کوردستانی

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان: تەنها لە سلێمانی زەوی بۆ شوقەکانی کرێنشینان دابین نەکراوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان: تەنها لە سلێمانی زەوی بۆ شوقەکانی کرێنشینان دابین نەکراوە
مەودا میدیا-

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان رایدەگەیەنێت، دروستکردنی 20 هەزار شوقەی کرێنشینان کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و رەزامەندی بەوەبەرهێنان دراوە، زەویش دابینکراوە جگە لە پارێزگای سلیمانی.

محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان لەلێدوانێک رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکردووە "ھەنگاوەکانیان بۆ دروستکردنی 20 ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ھەموو رێکارەکانیش کۆتاییان پێھاتووە و رەزامەندی دراوە لەسەر وەبەرھێنەر و نرخەکان و قیستەکان و پێشەکی یەکەکان، هەروەها زەویشیان بۆ تەرخانکراوە".

روونیشیکردووەتەوە "لە ھەولێر، سۆران، زاخۆ و دھۆک زەوی دابینکراوە لە ھەڵەبجەش بەشێکی زەوی دابینکراوە و تەنھا سلێمانی ماوە و ئەوانیش زەوی دابینبکەن لەوێش دەستپێدەکات، بۆیە رێکارەکانی دروستکردنی 20 ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە".

بڕیارە لە داهاتوودا 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە شارەکان و بەشێک لە قەزاکانی هەرێمی کوردستان دروستبکرێت بۆ کرێنشینان، بۆ ئەو مەبەستەش لە ماوەی رابردوودا لەرێگەی ئۆنلاینەوە فۆڕمی یەکەکان لەلایەن هاوڵاتییانەوە پڕکرایەوە.

س.ر
Qaiwan
Qaiwan