کوردستانی

وەڵامێکی تووند لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە بۆ وەزیری نەوتی عیراق

مەودا میدیا - سلێمانی |


وەڵامێکی تووند لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە بۆ وەزیری نەوتی عیراق
مەودا میدیا-

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم وەڵامی وەزیری نەوتی عیراق دەداتەوە و داوادەكات لێكۆڵینەوە لە كۆی پرۆسەی نەوتی عیراق بكرێت.

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی کوردستان كە وێنەیەكی دەست مەودا میدیا كەوتووە و تێیدا هاتووە، وەزیری نەوتی حكومەتی كاربەڕێكەری عیراق، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی (ئەلعیراقییە)، بۆ جارێكی دیكە لە باسكردنی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان، رای گشتی بەلاڕێدا دەبات و هەوڵی ئەوە دەدات راستییەكان بشێوێنێت، لە كاتێكدا پێشێلكاری و نایاسییەكی زۆر لە دۆسیەی نەوت و گازی عیراقدا ھەیە، هەر لە گۆڕینی گرێبەستەكانی نەوت بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بگرە، تا بە هەدەردانی ملیۆنان دۆلار لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆ لە فرۆشتنی نەوت و دیارنەمان و بە هەدەردانی نەوت و چەندین دۆسیەی دیكە.

ئاماژە بەوەشکراوە، هەرێمی كوردستان بەبێ ئەوەی ھیچ بارگرانییەك لە سەر بودجەی گشتیی عیراق دروستبكات و بەھۆی سیاسەتێكی حەكیمانەوە و بەپێی مافە دەستووریەكانی، توانیویەتی بە راكێشانی وەبەرهێنانی دەرەكی، پەرە بە بەرهەمهێنانی نەوتدا بدات كە لە بەرژەوەندیی گشتیی خەڵكی عیراق بووە و كۆی گشتیی پرۆسەی نەوت و گازی كوردستان و داهاتەكەشی، لە ژێر چاودێری و وردبینیی یەكێك لە كۆمپانیا بەناوبانگەكانی جیهان لە بواری وردبینییەوەیە كە ئەویش كۆمپانیای دیلۆیتە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، قسەكانی وەزیری نەوت، ناتوانێت ئەو راستییە بشارێتەوە كە ساڵانە بە بودجەی زیاتر لە 12 ملیار دۆلار لەسەر حسابی خەڵكی عیراق و هەرێمی كوردستان كە تەنانەت بە خەرجیش هەژمار ناكرێت و لەو دوازدە ملیار دۆلارەش بەشی هەرێمی كوردستانیش بۆ خۆیان خەرجدەكەن، سەرەڕای ئەوەی زۆربەی هەرە زۆری كێلگە زەبەلاحەكانی باشووری عیراق لە سەردەمی حكومەتەكانی پێشوو دۆزراونەتەوە، كەچی ئاستی بەرهەمهێنانیان تەنها بە بڕی یەك ملیون بەرمیل زیادیكردووە، لە كاتێكدا بەپێی قسەكانی وەزارەتی نەوتی عیراق خۆی، دەبووایە ئێستا رۆژانە 10 ملیۆن بەرمیلیان بەرهەمهێنابووایە.

باس لەوەشکراوە، ئێمە لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان تۆمەتەكانی وەزیری نەوتی عیراق سەبارەت بە جیاوازیی نێوان گرێبەستەكان و بڕی دەرهێنراوی كێڵگەكانی نەوتی هەرێم رەتدەكەینەوە، هەروەك چۆن بڕیارە نادەستوورییەكەی دادگەی فیدراڵی عیراقیش دژی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان بە بڕیارێكی سیاسی دەزانین كە مەبەست و مەرامەكەی گوشار خستنە سەر هەرێمی كوردستان و بودجە و بژێوی خەڵكی هەرێمی كوردستانە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان راشیدەگەیەنێت "ئێمە بە مافی خۆمان دەزانین كە لێكوڵینەوە لە كۆی گشتیی پرۆسەی نەوتی عیراق بكرێت و چیتر پەلاماردانی هەرێمی كوردستان، بۆ پەردەپۆشكردنی دۆسییە ناشەفافەكانی نەوتی عیراق بەكار نەهێندرێت".

ر. ئ

Qaiwan
Qaiwan