عارف قوربانی

عارف قوربانی

د.به‌رهه‌م، قوربانییه‌ یان سەرنەکەوتوو؟

ئه‌گه‌ر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئه‌م ئه‌نجامه‌ی له‌ پرسی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماردا وه‌ك ئه‌مری واقیع به‌سه‌ریدا سه‌پێندرا، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌مه‌ی په‌سندبووایە،‌ ره‌نگه‌ 10 مانگ پێش ئێستا و له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان، له‌تیف ره‌شید ببووایه‌ته‌ سه‌رۆك كۆمار و عیراقیش ئه‌م ده‌ مانگه‌ی رابردوو به‌و هه‌موو قه‌یرانه‌دا تێنه‌ده‌په‌ڕی. 

هۆكاری چه‌قبه‌ستنی پرۆسه‌ی سیاسیی عیراق و ئه‌و گێرمه‌ و كێشانه‌ی له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی ساڵی رابردووی عیراق هاتنه‌ ئاراوه‌ كه‌ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كاندا تێپه‌ڕین و نه‌ده‌توانرا رێكاره‌كانی پێكهێنانی حكومه‌ت بگیرێته‌به‌ر، به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ بوو كه‌ یەکێتی موكڕبوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ته‌نیا د.به‌رهه‌م بەربژێر ده‌كه‌ن بۆ سه‌رله‌نوێ‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته‌. له‌ به‌رانبه‌ر داواكاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ گۆڕینی د.به‌رهه‌م به‌ كه‌سێكی دیكه‌ له‌ناو یه‌كێتی كه‌ پارتیش ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ری هه‌بێت، یه‌كێتی ئه‌مه‌ی به‌ به‌زاندنی هێڵی سوور ناو ده‌برد و ده‌یانوت پارتی و هیچ حزبێكی دیكه‌ مافی ئه‌وه‌یان نییه‌ بەربژێر بۆ ئێمه‌ دیاری بكه‌ن، به‌ڵام دواجار ئه‌وان دیاریانكرد. 

له‌ دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ له‌ ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2021 وه‌ تاوەکو چركه‌ساتی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار له‌ 13ی ئۆكتۆبه‌ری 2022، یه‌كێتی ده‌یان كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كتەبی سیاسی و ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی كردووه‌، له‌ راگه‌یەندراوی هه‌موو كۆبوونه‌وه‌كان و ئه‌و دیدار و چاوپێكه‌وتنانه‌ش كه‌ په‌یوه‌ستبوون به‌ پرسی سه‌رۆك كۆمارەوە، یه‌كێتی هه‌ر جه‌ختی له‌وه‌ كردووەته‌وه‌ به‌رهه‌م ساڵح تاكه‌ بەربژێرمانه‌. وه‌ڵامی روون و راشكاویشیان بۆ هه‌موو ئه‌و كه‌سایه‌تی و لایه‌نه‌ سیاسییانه‌ی نێوه‌ندگیرییان ده‌كرد بۆ لێك نزیككردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان و دیاریكردنی بەربژێرێكی هاوبه‌ش، هه‌ر جه‌ختكردنه‌وه‌ بووه‌ له‌وه‌ی به‌هیچ جۆرێك د.به‌رهه‌م ناكشێنینه‌وه‌. ته‌نانه‌ت كه‌ باس له‌ مه‌ترسی تێكچوونی هه‌رێمی کوردستان و ئه‌گه‌ری به‌ریه‌ككه‌وتنی پارتی و یه‌كێتیش ده‌كرا به‌وهۆیه‌وه‌، بێباكبوون له‌وه‌ی چی ده‌بێت با ببێت. واتە تاوەکو ئاستی شه‌ڕیش ئاماده‌ی هیچ سازشێك و ده‌ستبه‌رداربوونی د.به‌رهه‌م نه‌بوون. بۆیه‌ ئه‌و تۆماره‌ ده‌نگی و ڤیدیۆییانه‌ی له‌ دوای پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار بڵاوده‌بنه‌وه‌ كه‌ گوایه‌ ئه‌مه‌ جۆرێك بووه‌ له‌ تاكتیكی یه‌كێتی خۆی و له‌و رێگەیه‌وه‌ ویستوویانه‌ له‌تیف ره‌شید بكه‌نه‌ سه‌رۆك كۆمار، ئه‌مه‌ جۆرێكه‌ له‌ خۆهه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن و ته‌نانه‌ت په‌رله‌مانتارانی یه‌كێتیش ده‌نگیان به‌ د.له‌تیف ره‌شید نه‌داوه‌. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ راست بووایە كه‌ تاكتیكه‌، ئه‌وه‌ خیانه‌تێكی گه‌وره‌یه‌ له‌ به‌رهه‌م ساڵحیان كردووه‌ پێش هه‌ر كه‌سێكی دیکە. 

هه‌رچه‌نده‌ ماڵپه‌ڕه‌ ئه‌لیكترۆنی و په‌یجه‌وانه‌كانی نزیك له‌ د.به‌رهه‌م زۆر ته‌رویج بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێ‌ ئیستسماری بكه‌ن تاوەکو به‌رهه‌م ساڵح وه‌ك قوربانییه‌ك ده‌ركه‌وێت كه‌ خیانه‌تی لێكراوه‌، نه‌ك ئه‌وه‌ی دۆڕابێت له‌ هه‌ڵبژاردن. وه‌ك چۆن بۆ یه‌كێتی ئه‌وه‌ راستییه‌كه‌یه‌ كه‌ به‌وجۆره‌ ته‌نیا خۆی هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنێت نه‌ك خه‌ڵك، ئه‌مه‌ بۆ خودی د.به‌رهه‌میش وایه‌ كه‌ ئه‌ویش خۆی هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنێ‌ ئه‌گه‌ر خۆی به‌ قوربانی بزانێت و هه‌ست به‌وه‌ نه‌كات دۆڕانێكی زۆر خراپ دۆڕاوه‌. ئه‌و له‌ خولی پێشووتری هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار له‌ 2018 ماوه‌ی شه‌ش ساڵ بوو هیچ پله‌و پۆستێكی كرداریی نه‌بوو، دابڕاو بوو له‌ هاوكێشه‌ ناوخۆیی و هه‌رێمایه‌تییه‌كان و به‌ پێگه‌یه‌كی سیاسی لاوازه‌وه‌ چووه‌ كێبڕكێی هه‌ڵبژاردنه‌وه ‌و بووه‌ سه‌رۆك كۆمار. ئه‌مجاره‌ به‌ چوار ساڵ ته‌مه‌نی سه‌رۆك كۆماری و به‌ بوونی به‌ جه‌مسه‌رێكی گه‌وره‌ی هاوكێشه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌ و عیراق، به‌ په‌یوه‌ندییه‌كی فراوانی سیاسی و به‌ توانایەکی دارایی زۆرەوە ‌و به‌ پشتیوانییه‌كی سه‌رسه‌ختانه‌ی یه‌كێتی و به‌شێك له‌ هێزه‌ شیعییه‌كان، به‌ پشتیوانیی ئێران و هه‌ندێ‌ له‌ ناوه‌نده‌كانی ئه‌مەریكا و وڵاته‌ هه‌رێمییه‌كان، له‌ به‌رانبه‌ر بەربژێرێك شكستی هێنا كه‌ تاوەکو یه‌ك رۆژ به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی هیچ كه‌س به‌ ئاشكراو به‌ نهێنی پشتیوانی نه‌ده‌كرد. بۆیه‌ دۆڕانی د.به‌رهه‌م، شكستێكه‌ بۆ ئاییندەی سیاسییەکەی یەکجار زۆر کاریگەرە‌. 

هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌م شكسته‌ش پێش هه‌ر كه‌س و لایه‌نێكی دی، خودی د.به‌رهه‌م خۆیه‌تی، له‌ هیچ ئاماژه ‌و په‌یامێك تێنه‌گه‌یشت كه‌ ده‌یانه‌وێ‌ سه‌ری به‌ به‌ردی گه‌وره‌دا بده‌ن، ئه‌وه‌ هه‌ر پارتی نه‌بوو كه‌ به‌ روون و ئاشكرا ده‌یانوت نابێت د. به‌رهه‌م ببێته‌وه‌‌ سه‌رۆك كۆمار، سه‌ركرده‌ی هه‌موو سوننه‌كان و به‌شێك له‌ سه‌ركرده‌ی شیعه‌كانیش ئه‌و په‌یامه‌یان به‌ یه‌كێتی ده‌دا كه‌ به‌ قسه‌ی ئێران ناكه‌ین و ده‌نگ ناده‌ینه‌وه‌ به‌و، به‌ڵام خۆی ئه‌مه‌ی ده‌ویست. په‌ندی له‌ ئه‌زموونی ساڵانی رابردوو وه‌رنه‌گرت و ته‌نانه‌ت نه‌یتوانی یه‌ك هه‌نگاو به‌شوێن پێی مام جه‌لالی مامۆستایدا بڕوات كه‌ عیراقییه‌كان ئێستاش شانازی به‌سه‌رده‌می ئه‌وه‌وه‌ ده‌كه‌ن. له‌ كوردستانش هه‌ر ئاخ بۆ ئه‌و رۆژگارانه‌ هه‌ڵده‌كێشن كه‌ مام جه‌لال له‌ به‌غدا بوو.  

كه‌چی پارتی و به‌شێك له‌ یه‌كێتی و خه‌ڵكانێكی زۆر له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و دوو حزبه‌ش پێیان وایه‌ له‌و (نه‌خشه ‌و پلانه‌ ستراتیژییانەوه‌ كه‌ بۆ گۆڕینی رێڕه‌وی بازرگانی نێوده‌وڵه‌تیی عیراق له‌ ئارادایه‌، هه‌روه‌ها بڕیاره‌كانی دادگەی فیدراڵی دژی‌ ستراتیژی خاوه‌ندارێتی كوردستان بۆ نه‌وت و ته‌نانه‌ت ئه‌و مووشه‌ك و درۆنانه‌ش كه‌ بە كوردستانەوە دەنران، تاوەکو راگرتنی ئه‌و سه‌ده‌قه‌یه‌ش کە له‌لایه‌ن كازمییه‌وه‌ كه‌ پێشتر عه‌بادی و عادل عه‌بدولمەهدی بۆ كۆمه‌كی مووچه‌ی هه‌رێمی کوردستان بڕیبوویانه‌وه‌)، د.به‌رهه‌م له‌ پشتی هه‌موو ئه‌مانه‌وه‌یه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ تۆمه‌تیش بووبێت خرابێته‌ پاڵی، نه‌ خۆی و نه‌ بازنه‌كه‌ی ده‌وری هیچ وه‌ڵامێكیان نەدەدایەوە. بگره‌ هه‌ندێ جار له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌موو پێشێلكارییه‌ ده‌ستوورییانه‌ی ئه‌نجامده‌دران، بێ هه‌ڵوێستی و بێده‌نگی سه‌رۆك كۆماریان ده‌به‌سته‌وه‌ به‌وه‌وه‌ كه‌ بارزانی دژایه‌تی ده‌كات و ئه‌ویش بۆچی شه‌ڕیان بۆ بكات. ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ ده‌هات ئه‌گه‌ر بارزانی پشتیوانی بكات، كوردستانی ده‌بێت و ئه‌گه‌ر بارزانیش دژی بێت، ئه‌وه‌ پشتیوانی له‌ میلله‌ته‌كه‌ی ناکات. د.به‌رهه‌م چوار ساڵی رابردوو به‌م تێزه‌ كاری كرد. بۆیه‌ ئێستا له‌ سیمای خه‌ڵكدا نه‌ك نیگه‌ران نین له‌ شكسته‌كه‌ی، شادی ده‌خوێنێته‌وه‌. 

ئه‌گه‌ر تاكه‌ شتێك له‌م هاوكێشه‌یه‌دا جێگەی پرسیاربێت ئه‌وه‌یه‌ د.به‌رهه‌م زۆری كرد بۆ ئێران و بۆ شیعه‌كان، كه‌ هێشتا مانشێتی (مقاوه‌مه‌تل مه‌كه‌) له‌ زهنی تاك به‌تاكی شیعه‌ی عیراق و ئێران دا به‌ تۆخی ماوه‌ته‌وه‌، چۆن ئاوا به‌ ئاسانی له‌ دوا ساتدا ده‌ستبه‌رداری بوون؟ ئه‌وه‌ش هه‌ر په‌یوه‌ندی به‌ خراپ یاریكردنی خۆیه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌نێوان دوو لایەنە ناكۆكه‌كه‌ی شیعه‌. یارییه‌كانی له‌نێوان سه‌در و مالیكی، به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك بێ متمانه‌ی كردبوو كه‌ مالیكی وه‌ك دۆخی ناچاری پشت بكاته‌ دۆسته‌ راسته‌قینه‌كه‌ی كه‌ یه‌كێتییه‌ و ده‌ستبخاته‌ ناو ده‌ستی ركابه‌ره‌ له‌ مێژینه‌كه‌ی، بارزانی. 

تازه‌ زه‌مه‌ن ناگه‌ڕێته‌وه‌ و رۆژگار یارمه‌تیده‌ری د.به‌رهه‌م نابێت كه‌ڵك له‌ هه‌ڵه‌كانی خۆی وه‌رگرێت، به‌ڵام ده‌كرێت بۆ خه‌ڵكی دیكه‌ ببێته‌ وانه‌.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan