نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

کەمیی رێژەی ژنان لە بواری سیاسەت و ناوەندەکانی بڕیاردا

هەرچەندە لەم سەردەمی پێشکەوتنەدا بابەتی زۆر دەنووسرێت دەربارەی ژن و گرنگیی بەشداریپێکردنیان لە گەشەی کۆمەڵایەتیدا، هەروەها لە رووی بەرزکردنەوەی ئاستی دادپەروەری و بەدەسهێنانی مافەکانیانەوە، توانراوە تا رادەیەک بۆچوونەکانی خۆیان بسەپێنن و زۆرێکیش لە داواکارییەکانیان بوون بە یاسا، بەتایبەت لە وڵاتە رۆژئاواییەکان کە هەنگاوی زۆر زیاتریان ناوە بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی جیهانی سێ، بەڵام سەرەڕای ئەمانە، لە ئاستی سیاسیدا، ژمارەی ژنان زۆر کەمترە بەراورد بە ژمارەی پیاوان، بەتایبەتی لە وڵاتانی جیهانی سێ، بۆیە دەتوانین بڵێین کێشەکە تەنیا لە بوونی یاسا و واژووکردنی رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکاندا نییە، بەڵکوو زۆر لەوە گەورەترە و پەیوەندی بە چەندین هۆکاری ترەوە هەیە، لەوانە: کۆمەڵگە و دابونەریتەکان، ئایین، روانگەی پارتە سیاسییەکان، سیستمی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و خودی ژن خۆشی... لە زۆربەی وڵاتانی دنیا هێشتا سیستمی پیاوسالاری زاڵە، ئەمەش وای کردووە ژنان لە ناوەندی بڕیاردا کەم دەبینرێن و ئەگەر بوونیشیان هەبێت؛ ئەوا بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن. لە لایەکی تریشەوە، کۆمەڵگە ئاشنا نەبووە دەموچاوی ژنان لەو ناوەندە گرنگانەدا ببینێت و باوەڕیشیان وایە کە ژن کەمتواناترە لە پیاو، بۆیە رێگە نادەن کێبڕکێ بکرێت و پیاوان واز لە پۆستەکانیان ناهێنن بۆ ژن. لای هەندێک توێژیش بە نەنگیی لە قەڵەم دەدرێت ئەگەر ژن ئەرکە باوەکانی واز لێ بهێنێت و بۆ راپەڕاندنی ئەرکە گشتییەکان خۆی تەرخان بکات، کە پێشتر تەنیا بۆ پیاوان بووە. هەروەها دەڵێن ژن سۆزدارتر و بەبەزەییترە و ناتوانێت بڕیاری قورس و توند بدات.

لەناو پارتە سیاسییەکاندا، ژن وەک بەرپرسی یەکەم دەگمەنە و لەناو دامەزراوەکانیشدا ژمارەیان زۆر کەمە و ئەگەر هەشبن، کاربەڕێکەرن زیاتر لەوەی بڕیاردەر بن. لە هەندێک وڵاتیش بوونی ژنان لەناو دامەزراوەکانی پارتە سیاسییەکان وەک کارێکی نامۆ سەیر دەکرێت. سڵلێبوونەوەیەکی ئاشکرا هەیە کە ژنان دوور دەکەونەوە لە کاری سیاسی و رەنگە کارکردن لەناو دەوڵەت پەسەندتر بێت بەلایانەوە، ئەمەش دەبێتە هۆکارێک کە ژنان نەتوانن کێبڕکێی سیاسی بکەن لەگەڵ پیاواندا و بەئاشکرا لەو نێوەندەدا ژمارەیان کەمترە لە پیاوان.  

لە کاتی پێکهێنانی حکومەت، بۆ پۆستە گرنگ و باڵاکان بەدەگمەن بیر لە ژن دەکەنەوە، چونکە دیسانەوە بەشی زۆری پیاوانی دەوڵەت و حکومەت، بیرکردنەوەی پیاوسالاری زاڵە بەسەریاندا، ئەگەرچی لە رواڵەتدا هەندێک جار وا دەرناکەون، بەڵام لە راستیدا ناتوانن واز لەو بیرکردنەوانە بهێنن، بۆیە پۆستە باڵا و گرنگ و کاریگەرەکان لەسەر سیاسەتی دەوڵەت، بەشی زۆریان دەدرێن بە پیاوان، بەتایبەت لە وڵاتانی جیهانی سێیەم، پۆستە کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەکانیش بە ژنان دەسپێرن، ئەگەر بوونیان هەبێت.

هۆکارەکانی کەمیی ژنان لە ناوەندەکانی کاری سیاسیدا زۆرن، سەرەکیترینیان بیرکردنەوەی زۆربەی ژنان خۆیانە، لەوانە: 
- هەندێک ژن هەن، وا بیر دەکەنەوە سیاسەت (یارییەکی گەندەڵە)، بۆیە زیاتر بەرەو رێکخراوە مەدەنییەکان دەڕۆن، بۆ نموونە؛ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، نزیکەی 230 رێکخراوی ناحکومی لەلایەن ژنانەوە سەرپەرشتییان دەکرێت و نزیکەی 10 ملیۆن ژن ئەندامن تێیاندا.
- کەمیی باوەڕبەخۆبوون لەوەی ناتوانن بەرپرسیارێتی لە ناوەندی دەسەڵات و پێگەی بڕیارداندا وەربگرن، هەر بۆ نموونە؛ بەپێی راپرسییەک لە ئەمەریکا، لە سەدا حەفتا و پێنجی ژن باوەڕیان بە تواناکانی ژن نییە بۆ وەرگرتنی پۆستە گرنگەکان و ئیدارەدانی، لە وڵاتانی جیهانی سێ  ئەمە خراپترە، بۆیە دەبینین ژنان بۆ پۆستە گرنگەکان زیاتر دەنگ بە پیاوان دەدەن ئەگەر هاتوو دەنگدان هەبوو.
- لە هەندێک ناوەندی سیاسی و حکومی، ژنان تووشی گێچەڵی سێکسی دەبنەوە، لەبەر ئەوە هەندێک لە ژنان هەوڵ دەدەن دووربکەنەوە لە ترسی کۆمەڵگە و باری خێزانییان، چەند بەهێزیش بن، ترسەکە زاڵ دەبێت بەسەریاندا.
- بەهۆی سەرقاڵبوونی بە کاری ناوماڵ و پەروەردەکردنی منداڵ، کەمتر کاتیان هەیە بۆ بەشداریی سیاسی و دەزگاکانی دەوڵەت، چونکە ئەو ئەرکانە کاتێکی زۆریان دەبات و فریای ئەرکە قورسەکان و کارەکانی ناوەندەکانی دەوڵەت و سیاسەت ناکەون.
- کەمیی سەرمایەی دارایی لە دەستی ژندا، هۆکارێکی ترە لە گەیشتنی ژنان بە پۆستی گرنگ.
- لە زۆربەی دەوڵەتانی جیهانی سێ؛ خزمەتگوزاریی گلدانەوەی منداڵ و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی ئەرکی ماڵ زۆر کەمە.
- ژنان دیسانەوە بەهۆی کولتوور و دابونەریتەوە کەمتر دەچنە ناو پیاوان و لە دەرەوەی کاتەکانی کار، کەمتر بەشداریی گفتوگۆی سیاسی دەکەن.
- بواری خۆپەروەردەکردنیان لە پیاوان کەمترە...
ئەمانە و چەندین هۆکاری تر، وا دەکەن ژنان دوور بن لە ناوەندەکانی بڕیاری سیاسی.
 
 
* ئەم وتارە، یەکێکە لە زنجیرەیەک وتار کە نووسەر لەبارەی (مێگەرایی)یەوە دەینووسێت.
 
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan