عارف قوربانی
ژینا.. ده‌رفه‌تێك بۆ ژین نه‌ك بۆ مردن
له ماوه‌ی زیاتر له چل ساڵی رابردوودا كه كۆماری ئیسلامیی ئێران ده‌سه‌ڵاتی ئێرانی گرتووەته ده‌ست، له هه‌موو رێگه‌یه‌كه‌وه كورد ده‌كوژێت. به‌درێژایی ساڵانێكی زۆر به بیانووی خه‌باتی چه‌كداری كورده‌وه، له شار و گونده‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، كوردی كۆمه‌ڵكوژ ده‌كرد. له باشووری كوردستان به سه‌دان لاوخاسی كوردی رۆژهه‌ڵاتی تیرۆركرد به بیانووی ئه‌وه‌ی ئه‌مانه به‌رهه‌ڵستكاری كۆماری ئیسلامیی ئێرانن و سه‌قامگیریی ناوچه سنوورییه‌كان ده‌خه‌نه مه‌ترسییه‌وه.
له ناوخۆی ئێران به هه‌زاران گه‌نجی كورد خراونه‌ته ژێر په‌تی سێداره‌وه به پاساوی ئه‌وه‌ی كار له‌گه‌ڵ پارته كوردستانییه‌كان ده‌كه‌ن، یاخود به بیانووی ماده‌ی هۆشبه‌ره‌وه. مانگ نییه هه‌واڵی كوشتنی چه‌ند گه‌نجێكی كۆڵبه‌ری كورد نه‌بیستین كه ده‌بنه قوربانی په‌یداكردنی ژه‌مێك نانی ماڵ و منداڵیان. ده‌یان وێستگه‌ی مێژوویی هه‌ن كه ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران به به‌رچاوی خوا و كۆمه‌ڵكه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و گه‌لانی ئێرانه‌وه، گه‌نج و لاو و ژن و منداڵی كورد ده‌كوژن و كه‌سیش له‌سه‌ریان به‌ده‌نگ نایێت.
به‌ڵام له رووداوێكی چاوه‌ڕواننه‌كراودا هه‌فته‌ی رابردوو خێزانێكی كوردی شاری سه‌قز كه به‌سه‌ردان ده‌چنه تاران، پۆلیسی تاران به پاساوی (نه‌گونجاوی باڵاپۆشییهكهی) كچه ته‌مه‌ن 22 ساڵانه‌كه‌یان ده‌ستگیرده‌كه‌ن و به‌هۆی ئازاردانی جه‌سته‌یی و ده‌رونییه‌وه كچه‌كه گیان له‌ده‌ستده‌دات. بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی مه‌رگی ژینای ته‌مه‌ن 22 ساڵ، بووه گڕكان و له زۆربه‌ی شار و شارۆچكه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێران به‌ڕووی ده‌سه‌ڵاتداراندا ته‌قینه‌وه. ئه‌وه‌ی ئێستا له ئێران ده‌گوزه‌رێت یه‌كه‌م جاره له مێژووی ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی‌دا، له به‌رانبه‌ر كوشتنی كوردێكدا ناڕه‌زایی و خۆپێشاندانی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه به‌دوای خۆیدا بێنێت.
ئه‌مه خاڵێكی گرنگه فارس، ئازه‌ری، بلوج و عه‌ره‌ب له‌سه‌ر كوشتنی كه‌نیشكه كوردێك له سه‌رتاسه‌ری ئێران دژ به ده‌سه‌ڵات هاتوونه‌ته سه‌ر شه‌قام. له زۆربه‌ی وڵاتانی رۆژئاواش ره‌وه‌ندی ئێرانی پێكه‌وه له به‌رده‌م باڵیۆزخانەكانی ئێران‌دا ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن. هۆكاره‌كه‌ی روونه، كورد واته‌نی (جام پڕبوو لێی ده‌ڕژێت). جه‌ور و سته‌می ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران به‌رانبه‌ر گه‌لانی ئێران و سه‌ركوتكردن و برسیكردنی خه‌ڵك گه‌یشتووەته لووتكه. هه‌لومه‌رجی ناوخۆیی وڵاته‌كه چاوه‌ڕوانی ده‌رفه‌تێك بوو بته‌قێته‌وه، مه‌رگی ژینا ئه‌و ته‌ڵه شقارته‌یه بوو كه پێویستبوو بۆ كردنه‌وه‌ی مه‌شخه‌ڵه‌كه، به‌ڵام بۆ كورد بیری وردی ده‌وێ كه مه‌رگی ژینا بكاته ده‌رفه‌ت بۆ ژیان نه‌ك بۆ مردن.
به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئێران خه‌ریكه ده‌ستی ده‌گاته چه‌كی ئه‌تۆم و له‌گه‌ڵ ئه‌مەریكا و ئیسرائیل و رۆژئاوا به چركه‌ساتی زۆر هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕێت، له‌م كاته‌دا ته‌قینه‌وه‌ی كێشه ناوخۆییه‌كانی، به راسته‌وخۆ ده‌به‌ستێته‌وه به كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ رۆژئاوا. بۆیه بۆ كورد دۆخێكی ئێجگار هه‌ستیاره و ده‌بێت پارته كوردستانییه‌كان بۆ هه‌ر هه‌نگاوێك نه‌ك دووجار، پێویسته ده‌جار بیربكه‌نه‌وه. له میدیا و له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ئه‌وانه‌ی ته‌نیا به سۆزه‌وه له رووداوه‌كان ده‌ڕوانن، ره‌نگه گوشاری زۆر بخه‌نه سه‌ر هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان له رۆژهه‌ڵات و هان و دنه‌یان بده‌ن به‌وه‌ی شه‌ڕ و كوشتار بخه‌نه شاره كوردستانییه‌كانه‌وه، ئه‌گه‌ر دۆخی ئێران به‌م شێوه‌یه به‌رده‌وامبێ دوور نییه هێزی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیش ئه‌م داوایه له پارته كوردستانییه‌كانی رۆژهه‌ڵات بكه‌ن و به چركه‌ساتی راپه‌ڕین و رزگاركردنی رۆژهه‌ڵات وێنای بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌مه رێگە راسته‌كه نییه كه پێویسته كورد بیگرێته‌به‌ر.
یه‌كه‌م شت كه گرنگه و ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی حزبه سیاسییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه ده‌بێت ئاگایان له‌وه‌بێت ئه‌م ناڕه‌زاییه گشتییه‌ی دروستبووه بۆ به‌رگری له ئازادی، وێناكه‌ی نه‌گۆڕێت بۆ خواست و كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی. واتە تێكه‌ڵ به كێشه‌ی كورد و ماف و داخوازییه‌كانی كورد نه‌كرێت، چونكه ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌كه بگۆڕێت بۆ مه‌سه‌له‌ی كوردبوون، ئه‌وه هاوشێوه‌ی كۆی ئه‌و سته‌م و تاوانكارییانه‌ی دیكه كه به‌رانبه‌ر به كورد ئه‌نجامدراون و هیچ كام له نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی ئێران به كێشه‌ی خۆی نه‌زانیووه، ئاكامی ئه‌م رووداوانه‌ش به‌و ده‌رده ده‌چێت.
پێویسته ئه‌وه له‌به‌رچاو بگیرێت كاردانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات پاش چه‌ند رۆژێكی دیكه زۆر تووندوتیژ ده‌بێت، ئێستا به‌هۆی كۆبوونه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و له‌به‌رئه‌وه‌ی ره‌ئیسی له ئه‌مەریكا بوو، نایانه‌وێ زۆر بكه‌ونه به‌ر لۆمه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، به‌ڵام دوایی تووندوتیژی زۆر زیاتر دەبێت لەلایەن حکومەتەوە.
بۆیه بۆ هه‌ر ئه‌گه‌ر و پێشهاتێك گرنگه كێشه‌كه كێشه‌ی گه‌لانی ئێران بێت، وه‌ك چۆن ئێستا ناڕه‌زایی و خۆپیشاندانه‌كان مۆركی هیچ پێكهاته‌یه‌كی دیاریكراوی به‌سه‌ره‌وه نییه، ده‌بێ كورد وریای ئه‌وه‌بێت كاردانه‌وه‌كانی ده‌سه‌ڵات ته‌نیا رووی له كورد نه‌بێت، كه دوور نییه ده‌وڵه‌ت خۆی به چه‌ندین سیناریۆ بیه‌وێ بیگۆڕێت بۆ كێشه‌ی نه‌ته‌وەیی و تۆمه‌تباریشیان بكات به‌وه‌ی ده‌ستی ئه‌مەریكا و ئیسرائیل له پشتی ئه‌م رووداوانه‌یه و به‌تووندی بیه‌وێ تۆڵه له كورد بكاته‌وه.
نابێت كورد پێش رووداوه‌كان بكه‌وێت، لێره‌دا ئه‌وه‌ی گرنگه خۆئاماده‌كردنه بۆ په‌ره‌سه‌ندنی رووداوه‌كان و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دێته پێشەوە. پارته‌كانی رۆژهه‌ڵات له هه‌موو رووداوه‌كانی چه‌ند ده‌یه‌ی سه‌ده‌ی رابردوو، له‌م بیست ساڵه‌ی رابردووش‌دا تائێستا باشیان هێناوه، ئه‌م رووداوه‌ش تاقیكردنهوهیهكهی دیكه‌یه بۆیان تاوەکو چه‌ند ده‌توانن به‌جۆرێك مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ رووداوه‌كان بكه‌ن له ئه‌گه‌ری په‌ره‌سه‌ندن و سه‌ركه‌وتنیدا بیكه‌نه ده‌رفه‌تی ژیانێكی نوێ بۆ كۆمه‌ڵی كوردهواری و له ئه‌گه‌ری شكستدا شاره كوردییه‌كان رووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵكوژی و جینۆساید نه‌بنەوە.
خ.غ