کوردستانی

"داوای دەستبەجێ راگرتنی بۆردوومانەکان دەكەین"

مەودا میدیا - سلێمانی |


"داوای دەستبەجێ راگرتنی بۆردوومانەکان دەكەین"
مەودا میدیا-

سەرۆكی یەكێتی نیگەرانی لەبارەی بۆردوومانەكانی ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەردەبرێت و دەڵێت "پێشهاتێكی مەترسیدار قوڵایی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و داوای دەستبەجێ راگرتنی دەكەین".

بافڵ جەلال تاڵەبانی، ‌‎سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، بەنیگەرانییەكی زۆرەوە لە بۆردوومانەكانی ئەمڕۆی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان دەڕوانین كە چەندین شەهید و برینداری لێكەوتووەتەوە و دەیان خێزانیش ئاوارەبوون. ئەمە پێشهاتێكی ترسناك و مەترسیدارە كە قوڵایی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و داوای دەستبەجێ راگرتنی دەكەین.

‌‎بافڵ جەلال تاڵەبانی دەشڵێت "هیچ پاساوێك بۆ ئەم سنووربەزاندنە نییە و مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر ئارامی و ئاسایشی هەرێم و عیراق. داواكارین خاكی هەرێمی كوردستان بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشە سیاسی و سەربازییەكان بەكارنەهێنرێت و هاوڵاتییان نەكرێنە قوربانیی ململانێكان. داواكارین هەموولایەك خۆڕاگربن و گفتوگۆ بكەنە بنەمای چارەسەركردنی كێشەكان".

سەرۆكی یەكێتی داواش لە حكومەتی عیراق دەكات ‌‌ئەرك و بەرپرسیارێتیی خۆی لە پاراستنی خاكی عیراق و هەرێم جێبەجێ بكات و "سەروەریی وڵات بپارێزێت و رێگری لە پێشێلكاری و چەندبارەبوونەوەی هێرشەكان بكات".

‌‎هەروەك وێڕای گەیاندنی پرسە و هاوخەمی قووڵ بۆ كەسوكاری شەهیدان و هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداران بافڵ جەلال تاڵەبانی دەڵێت "وەك ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانیی خۆمان، هەموو دامەزراوە پەیوەندیدارەكانمان راسپاردووە بە دڵسۆزییەوە ئەركەكانیان رابپەڕێنن و لەخزمەت هەموواندا بن".

لە كۆتاییشدا سەرۆكی یەكێتی دووپاتیدەكاتەوە "دەمەوێت هەموولایەك دڵنیابكەمەوە بەئامانجگرتنی هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان و تێكدانی سەقامگیریی خاكەكەمان هەرگیز لەیادناكەین و ڕشتنی خوێنی خەڵكەكەمان لەبیرناچێتەوە".

ر. ئ
Qaiwan
Qaiwan