ئازاد جندیانی
رۆژی جاڕدانی نێودەوڵەتیی داگیرکردنی کوردستان
ئەمڕۆ (3ی ئۆکتۆبەری 2022)؛ ساڵڕۆژی بە ئەندامبوونی دەوڵەتی عیراقە لە کۆمەڵەی گەلان.
(3ی10ی 1932)، کە هاوکاتی کۆتاییهاتنی ماندێتی (ئینتیداب)ی بەریتانیایە بەسەر دەوڵەتی دروستکراوی پاشایەتیی عیراق؛ کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان؛ ئیدی لەو رۆژەوە سەروەریی وەدەستهێنا و بوو بە دەوڵەتێکی تەواو سەربەخۆ، بەڵام ئەو بۆنەیە بۆ کورد لە باشووری کوردستان و بگرە بۆ تەواوی کوردستان، رۆژێکی رەشە؛ چونکە بوونی عیراق بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ و سەروەر و دانپیانراو لەلایەن کۆمەڵەی گەلانەوە؛ ئیدی ئەمە بە مانای رەوایەتیی بەخشینی (ناڕەوای) نێودەوڵەتی بوو بە داگیرکردنی ئەم بەشەی کوردستان (باشوور) و ئیدی لەوە بەدواوە دەرگا لەسەر هەموو هەوڵ و داخوازیێکی کورد بەتەواوی داخرا؛ کە وەک نەتەوە و نیشتمانێکی داگیرکراو داوای مافی سەروەربوونی خۆی بکا.
نەک هەر هێندە، ئیتر لەناو ئەو دەوڵەتەدا و بە پشتیوانیی بەریتانیا و دواتر زلهێزەکانی تریشەوە؛ هەموو هەوڵێک چ بە نەرمی و چ بە ئاگر و ئاسن و کوشتاریشەوە درا، تا کورد؛ داگیرکردن و ژێردەستەبوون وەک قەدەرێکی سەپێنراو و چەسپاوی نێودەوڵەتی قبووڵ بکات و رێی توانەوە لەناو نەتەوەی عەرەبدا (لە بەشەکانی تریشدا، لەناو نەتەوەکانی فارس و تورک) بە تاکە رێگەی قبووڵکراو ببینێ، بەڵام خۆشبەختانە، کورد بە هەموو شێوازەکانی بەرەنگاری و بەرخۆدان، تا ئەم ساتەوەختەش، ئەو قەدەرەی رەتکردەوە؛ هەرچەندە بە زۆر دۆخی توندوتیژ و خوێناویشدا تێپەڕیوە.
لێرەدا؛ ئەبێ ئاماژە بەوەش بدەم، لە رێكکەوتنی (لۆزان )ەوە؛ کە بەهۆیەوە (سیڤەر) هەڵوەشایەوە و دواتریش بەریتانیا و کۆمەڵەی گەلان لە (1926)دا، لە سیناریۆیەکی گوماناویدا، ویلایەتی موسڵیان بە دەوڵەتی دروستکراوی عیراقەوە لکاند و گرێ دا؛ کە هەموو باشووری کوردستان بە کەرکوکیشەوە، بەشێک بوو لە ویلایەتی موسڵی عوسمانی، بەڵام بەدەر لە کێشەی موسڵیش، ناوچەکانی خانەقین و گەرمەسێر بە قازانجی عیراق یەکلاببوونەوە؛ چونکە ئەو ناوچانە (خانەقین و گەرمەسێر) سەر بە ویلایەتی بەغدای عوسمانیی بوون و بەشێک نەبوون لە دۆسیەی (کێشەی موسڵ)، کە لەنێوان بەریتانیا و تورکیادا ماوەیەکی زۆر کێشمەکێش و هەروەها دانوستانی لەسەر بوو.
لەڕاستیدا، لەو مێژووەوە زەمینەسازیی بێبەشکردنی کورد (باشوور) کرابوو، تا لە هەموو ئەو مافانە بێبەش بکرێ؛ کە لە (سیڤەر)دا هاتبوون، بەڵام دواجار؛ کە دەوڵەتی پاشایەتیی عیراق؛ بە جوگرافیای ئێستایەوە، بەفەرمی وەک دەوڵەتێکی سەروەر دانی پێدا نرا؛ ئیتر کورد (باشوور) تا دوای پتر لە حەفتا ساڵ؛ لە هەموو رەهەندە جیاجیاکانەوە لەژێر جەور و ستەمی داگیرکردندا بوو، بەڵام وەک جاری تریش گوتوومە؛ ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان (25ی 9ی 2017) تیۆرییەکی نوێی سەربەخۆیی باشووری کوردستانی بەرهەمهێنا؛ کە تەفسیرکردنەکانی ئەوانی دیكەی هەر لە (کۆمەڵەی گەلان) و (بەریتانیا) و (دەوڵەتی عیراقی ئەوساوە) تا تەفسیرەکانی ئێستای نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوشێوەکانی و عیراقی ئێستا و بەریتانیا و ئەمەریکا و زلهێزەکانی دیكەی دنیا و ناوچەکە رەتکردەوە و بە هەمووانی وت "ئیتر کورد خۆی بۆی هەیە مافەکانی خۆی تەفسیر و پێناسە بکات، نەک ئەوانی دیکە".
بۆیە؛ ئەمڕۆ (3ی10) بۆ کورد بیرهێنانەوەی رووداوێک و رۆژێکی شووم و تاریک و نەگبەتە و کەسیشمان ناچارنین لە دەرەوەی بۆنەیەکی کارەساتباردا یادی بکەینەوە. من خۆم بیرهێنانەوەی ئەو رووداوە؛ وەک سەرلیستی رووداوە تراژیدییەکانی نەتەوەکەم هەژماردەکەم و هەر ئەوەندە بە رەوای خۆم دەبینم، کە نەفرەتی لێ بکەم؛ چونکە ئەمە تۆماری داگیرکردنێکی نوێی چەشنی دڕندانەیە؛ لە بابەتی تیۆرییەکەی مامۆستا بێشکچی؛ کە ئەو ستایلە لە داگیرکردن بە کۆلۆنیالزمی نێودەوڵەتی ناودێرکردووە.
ئەمە هیچ پەیوەندی و رایەڵێکی ئەخلاقی بۆ منی کورد و تۆ و ئەوانی دیكەی کوردەوە تێدا نییە؛ چونکە ئەمە رۆژی جاڕدانی داگیرکردنی کوردستانە.
خ.غ