کوردستانی

شەپۆلێکی بارانبارین روو لە هەرێمی کوردستان دەکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


شەپۆلێکی بارانبارین روو لە هەرێمی کوردستان دەکات
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

بەڕێوەبەری کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی رایدەگەیەنێت بەپێی پێشبینییەکان لە سبەینێوە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی بکەوێتە ژێر کاریگەری نزمە پاڵە پەستۆیەک کە ئەگەری بارانبارین دەبێت، ئاماژەی بەوەشکرد وەرزی بارانبارین لە هەرێمی کوردستان لە مانگی 10 دەستپێدەکات.

ئەمڕۆ شەممە 8ی تشرینی یەکەمی 2022 ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "بەو ئەو پێشبینییانەی کە کراوە پێدەچێت لە سبەینێ یەکشەممە 9ی تشرینی یەکەمی 2022 هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی بکەوێتە ژێر کاریگەری نزمە پاڵە پەستۆیەک کە زیاتر ناوچەکانی باکووری کوردستان دەگرێتەوە کە ئەگەری شەپۆلێکی بارانبارین هەیە، هاوکات لەگەڵیا هەورە بروسکە دەبێت".

ئاماژەی بەوەکرد "لەگەڵ ئەو شەپۆلە بارانبارینە بارستە هەوایەکی فێنک روودەکاتە ناوچەکان و پلەکانی گەرما لە رۆژانی دواتر روو لە دابەزین دەکەن".

 بەڕێوەبەری کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە "وەرزی بارانبارین لە هەرێمی کوردستان لە مانگی 10 دەستپێدەکات و هەندێک کاتیش دوادەکەوێت، بەڵام زۆرجاریش هەیە بە حاڵەتە تووندڕەوەکان دەستپێدەکات کە خۆی دەبینێتەوە لە بارانی لێزمە و دروستبوونی لافاو".

به‌‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی كه‌شناسی و بوومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی کوردستان پێشبینییەکانی كه‌شوهه‌وای ئه‌مڕۆ شەممە 8ی تشرینی و سبەینێ یەکشەممە 9ی تشرینی یەکەمی 2022ی شارەکانی هەرێمی كوردستانی بڵاوكرده‌وه‌.

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیی هەرێمی کوردستان بێت، بۆ ئەمڕۆ شەممە ئاسمانی شارەکانی کوردستان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، پلەکانی گەرما لەنێوان 26 بۆ 42 پلە دەبێت.

هەر بەپێی پێشبینییەکان، سبەینێ یەکشەممە ئاسمانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان نیمچە هەور دەبێت و دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو و ئەگەری بارینی نمە باران هەیە، پلەکانی گەرماش لەنێوان 33 بۆ 41 پلە دەبێت.

س.ر
Qaiwan
Qaiwan