێ، بەخۆشحاڵییەوە، یەکێک شیعرەکانم پێشکەشتان دەکەم، بەڵام وەک وتم؛ بە زمانی عەرەبییە:

این السبیل لمشفی القروح
این مداوي العلیل المجروح
لیلي الطویل ما لك ساكت
ما لك تمضي بسری كابت
تكلم وافضي ویكفی كبوت
فإنه لعمري صعب السكوت
خلیلي كفاك عنفا وجفا
تفظر قلبي نزفا ورجفا
ما لك تراني تدیر لی ظهرا
كأني تمثال محروم من رقصا
أتعلم قلبي حین تعلق
بحبك واضحی ببحرك یغرق
لم یكن یوما بسرك ینطق
حتی وان كان باب الشوق یطرق
افلا یستحق نورا یلوح
بسمائه یوما وینسی الجروح


*ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan