نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

چاوەكان كوێربوون و كەركوكیش هەر رووناكی دەبەخشێ

چەندین نەوەی دوژمندارانی كەركوك هاتن و رۆیشتن و كەركوكیش هەر لە جێگەی خۆی ماوە، ئەمە راستییەك دەسەلمێنێ‌: ئەو چاوانەی بەناحەق لەسەر كەركوكن و دەیانویست ناسنامەكەی بدزن كوێربوون، كەچی لای كورد كەركوك هەر قودسی كوردستانە و سەرەڕای بوونی كێشەی زۆری بۆ دروستكراو، بەڵام كوردستان دەستبەرداری كەركوك نەبووە و ناشبێت.

رژێمی بەعس بە بەرنامە و بۆ ماوەی زیاتر لە سی ساڵ سیاسەتی تەعریب و تەبعیسی لەسەر كەركوك تاقیكردەوە، ناوی شەقامەكانی دەگۆڕێ‌ و وێنەی سەدامی لەسەر دیوارەكان دەنەخشاند، بەرگی هەر كتێبێكت هەڵبدایەتەوە وێنەی سەرۆكی فەرماندە سەدام حسێنی لەسەر بوو، تەنانەت مەڕ و مریشكی لە وڵاتانی عەرەبییەوە دەهێنا، فەلەستیینەكانی دەكردە سەرباز و كوردی پێدەكوشتن، كەچی نەیتوانی ئاواز و دەنگی مەقامێكی شوكر خەیات و گۆرانییەكی سەڵاح داودە و عەلی مەردان لە گوێچكەی كوردی رەسەنی ئەو شارە دەربهێنێ.

سی ساڵ سیاسەتی تەبعیس نەبووە هۆكاری ئەوەی كوردی كەركوك موطنی لە دڵەوە بڵێتەوە، كەچی هەزاران كورد هەبوون بە دزییەوە گوێیان ئەی رەقیب دەگرت، بۆ مامە ریشە دەگریان و گۆرانییەكانی ئازاد هەورامییان دەوتەوە.

بەعسی سەدام و عیراق دیكتاتۆریەتیان تێپەڕاند و سیاسەتێكی تۆتالیتاریانەیان لەسەر كورد تاقیكردەوە، ئەمە نەك هەر كوردی نەترساند، بەڵكو لە وەڵامی بەعسدا شۆرشی كورد بڵێسەی سەند و پێشمەرگە دەچوو لەناو كەركوكدا بەعسییە دڕندەكانی سزا دەدا.

لە پاڵ چەك و قەڵەمدا وەكو دروشمی یەكێتی و شۆڕشی نوێ بوو، هونەر و یادگارییەكانی ناو ماڵانی كەركوكیش ئیشی خۆیان دەكرد، ئەوان دەیانوت مادام تەلەفزیۆنەكانی بەعس هەر دەیانەوێ گوێ لە گۆرانیبێژەكانی بەعس بگرین، ئێمە پێچەوانەی ئەوە دەكەین و شاباشی دەنگی سەڵاح داودە دەكەین، لە رۆژی شەهیدبوونی مامە ریشەیشدا جلی رەش لەبەر دەكەین، مادام یادكردنەوەی نەورۆزیش قەدەغەیە، ئێمە لە دڵماندا یادی ساڵی نوێی كوردی دەكەینەوە.

سی ساڵ بەعس چی كرد، هەر نەیتوانی رووناكیی كەركوك لە دڵی كەركوكییەكاندا بكوژێنێتەوە، راپەڕین هات و چاوی بەعسییەكان كوێربوون و كەركوك ئازادكرا، ئێستایش كە بارودۆخەكە خراپە لەو شارە، هیوا هەیە و كاریش دەكرێ بۆ گەڕانەوەی كەركوك بۆ سەر نەخشەی كوردستان، رووناكیی كەركوك ناكوژێتەوە.