کوردستانی

بافڵ جەلال تاڵەبانی ژمارەیەك بڕیار لە بەرژوەندی ژنان دەدات

مەودا میدیا - سلێمانی |


بافڵ جەلال تاڵەبانی ژمارەیەك بڕیار لە بەرژوەندی ژنان دەدات
مەودا میدیا-

سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاندووە "ھەڵمەتی 16 رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان هەنگاوێكی گرنگە بۆ رێزگرتنی خەباتی ژنان و هەوڵەكانیان لەپێناو پاراستنی مافەكانی ژنان، یەكسانیی جێندەری و نەهێشتنی چەوساندنەوە و جیاكاری كۆمەڵایەتی".

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاندووە "دەمەوێت لەم بۆنەیەدا نیگەرانییەكانم لەبەرامبەر پێشێلكردنی مافەكانتان و ئەو توندوتیژیانە دەرببڕم كە بەرامبەرتان دەكرێت. بەبێ هیچ پاساوێك سنوورە كەسییەكانتان دەبەزێنرێت و ئازادییەكانتان بەرتەسك دەكرێتەوە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە هەمان دیدگای ئازادیخواز و سەردەمیانەی سەرۆك مام جەلال بەرامبەر ژنان بەردەوام دەبێت و پاڵپشت و پشتیوانتان دەبین. هەربۆیە هەموو ئۆرگان و دەسەڵاتە رێكخراوەییەكانمان دەخەینە خزمەت ئەم ئامانجە باڵایە و بڕیار دەدەین:

1- پێویستە تەواوی ئۆرگانەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هاوكار و هەماهەنگبن لەپێناو بەدیهێنانی مافەكانی ژنان و رەخساندنی یەكسانیی جێندەری لە گشت دامەزراوەكاندا.

2- ژنان هێزی بەردەوام و لەبن نەهاتووی یەكێتین و پێشڕەوی خەباتی مەدەنی و دیموكراسین، بۆیە بڕیارماندا لەمەودوا دەرفەتی زیاتر بە كچان و ژنان بدرێت لە كاری رێكخراوەیی، سەركردایەتی و هەموو ئۆرگەكانی تری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بەشدارییەكی چالاكانەتریان هەبێت.

3- هەموو ئۆرگانەكانی یەكێتی پابەندی یاسا بەركارەكان و راسپاردەی دیداری یەكێتی تایبەت بە پرسی یەكسانی جێندەری دەبن و هاوكار و پشتیوانی بێمەرج دەبن لەپێناو بەرقەراربوونی یەكسانی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی لەكۆمەڵگەی كوردیدا. رووبەڕووی هەموو بەربەستەكانی بەردەم بەدیهێنانی ئەم ئامانجە باڵایەش دەبنەوە.

4- هەر هەڤاڵ، كادر و ئەندامێكی یەكێتی لە هەر پلە و بەرپرسیارێتییەكدا بێت، توندوتیژی بەرامبەر كچان و ژنانی كۆمەڵگەكەمان ئەنجام بدات و دەست بۆ ماف و ئازادییە كەسییەكانیان ببات، رووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە و لێپێچینەوەی توندی حزبی لەگەڵدا دەكرێت.

ئێوەی ژنان و كچانی ئازا و ئازادیخواز بەرەو ئامانجە باڵاكانتان هەنگاوبنێن و ئێمەش لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پشتیوانتان دەبین. رووبەڕووی هەموو ئەو جیاكاری و بیركردنەوانەش دەوەستینەوە كە دەبنە بەربەست لەبەردەم ئەم خەباتە مەدەنی و دیموكراسییەدا.

ك م 
Qaiwan
Qaiwan