کوردستانی

چوار جۆر شروبی منداڵان قەدەغە کرا

مەودا میدیا - سلێمانی |


چوار جۆر شروبی منداڵان قەدەغە کرا
مەودا میدیا-

بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی جۆری دەرمان هۆشداری دەدات لە بەکارهێنانی چوار جۆر شروبی منداڵان کە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی پەسندی نەکردووە.

لە راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی جۆری دەرمان  هاتووە، پاش ئەوەی رێکخراوی تەندروستی جیھانی WHO ئاگاداریەکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە چوار مادەی کومپانیای بەرھەم ھێنەری ھیندی مەیدن فارماسیوتیکالس (Maiden Pharmaceuticals Limited (Haryana, India)).

بەرھەمەکان بریتین لەو چوار مادەی خوارەوە:
1-Promethazine Oral Solution.
2-Kofexmalin Baby Cough Syrup.
3- Makoff Baby Cough Syrup.
 4- Magrip N Cold Syrup.

ئاماژە بەوەکراوە، شیکاری تاقیگەیی بۆ نمونەی هەریەک لە چوار بەرهەمەکە پشتڕاستکراوەتەوە کە بڕێکی قبوڵنەکراو (ژێر ستاندەرد) لە مادەکانی ( diethylene glycol and ethylene glycol) وەک (contaminants) پیسکەریان تێدایە کە ماددەی ژەهراوین بۆ مرۆڤ کاتێک دەخورێن و دەتوانن ببنە هۆی مردن.

ئەوەش هاتووە، کاریگەرییە ژەهراویەکان دەتوانن بریتی بن لە ئازاری سک، ڕشانەوە، سکچوون، نەتوانینی میزکردن، سەرئێشە، گۆڕانی باری دەروونی، و برینداربوونی تووندی گورچیلە کە لەوانەیە ببێتە هۆی مردن..  تا ئێستا ئەم چوار بەرهەمە لە ووڵاتی گامبیا دەستنیشان کراون، بەڵام لەوانەیە لە ڕێگەی بازاڕە نافەرمیەکانەوە بەسەر وڵاتان یان ناوچەکانی دیکەدا دابەشکرابن.

ئەوەشخراوەتەڕوو "ئەو چوار بەرھەمە لە ھەرێمی کوردستان رێگەیان پێنەدراوە و ھاوردەی ھەرێمی کوردستان نەکراون و مۆلەتی بەکارھێنانیان نییە، بۆیە ھاوڵاتییان ئاگادردەکەینەوە کە لە ئەگەری بە قاچاخ ھاتنی بۆ ناو بازارەکانی ھەرێمی کوردستان خۆیان بە دووربگرن لە بەکارھێنانی ئەم بەرھەمانە، ھەروھا گشت دەرمانخانەکان و ھاولاتییان ئاگاداردەکەینەوە کە تەنھا مامەڵە بە دەرمانی فەرمییەوە بکەن کە مۆڵەتی بەکارھێنانی ھەبێت و ستیکەری کۆالیتی کۆنترۆڵی لەسەر بێت".

س،ر
Qaiwan
Qaiwan