کوردستانی

سزای بڕینەوەی دار لە 200 هەزارەوە هەتا 200 ملیۆن دینارە

مەودا میدیا - سلێمانی |


سزای بڕینەوەی دار لە 200 هەزارەوە هەتا 200 ملیۆن دینارە
مەودا میدیا- رێبین ئەشرەف

بەهۆی هاتنی وەرزی زستان و گرانبوونی نرخی نەوتی سپی هاوڵاتییان روو لە بڕینەوەی دار دەکەن بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان بۆ مەبەستی گەرمکردنەوە، وتبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، دەڵێت "سزای مادی بڕینەوەی داری تەڕ لە 200 هەزارەوە هەتا 200 ملیۆن دینارە، بەپێی تەمەن و ژمارەی دارەکان، جگە لە سزای بەندکردن".

هێمن کەمەرخان، وتبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ مەودا میدیا رایگەیاند "لەگەڵ هاتنی وەرزی پایز ژمارەی مەفرەزەکانمان لە ناوچە شاخاوی و دارستانەکان زیادکردووە بۆ رێگری لە بڕینەوەی دار و درەخت"، وتیشی "بڕینەوەی داری سەوز سزای مادی و بەنکردنیشی لەسەرە، بەپێی تەمەن و ژمارەی درەختەکان سزاکان جیاوازە و لە 200 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات هەتا 200 ملیۆن دینار، هەتا تەمەن و ژمارەی دارە بڕدراوەکان زیاتر بێت سزای پێبژاردنەکەشی زیاترە، جگە لە سزای بەندکردن".

سەبارەت بە داری وشک یاخود ئەو دارانەی شکاونەتەوە و وشکبوون، رایگەیاند "بەکارهێنانی داری وشکبوو و ئەوانەی شکاون و وشکبوون ئاساییە ئەگەر مەفرەزەکانی پۆلیسی دارستان لەکاتی هێنانەوەیان ئاگاداربکرێنەوە، بەڵام بە مەرجێک دارەکان وشکبووبن و تەڕ نەبن، بە پێچەوانەوە سزای پێبژاردن و بەندکردنی لەسەرە".

هێمن کەمەرخان داواشی لە هاوڵاتییان کرد ژینگەی ناوچەکانیان بپارێزن، خۆیان بەدووربگرن لە بڕینەوەی دار بۆ ئەوەی دووربن لە سزای مادی و بەندکردن، وتیشی "ئێمە دەزانین نرخی نەوتی سپی گرانە، بەڵام ئەوە بەهانە نییە بۆ بڕینەوەی دار و وێرانکردن و لەناوبردنی دارستانەکان".

ر. ئ
Qaiwan
Qaiwan