چاوپێكەوتن

موسەنا ئەمین: سوکایەتیکردن بە پەرلەمان ستەمێکی گەورەیە

مەودا میدیا - سلێمانی |


 موسەنا ئەمین: سوکایەتیکردن بە پەرلەمان ستەمێکی گەورەیە
مەودا میدیا-

د. موسەنا ئەمین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی، سەبارەت بە ئاڵۆزییە سیاسییەکانی عیراق و پرسی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و  دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن، تایبەت بە مەودا میدیای قسەدەكات.

د.موسەنا ئەمین لە سەرەتای قسەكانیدا وتی "هەڵبژاردنی پەرلەمان، کە ئێستا ئەو هەموو کێشەیەی هێناوەتە ئاراوە، هەڵبژاردنێکی پێشوەختە بوو و لە ئەنجامی خۆپیشاندانەکان و هەڵوەشانەوەی کابینەی حکومەت هاتە ئاراوە، ئەنجامدانی دوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی یەک لەدوای یەک، لە کوێی دەستووردا هاتووە و چۆن پاساوی یاسایی بۆ دەدۆزرێتەوە؟ هەروەها ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیش لەلایەن دادگای باڵای عیراقەوە، پشتڕاست کرایەوە، بۆیە هەڵوەشانەوەی پەرلەمان لە دەسەڵاتی دادگادا نییە، چونکە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان یان ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، شێواز و رێکاری دەستووری خۆی هەیە. لە راستیدا، پەرلەمان جێگە و پێگەیەکی یاسایی و دەستووری تایبەتی هەیە، پەرلەمان هی گەلە و شوێنی نوێنەرانی گەلە، کەس ناتوانێت گەل هەڵوەشێنێتەوە. پاشان پەرلەمان دامەزراوەیەکی گەورەیە، دامەزراوە نادرێ بە دادگا، بەڵکو کەسەکانی ناو دامەزراوەکە دەدرێن بە دادگا. پەرلەمان فەرمانبەر و کارمەند نییە تاکو دادگایی بکرێت، چونکە کارمەند و فەرمانبەر دادگایی دەکرێن، نەک دامەزراوە.

"بۆ لە پەرلەمان چوونە دەرەوە"
سەبارەت بە پرسی هەڵوەشانەوەی پەرلەمان، د. موسەنا ئەمین رایگەیاند "ئەوانەی ئێستا داوای هەڵوەشاندنەوە و دادگاییکردنی پەرلەمان دەکەن، هەر خۆیان دوای هەڵبژاردنەکە، سەرکەوتنیان راگەیاند و خۆیان بە یەکەمی پەرلەمان نیشان دا، بەڵام پرسیار ئەوەیە، بۆ لە پەرلەمان چوونە دەرەوە؟
بە گوێرەی یاسا، پێویستە رێژەی یاسایی ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆ دەنگدان بە سەرۆک کۆمار، بگاتە دوو لەسەر سێ. واتە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان هەیە. دوای راسپاردنی گەورەترین فراکسیۆن بۆ پێکهێنانی حکومەت لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە، سەرۆک وەزیران پێویستی بە لەسەدا ٥١ ی دەنگەکان هەیە بۆ ئەوەی متمانەی پێ بدرێت. ئەوەشی ئێستا لە بەغدا روودەدات، لەگەڵ ئەوەی دەبوو بکرێت، دوو شتی زۆر جیاوازە. لە بنەمادا، خۆپیشاندان وەک فشارێک بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان و دەنگدان لەسەر پێکهێنانی حکومەت دەستیپێکرد. هەرچەندە بڕیار لەسەر کۆبوونەوەی پەرلەمان درا و لایەنەکان کاندیدای خۆیان دەستنیشانکرد، بەڵام رەوتی خۆپیشاندەران گۆڕا. ئەوەش پارادۆکسێکی گەورەیە کە رەوتی سەدر پێیوە سەرقاڵە.

"موقتەدا سەدر شەراكەت رەتدەكاتەوە"
لەبارەی شکستهێنانی هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت، د. موسەننا ئەمین ئاماژەی بەوەکرد "راستە رەوتی سەدر دەنگی یەکەمی هێنا، بەڵام نەیتوانی دەنگی دوو لەسەر سێی پەرلەمان بۆ پێکهێنانی حکومەت مسۆگەر بکات. سەدر خوازیارە خۆی حوکم بکات، بەڵام بەهۆی کەمیی کورسییەکانییەوە، ئەو حوکمکردنەی یاسایی و دەستووری نییە چونکە دوو لەسەر سێی دەنگەکانی مسۆگەر نەکرد و گەیشتنی بە دەسەڵات لە رێی دەستوورەوە، شکستیهێنا. تەنانەت لەکاتی دانوستانەکاندا، سەرۆک وەزیران و زۆرترین وەزارەتی بەردەکەوت، بەڵام حکومەتی شەراکەتی لەگەڵ لایەنەکانی تردا رەتکردەوە. ئەوەش لەکاتێکدایە سەدر ناتوانێت بە تەنیا حکومەت پێکبهێنێت".
لەبارەی سوکایەتیکردن بە پەرلەمان و ئەو ئاڵۆزییانەی ئێستا لە باڵەخانەی ئەنجومەنی نوێنەراندا دەکرێت، د.موسەننا ئەمین وتی "پەرلەمان جێگەیەکی گرنگە و شایانی رێزە، شکۆی هاوڵاتی و خەڵکی عیراقە. هەروەها سیمبولی یاسا و شکۆی دەستوورە. بۆیە شکاندنی شکۆی پەرلەمان، شکاندنی شکۆی خەڵکی عیراق و بێ حورمەتکردنی یاسایە.، هۆکاری ئەو سوکایەتییە بە پەرلەمان، تۆڵەکردنەوەیە، چونکە پەرلەمان و یاسا و دەستوور رێگەی نەدا بگەنە دەسەڵات".

لە راستیدا نەدەبوو رەوتی سەدر رێگە بەو سوکایەتییە بدەن، چونکە لە رابردوودا خۆیان لەوێ بوون و باسی ئەوەیان دەکرد زۆرینەی دەنگی پەرلەمانیان هەیە و جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە رەوتەکەی خۆیاندا بوو. هەروەها دواتر و لە ئەنجامدا، هەر دەبێ بگەڕێینەوە بۆ پەرلەمان و لەوێوە بڕیار لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان بدرێت. سوکایەتیکردن بە پەرلەمان، وەک پەڵەیەکی رەش بە نێوچاوانی سەدرییەکانەوە
دەمێنێتەوە. دوای کاراکردنەوەی پەرلەمان.

چۆن باسی سەروەری یاسا و شکۆی هاوڵاتی و شکۆی دەستوور دەکرێت؟
بۆیە سوکایەتیکردنی بە پەرلەمان، ئامانجدارە. بیرمان نەچێت رەخنەگرتن لە پەرلەمان، جیاوازە لە سوکایەتیکردن. ئەگەر سوکایەتیکردن بە پەرلەمان ئامانجدار نییە، بۆچی خۆپیشاندەران ناچنە سەر کۆشکی سەرۆک وەزیران، خۆ هەر چەند سەد مەترێک لێیەوە دوورە. سوکایەتیکردن بە سیمبولە یاسایی و دەستوورییەکان، ستەمێکی گەورەیە. تەنانەت ئەگەر لە ئەنجامی بەریەککەوتن و دروستبوونی ناکۆکییەکان کەسەکان بکوژرێن، سیمبولە یاسایی و دەستوورییەکان هەر دەمێننەوە، چونکە هی گەلە و گەلیش دەمێنێتەوە.

"هەوڵ و سەردانەكەی عامری گرنگە"
د. موسەنا ئەمین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی كوردستان، هەوڵەکانی هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتحی بۆ لای لایەنەکان بە گرنگ ناوهێنا و رایگەیاند "هەوڵەکەی لەکاتی خۆیەتی، چونکە هادی عامری بە هۆی ئەو پێگە سیاسییەی هەیەتی، لای لایەنەکان پەسندکراوە، هەروەها بیرۆکەکەیشی پەسندکراوە.

وتیشی "بیرۆکەکەیشی زۆر سادەیە، ئەویش ئەوەیە بۆ ئەوەی رێگە لە شەڕی خوێناوی لایەنەکان لەسەر شەقام بگیرێت، پێویستە لایەنەکان بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ. هەروەها لەبری بەکارهێنانی شەقام، لەسەر مێزی گفتوگۆ گوێ لە کەسانی شارەزا و لێوەشاوە بگیرێت و رێچارەکان تاوتوێ بکرێت، ئەوەشی ئاشکرا کرد "زۆربەی لایەنەکانیش پێشوازی لەو بیرۆکەیە دەکەن، چونکە پێیانوایە تەنیا کۆبوونەوە کێشەکان چارەسەر دەکات".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan