نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

پیلان لە خانووە كۆنەكانی كەركوك

لە شاری كەركوكی كوردستان ژمارەیەكی زۆر خانووی كۆن هەیە هاوشێوەی شارەكانی دیكە، بەگوێرەی زانیارییەكانی ماڵپەڕی كەركوك ناو لە بارودۆخێكی فەرامۆشیدان، تەمەنی هەندێكیان نزیكەی 150 ساڵە و هەشیانە مێژووی دروستكردنی بۆ 100 ساڵ دەگەڕێتەوە، ئەمە هاوشێوەی نەوت سەرمایەیەكی گرنگە، لە وڵاتانی پێشكەوتوو بەشێوەیەكی رێكوپێك نۆژەن دەكرێنەوە و وەكو پرۆژەی گەشتیاری بەكاردەهێنرێن، بەداخەوە لە كوردستان ئەو مێژووە گرنگە فەرامۆشكراوە.

مێژووی شاری كەركوك بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو خانووە فەرامۆشكراوانە، باب و باپیرانی چەند نەوەی ئێستای شارەكە بەدەستی خۆیان ئەو خانووانەیان دروستكردووە و بەسادەیی تیایدا ژیاون، جەوری زەمانەش نەیتوانیوە ژیانیان تێكبدات، ستەمی زۆریان لەسەر بووە، بەڵام چونكە رۆحیان نووسابوو بە خاكی رەسەنی خۆیانەوە، لەسەر ئەو خانووە قوڕانە دەشكوژران، كەچی خانوو و ژیانیان نوێ دەكردەوە و ناسنامەی خۆیان و نەتەوەكەشیان پاراست.

بۆ پاراستنی ناسنامەی كوردستانێتی كەركوك، رێگریكردن لە لەناوچوونی ئەو خانوو و مزگەوت و خان و هەموو شوێنەوارە كۆنەكان ئەركێكی گرنگە، حكومەتی ئێستای عیراق هەر لەبیری ئەوەشدا نییە، پارێزگاری كەركوكیش لەبری ئەوەدانكردنەوە حەزدەكات بڕوخێن یان بیڕوخێنن، تەنها لایەن كە گرنگە هەوڵی پاراستنی بدات كوردە و تائێستایش ئەو ئەركە جێبەجێ نەكراوە.

بنیاتنانی خانووی نوێ لەسەر شێوازی تەلارسازیی ئێستا و وڵاتانی پێشكەوتوو لەلایەن دانیشتوانی كەركوك و هەر شارێكی دیكەی كوردستانەوە گرنگ و پێویستە، بەڵام ئەركی گرنگیش ئەوەیە مێژوو و شوێنەوارەكان بپارێزرێت بەتایبەت لە شوێنێكی وەكو كەركوكدا كە مەترسی گەورەی لەسەرە.

لە كەركوكی كوردستان شێوەی ژیانكردن و پاراستن و پێشكەوتنی بۆ كورد جیاوازە، ئەوان چاویان لە نەوت و وێرانكردنێتی، چونكە دەزانن زوو یان درەنگ دەبێت لێی بڕۆن، ئەوان رقیان لە ناوی كورد و مێژووی كوردی و كولتووری كوردییە، تەنانەت بۆیان بكرێ مێژووی كوردیش تەعریب دەكەن، ئەوە سروشتی مێژووی چەندین ساڵەیانە لەسەر كەركوك، تەنانەت چاویشیان لە خانووە كۆنە گڵینەكانی كەركوكە، بۆیە چارەسەر ئەوەیە هەموو لایەك كار بۆ پاراستنی بكەن و پیلانی داگیركردن و لەناوبردنی كورد هەڵبووەشێننەوە.