عارف قوربانی
ئاماره‌كان، ئاماژه‌ی وێرانبوونن
ته‌نها له ساڵی 2022 له پارێزگای سلێمانی 519 كارگه داخراون. 146 پرۆژه‌ی پیشه‌سازیی پرۆژه‌كانیان هه‌ڵوه‌شاندووەته‌وه. 663 نووسینگه‌ی كڕین و فرۆشتنی خانوو و زه‌وی داخراون. 82 پێشهنگەی ئۆتۆمبێل نوێكردنه‌وه‌ی مۆڵه‌ته‌كانیان رەتكردووەتهوه (ئه‌وانیش دوای ته‌واوبوونی مۆڵه‌ته‌كانیان دایده‌خه‌ن). به‌پێی ئاماری كۆمه‌ڵه‌ی میوانخانه و چێشتخانه‌كان ته‌نیا له ئه‌مساڵدا 75 هۆتێل و مۆتێل و شوێنی گه‌شتیاری داخراون. ئه‌م ئامارانه له راپۆرتێكی پۆرتاڵی رووداو له ژێر ناونیشانی (2022 ساڵێكی دڵخواز نه‌بوو بۆ خاوه‌ن كۆمپانیا و كارگه‌كانی سلێمانی) بڵاوكراونه‌ته‌وه.
ئه‌م شوێنانه‌ی داخراون هه‌موویان شوێنی به‌رهه‌مهێنان و شوێنی كارن، هه‌ر یه‌كه‌یان راسته‌وخۆ بژێویی ده‌یان خێزانی پێوه به‌ستراوه، داخستنیان واتا بڕینی سه‌رچاوه‌ی داهاتی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌وێ كاریان كردووه. بێئه‌وه‌ی هیچ دامودهزگەیهكی به‌رپرس ئه‌ركی به‌ڕێوه‌بردن و ژیانی ئه‌و خێزانانه بگرێته ئه‌ستۆ، یاخود شوێنی دیكه‌ی كاركردنیان بۆ بدۆزێته‌وه. ئه‌مه جیا له‌و زیانانه‌ی به‌ر ئه‌و كرێكار و بازرگان و خاوه‌نكارانه‌ی بازاڕ ده‌كه‌وێت كه به‌هۆی داخستنی ئه‌و شوێنانه‌وه، ئه‌وانیش كاره‌كانیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن یاخود كاریان كه‌م ده‌بێته‌وه.
ئه‌گه‌ر له وڵاتێكدا ده‌سه‌ڵاتێكی به‌رپرسیار هه‌بێت، بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م ئامار و داتایانه، رایاندهچڵكێنێت، ره‌نگه ببێته هۆكاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی حكومه‌ت، یا لانیكه‌م ده‌زگا و وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌ی به‌رپرس ده‌خرێنه به‌رده‌م لێكۆڵینه‌وه و بگره سزایشهوه، چونكه وه‌ك چۆن زۆربوونی كارگه و كارخانه و پرۆژه‌ی پیشه‌سازی، ئاماژه‌ن بۆ گه‌شه‌سه‌ندن و بونیاتنانی وڵات، له كاركه‌وتن و داخستنیشیان ئاماژه‌ی داته‌پینی ژێرخانی ئابووریی و به‌ره‌و وێرانهبوونی ئه‌و وڵاته‌یه. ئه‌وه‌ی له سلێمانی ده‌گوزه‌رێت جێی مه‌ترسییه، به‌ڵام له‌وه مه‌ترسیدارتر ئه‌و بێده‌ربه‌ستی و هه‌ست به‌به‌رپرسیارێتی نه‌كردنه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانه به‌رانبه‌ر به‌و ره‌وشه خراپه.
له هه‌لومه‌رجێكی وه‌ك ئێستای كوردستاندا كه چوارده‌وری به دووژمن ده‌وره‌دراوه و شه‌ڕی ئابووری له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، چاوه‌ڕوانكراوه ده‌وڵه‌تانی ده‌وروبه‌ر سیاسه‌تێكی ئابووری په‌یڕه‌وبكه‌ن كه نه‌هێڵن هه‌رێمی كوردستان ببێته خاوه‌ن ژێرخانی ئابووری. هه‌ر به‌رهه‌مێك له ناوخۆی كوردستان به‌رهه‌م بهێندرێت ئه‌وان به خستنه‌ڕووی هه‌مان كاڵا و به نرخی هه‌رزانتر بیانه‌وێت بازاڕه‌كانی كوردستان پڕ بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی له راپۆرته‌كه‌دا قسه‌یان بۆ (رووداو) كردووه به‌شێك له هۆكاره‌كانی ئه‌م كێشه‌یه بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌گێڕنه‌وه، وه‌ك خاوه‌نكاره‌كان ئاماژه‌یان بۆ كردووه "زۆری نرخی كاره‌با و زیادبوونی چه‌ندین جۆری باج" هۆكاری داخستنی كارگهكانیانه نه‌ك ركابه‌ری و كاڵا و به‌رهه‌می ده‌ره‌كی. كه‌واتە ده‌بێت ئه‌وه بزانین هۆكاره‌كانی ناوخۆیین.
تێڕوانینی حكومه‌ت له به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمی كوردستاندا تێڕوانینێكی هه‌ڵه‌یه به‌وه‌ی هه‌موو سه‌رنجی له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه بتوانێت مووچه بۆ مووچه‌خۆره‌كانی خۆی ده‌سته‌به‌ر بكات، له‌كاتێكدا كه‌متر له 20%ی خه‌ڵكی كوردستان موچه‌خۆرن. ره‌خساندنی زه‌مینه و ده‌رفه‌تی كار بۆ به‌شه زۆره‌كه‌ی كۆمه‌ڵگە، ده‌بێت له‌پێشتر بێت. گه‌رچی حكومه‌ت نایه‌وێت دان به‌وه‌دا بنێت كه ئه‌و سیاسه‌ته په‌یڕه‌و ده‌كات، به‌ڵام به‌پێی قسه‌ی كاسبكار و خاوه‌ن كاره‌كان "حكومه‌ت دهیانڕوتێنێتهوه" بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆران. قسه‌ی ئه‌و خاوه‌ن كارگه‌و كارخانانه‌ی سلێمانی كه به‌ناچاری ده‌رگەی كارگه‌كانیان داخستووه ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت كه توانی دانی ئه‌و بڕه پاره‌یه‌یان نییه كه له‌بری پێدانی كاره‌با و باج لێیان وه‌رده‌گیرێت.
به‌ر له‌م راپۆرته‌ش چه‌ند جارێكی دیكه له به‌رنامه‌كانی (له‌گه‌ڵ ره‌نج) گوێبیستی هه‌مان ئه‌م هاوار و ناڕه‌زایه‌تییانه بووین كه خاوه‌نكاره‌كانی بازاڕ نیگه‌رانن له زۆریی باج و كرێی كاره‌با. ئه‌گه‌ر پێشتر هه‌ر قسه بووه و به‌گوێی حكومه‌تدا دراوه، ئێستا ئه‌نجامی ئه‌و سیاسه‌ته ده‌بینین كه ئاماژه‌ی داته‌پینی ژێرخانی ئابوری وڵاته‌كه‌مانه. بۆیه پێویسته حكومه‌ت زۆر به گرنگییه‌وه له‌م بابه‌ته بڕوانێت و چاره‌سه‌ری به په‌له‌ی بۆ بدۆزێته‌وه.
له دوو ده‌یه‌ی رابردوودا ئه‌وكاته‌ی قه‌یرانی شوێنی نیشته‌جێبوون هه‌بوو، حكومه‌ت سیاسه‌تێكی په‌یڕه‌و كرد بۆ هاندانی وه‌به‌رهێنه‌رانی ناوخۆیی و بیانی تا رووبكه‌نه ئه‌و كه‌رته، بڕیاریدا زه‌وی به‌نرخی زۆر هه‌رزان ته‌رخان بكات بۆ پرۆژه‌كانی نیشته‌جێبوون، ته‌نانه‌ت له هه‌ندێک ناوچه نه‌ك هه‌ر زه‌وییه‌كه، به‌ڵكو له سندووقی نیشته‌جێبوون قه‌رزیشی پێده‌دان. ئێستا گه‌شه‌ی ئه‌و كه‌رته گه‌یشتووەته ئاستێك پلانی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان ئه‌وه‌یه له‌مه‌ودوا كاركردن له هه‌ر پرۆژه‌یه‌كی نیشته‌جێبووندا به‌و مه‌رجه ده‌بێت كه 5% بۆ ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان بێت. رۆژگارێك زه‌وی و پاره‌شیان ده‌دا به وه‌به‌رهێن، ئێستا پشكی لێوه‌رده‌گرێت.
پلانی حكومه‌ت بۆ هاندان و وه‌به‌رهێنان پێویستی به پێداچوونه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنی زیاتر هه‌یه. هه‌ڵه‌ی زۆر له‌و رێكارانه‌دا هه‌ن كه گیروانەتهبهر بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ خاوه‌ن كاره‌كان. نموونه‌یه‌كی ساده له‌سه‌ر ماڵی خۆمان ده‌هێنمه‌وه كه ئه‌وكاته‌ی له كوردستان ده‌ژیام ماڵمان له (بان موغان) بوو، ئێمه و سه‌دان ماڵی دیكه له‌ناو باخه‌كانمان ده‌ژیاین. بۆ پێدانی كاره‌با و كرێی كاره‌با بڕیاری حكومه‌ت به‌و جۆره بوو ئه‌گه‌ر یاداشتێك بنووسیت و ته‌نها بڵێت ماڵم له‌و جێگه‌یه‌یه ئه‌وه به نرخی ماڵه‌كانی ناو شار كاره‌بای پێده‌فرۆشێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مۆڵه‌ته‌كه‌ت وه‌ك ئه‌وه وه‌ربگریت كه تۆ له ماڵه‌كه‌ی خۆتدا باخداری ده‌كه‌یت، ئه‌وه نرخی پێدانی كارهباكهت وه‌ك نرخی كارگه و ناوچه‌ی پیشه‌سازی چه‌ندینجار گرانتر بوو له نرخی ماڵان. باشه ئه‌گه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت به‌رهه‌مێكی خۆماڵی هه‌بێت له سه‌وزه و میوه، ده‌بێت ئاسانكاری بۆ بكرێت یا وای لێبكه‌یت بیر له چاندنی دارێكیش نه‌كاته‌وه.
ده‌بێت بۆ پرۆژه‌كانی پیشه‌سازی و هه‌ر یه‌ك له‌و كه‌رتانه‌ی دیكه كه ژێرخانی ئابووری به‌هێز ده‌كه‌ن، یان ده‌بنه هۆكار و زه‌مینه‌ی هه‌لی كار بۆ هاوڵاتیان به‌و جۆره بێت كه حكومه‌ت یارمه‌تیده‌ریان بێت، نه‌ك رێكاره‌كانی حكومه‌ت ببێته هۆكار بۆ داخستنیان وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا له سلێمانی ده‌یبینین. ده‌بێت حكومه‌ت له‌وه بكۆڵێته‌وه سوودی ئه‌و سیاسه‌ته چییه له گرانكردنی نرخی كاره‌با و زۆركردن و جۆراوجۆركردنی ئه‌و باجانه‌ی خراونه‌ته سه‌ر خاوه‌ن كاره‌كان گرتویه‌تییه به‌ر، ئه‌گه‌ر ئه‌وه ئه‌نجامه‌كه‌ی بێت كه كارگه و مۆڵ و هۆتێل و چێشتخانه‌كان دایبخه‌ن. باج و كرێیه‌كی كه‌متر ده‌ستی حكومه‌ت بكه‌وێت و ده‌رفه‌ته‌كانی كار و جوڵه‌ی بازاڕ به‌رده‌وام بن و زۆر له‌وه باشتره به‌نیازی ده‌ستكه‌وتنی داهاتێكی زۆرتره‌وه له باج، كارگه‌كان دابخرێن، چونكه كه داخران ئه‌وكات حكومه‌ت هیچی ده‌ستناكه‌وێت. باپیرانیشمان گوتویانه (هه‌شت بێ و له مشت بێ، نه‌ك نۆبێ و نه‌بێ).
خ.غ