عارف قوربانی
كورد شۆڕشی له‌پێناو چیدا كرد؟
له ناحیەی قه‌راج كوردی تێدا نه‌ماوه، له كه‌ركوک چه‌ندین گه‌ڕه‌ک به زیاده‌ڕۆیی له‌لایه‌ن عه‌ره‌بی تازه هاورده‌وه دروستكراون، له داقوق هه‌ڕه‌شه له جووتیارانی كورد ده‌كرێت ده‌ستبه‌رداری زه‌وییه كشتوكاڵیه‌كانیان بن بۆ عه‌ره‌ب، له سه‌رگه‌ڕان به‌لێشاو عه‌ره‌ب ده‌هێندرێته سه‌ر گوندنشینه كورده‌كان و ده‌ستبه‌سه‌ر ماڵ و زهویوزاریاندا ده‌گرن، 90%ی كورده‌كانی سه‌عدییه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌كه‌وه دهربهدهركراون، 36 گوندی كوردنشینی خانه‌قین و 24 گوند له قه‌ره‌ته‌په و جه‌باره، 12 گوند له جه‌له‌ولا و 12 گوندی كوردی له سه‌عدییه چۆڵكراون.
له سێ مانگدا دوو هەزار خێزانی عه‌ره‌ب له خانه‌قین نیشته‌جێبوون، له 60 گوندی كوردنشینی سنووری مه‌خموور 50یان چۆڵكراون، 24 قوتابخانه‌ی كوردی كراونه‌ته عه‌ره‌بی و رێكخراوێكی فه‌ڵه‌ستینی له عه‌فرین پرۆژه‌ی نیشته‌جێبوون بۆ عه‌ره‌بی هاورده دروستده‌كات.
ئه‌مانه ناونیشانی به‌شێک له‌و راپۆرت و هه‌واڵانه بوون كه له ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوو تۆڕی میدیایی رووداو بڵاویكردوونه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر ده‌زگایه‌كی لێكۆڵینه‌وه یان هه‌ر ناوه‌ندێكی زانستی و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ر میدیاكارێكی به سه‌لیقه، له دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017ه‌وه بۆ ئێستا كۆی ئه‌و هه‌واڵ و راپۆرتانه‌ی په‌یوه‌ست به به‌ڕێوه‌چوونی سیاسه‌تی نوێی عیراق بۆ ته‌عریب و تهشهیوعی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان گرتوویه‌تییه‌به‌ر، كۆبكاته‌وه، ره‌نگه پێویستی به چه‌ند به‌رگی كتێبێک هەبێت بۆ تۆمار و بڵاوكردنه‌وه‌ی، به‌ڵام له به‌رانبه‌ر ئه‌م زوڵم و سته‌م و داگیركارییه‌دا ئه‌گه‌ر به‌دوای ناڕه‌زایه‌تی و كاردانه‌وه و رێكاره‌كانی كورددا بگه‌ڕێت بۆ به‌گژاچوونه‌وه‌ی ئه‌م سیاسه‌ته، هیچی وات به‌رده‌ست ناكه‌وێت.
كاتێک ئه‌و بابه‌ت و هه‌واڵانه ده‌خوێنمه‌وه و له بێده‌ربه‌ستی و بێهه‌ڵوێستی ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد له به‌غدا و له كوردستان راده‌مێنم، پرسیارێک به مێشكمدا دێت و له خۆم ده‌پرسم ئایا كورد له ساڵی 1961 شۆڕشی له‌پێناو چیدا ده‌ستپێكرد؟ یان به مانایه‌كی دیكه پاش ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی له سیستمی عیراق هاتنه ئاراوه و مهلهكییهت رووخێندرا و عیراق بووه كۆماریی، ده‌ستووری تازه نووسرایه‌وه، رێگه بۆ كاری سیاسی و دروستكردنی پارتی سیاسی كوردی كرایه‌وه، ده‌رفه‌تی ئه‌وه دروستبوو كورد به‌شداربێت له حوكمڕانی و عه‌بدولكریم قاسم ده‌ستیكرد به كۆمه‌ڵێک چاكسازی، بۆچی كورد له‌و هه‌لومه‌رجه یاخی بوون و ده‌ستیان دایه چه‌ك و به خه‌باتی چه‌كداری به‌گژ قاسمدا چوونه‌وه؟
ئایا له‌و 3 ساڵه‌ی نێوان رووخاندنی مهلهكییهت لە 1958 تاوەکو به‌رپابوونی شه‌ڕی چه‌كداری له 1961، چ زوڵم و سته‌مێكی جیاواز و تازه به‌رانبه‌ر به كورد كراوه كه پێشتر په‌یڕه‌و نه‌كرابێت وا كورد یاخی بوون؟ هه‌رچه‌ند لاپه‌ڕه‌كانی مێژووی ئه‌و 3 ساڵه ده‌خوێنمه‌وه 1%ی ئه‌و زوڵم و سته‌م و داگیركارییانه نابینم كه له 2017وه بۆ ئێستا به‌رانبه‌ر به كورد ده‌كرێت. ده‌پرسم باشه بۆچی كورد ئه‌وكات ئاماده‌بوو ده‌ست بداته چه‌ک و یاخی بێت و به‌گژ ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زی عیراقدا بچێته‌وه، به‌ڵام ئێستا نه‌ك یاخی بوون، ته‌نانه‌ت ناڕه‌زایه‌تیش له‌و داگیركارییانه ده‌رنابڕێت كه له ناوچه كوردستانییه‌كان له گه‌رمه‌سێره‌وه تاوەکو شنگال ده‌كرێت؟
له كاتێكدا ئێستا كورد له به‌غدا له ناوه‌ندی بڕیاردا نه‌ک هه‌ر به‌شداره، به‌ڵكو په‌یوه‌ست به رێگریی له پێشێلكاریی ده‌ستووری، تاكه بڕیارده‌ریشه. هه‌موو ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی له‌و ناوچانه به‌ڕێوه ده‌برێن هه‌موویان پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوورن و كورد پارێزه‌ری ده‌ستووره.
له هه‌رێمی كوردستانیش خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی ده‌ستووریی و یاسایی حوكمڕانییه‌كه و خاوه‌نی دوو هێزی چه‌كداریی پڕچه‌ک و چه‌ندین ده‌زگای ئه‌منی و سه‌ربازییه. به‌پێی ده‌ستووریی عیراقیش له چاره‌سه‌ری كێشه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی كوردستاندا له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌شداره. له به‌غداش به‌شی ئه‌وه پۆست و پێگه‌ی له دامه‌زراوه ده‌وڵه‌تییه‌كانی عیراقدا هه‌یه كه بتوانێت نه‌هێڵێت ئه‌م زوڵمه له‌سه‌ر كوردی ئه‌و ناوچانه به‌رده‌وام بێت. كه‌چی رۆژ له دوای رۆژ زوڵم و سته‌م و داگیركارییه‌كان زیاتر په‌ره‌ده‌سێنن.
ماوه‌یه‌كه زۆرترین قورسایی ته‌عریب له‌سه‌ر ناوچه‌كانی خانه‌قینه، د. فوئاد حوسێن به پله‌ی جێگری سه‌رۆکوه‌یرانی عیراق، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عیراقه و نوێنه‌رایه‌تی سیاسه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كات، یه‌كێكه له گوێلێگیراوهكان له ناوه‌نده‌كانی ده‌سه‌ڵات له به‌غدا، خه‌ڵكی خانه‌قینه، هیچ قسه و هه‌ڵوێستێكمان لێی نه‌بینی به‌رانبه‌ر به‌و سیاسه‌ته‌ی له به‌غداوه بۆ ناچاركردنی كورد بۆ چۆڵكردنی خانه‌قین گیراوه‌ته‌به‌ر.
د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عیراقه و نوێنه‌رایه‌تی سیاسه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیش ده‌كات له به‌غدا، به‌پێی ده‌ستووری عیراق تاكه پارێزه‌ری ده‌ستووره، هه‌موو ئه‌و داگیركاریانه‌ی بۆسه‌ر زه‌ویوزاری جووتیارانی كورد و گوندنشینانی کورد و گۆڕینی زمانی كوردی و هاتنی عه‌ره‌ب بۆ ناوچه‌كه به ئامانجی گۆڕینی دیموگرافیایه و دژی مادده‌ی 140ی ده‌ستوور و پێچه‌وانه‌ی چه‌ندین بڕگه و به‌ندی دیكه‌ی ده‌ستووری عیراقن. كه‌چی هیچ قسه و هه‌ڵوێستێكمان له‌م سه‌رۆكه كورده نه‌بینی بۆ راگرتنی ئه‌و سته‌مه‌ی له كورد ده‌كرێت.
له هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه هه‌ڵوێستی پارتی و یه‌كێتی، حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌كانی دیكه‌ی ده‌سه‌ڵاتداریی له كوردستان زۆر روونن كه ده‌ستیان گرتووه بهكڵاوهكانیانهوه تاوەکو با نه‌یبات.
دۆخی ناوچه كوردستانیه‌كانیش تادێت خراپتر ده‌بێت و رێژه‌ی هاتنی عه‌ره‌ب هه‌ر به‌رز ده‌بێته‌وه، كورد له‌سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆی ده‌رده‌كرێت، گونده كوردییه‌كان پڕكراون له ماڵی عه‌ره‌ب، له شاره‌كان خانووی كورد ده‌ڕوخێندرێت و رێگه به دروستكردنی گه‌ڕه‌كی زێده‌ڕۆی عه‌ره‌ب ده‌درێت، خوێندن له قوتابخانه كوردییه‌كان ده‌كرێنه‌وه به عه‌ره‌بی، كۆبۆنی خۆراک و نفوسی عه‌ره‌ب له شاره‌كانی خواروو و نێوه‌ڕاستی عیراقه‌وه ده‌گوێزرێته‌وه بۆ ئه‌م ناوچانه و كورد ناچار به جێهێشتنی خاكه‌كه‌ی ده‌كرێت. هه‌قه ئه‌و پرسیاره بكه‌ین ئه‌ی ئیتر كاتی خۆی كورد بۆچی شه‌ڕی چه‌كداری به‌رپاكرد؟
خ.غ