عارف قوربانی
كێشه‌كه له كوردستانه، نه‌ك به‌غدا
هه‌ر كه‌سێك ساده‌ترین هۆشیاریی سیاسی هه‌بێت، ده‌زانێت دوای گۆڕانكارییه‌كانی هاتنی ئه‌مەریكا بۆ ناوچه‌كه و رووخانی سه‌دام، زه‌مینه‌ی ئه‌وه ره‌خسا شیعه‌كان ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا بگرنه ده‌ست، به‌ڵام زامن بوون و سه‌ركه‌وتنیان كه‌وتبووه سه‌ر ئه‌وه‌ی تاچه‌ند شیعه له بایه‌خی ئه‌و هه‌ل و ده‌رفه‌ته تێده‌گه‌ن. ده‌رئه‌نجام و ئه‌زموونی دوو ده‌یه‌ی رابردوو سه‌لماندی (ماڵی شیعی) له‌وه هۆشیارترن ته‌نها وه‌ك مه‌لای عه‌مامه به‌سه‌ر لێیان بڕوانرێت، ده‌ركه‌وت پلانی ستراتیژیی دوورمه‌ودایان هه‌یه نه‌ك هه‌ر بۆ چۆنێتی گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات له به‌غدا، به‌ڵكو بۆ كۆنترۆڵكردنی هه‌موو عیراق و چه‌سپاندنی حوكمی شیعی به‌سه‌ریدا به به‌شه سوننی و كوردییهكهشیهوه. له‌وه‌ش زیاتر عیراقیان كرد به ئه‌ڵقه‌ی پێكه‌وه به‌ستنه‌وه‌ی شیعه‌كانی سوریا و لوبنان به ناوه‌ندی شیعه‌ی جیهانه‌وه كه ئێرانه.
هیچ كام له‌و رووداوه گه‌ورانه‌ی 20 ساڵی رابردوو، كه له عیراق روویانداوه و سه‌رئه‌نجام ئاوی كردووەته ئاشی به‌هێزكردنی ده‌سه‌ڵاتی شیعه‌وه، رووداوی خۆڕسك نه‌بوون و نین، به‌ڵكو هه‌موویان به‌شێكن له‌و پلانه ستراتیژییه‌ی بۆ تهشهیوعی عیراق و ناوچه‌كه داڕێژراوه. هه‌نگاو و پلانه‌كانیان وه‌كو جووڵاندنی (داشی شه‌تره‌نج) له‌لایه‌ن یاریزانێكی به‌ئه‌زموونه‌وه ئه‌زموون بكرێت، وایه. ته‌نانه‌ت به‌شی زۆری كێشه و ناكۆكییه ناوخۆییه‌كانی حزبه‌كانی سوننه‌ی عه‌ره‌ب و كوردستان، هه‌روه‌ها ناكۆكییه سیاسییه‌كانی ناو هه‌رێمیش به‌ده‌ر نین له‌و پلان و ئامانجانه. له كوێدا پێویستی به‌وه بووبێت نزیكی و یهكههڵوێستییان خزمه‌ت به حوكمی شیعه بكات، ئاوی كردووەته سه‌ر ئاگری ناكۆكییهكانیاندا و پێكه‌وه پێگه‌ی شیعه‌یان به‌هێز كردووه، هه‌ركاتیش وای پێویست كردبێت ناكۆكیی ناو ماڵی كورد زه‌مینه بۆ هه‌ژموونی شیعه خۆش بكات، كه‌لێنی خستووەته نێوانیانه‌وه.
نه‌ك هه‌ر رووداوه‌كانی عیراق، كاتێک وێنە گه‌وره‌كه‌ی ناوچه‌كه دێنیته پێشچاو، هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ تاكتیك و هه‌نگاو و جموجووڵه‌كانی شیعه له یه‌مه‌ن و له سعودیە و له عومان و هیندستان و پاكستان و ئه‌فغانستان ده‌كه‌یت، گومانی ئه‌وه‌ت بۆ دروست ده‌بێت داینه‌مۆی ئه‌م پرۆسه‌یه ته‌نها ئێران نییه، ده‌شێ ناوه‌ندی گه‌وره‌تری جیهانی له‌پشتی رووداوه‌كانه‌وه بن. دوور نییه له وێنەی گه‌مه‌یه‌كی گهورەتردا ئێران خۆیشی داشی شهترهنجێك بێت.
هه‌رێمی كوردستان وه‌كو جوگرافیا و قه‌باره، له‌ناو ئه‌م هاوكێشه‌یه‌دا بچووكه، به‌ڵام بایه‌خی گه‌وره‌ی هه‌یه. شیعه وه‌كو له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ی ته‌شه‌یوع ده‌یبینێت و ترسی ئه‌وه‌شی لێی هه‌یه ببێته ده‌روازه‌ی هاتنه ناوه‌وه‌ی نه‌یاره‌كانی، بۆیه ده‌یه‌وێت بیشكێنێت، چونكه خه‌ڵكه‌كه‌ی شیعه نین تاوەکو به‌و هۆیه‌وه به ئاسانی هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت. جوگرافیاكه‌شی راسته به‌شێكی وابه‌سته‌یه به عیراقه‌وه، كە شیعه حوكمی ده‌كات، به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌وه‌یه كه به‌ر له دروستبوونی عیراقی شیعی به زیاتر له 10 ساڵ وه‌كو دیفاكتۆیه‌كی قبووڵكراو هه‌رێمێكی ئیداری و جوگرافیی جیاواز بووه له عیراق. دوای كه‌وتنی سه‌دامیش كه ئه‌وكات شیعه له هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا پێویستیان به پشتیوانیی كورد هه‌بوو بۆ چه‌سپاندنی پێگه‌ی حوكمی شیعه به‌سه‌ر به‌غداوه، له ده‌ستووردا ئه‌م دیفاكتۆیه‌ی كوردیان سه‌لماندووه.
هه‌رچه‌نده زۆر به وردی كار بۆ لابردنی ئه‌و دوو به‌ربه‌سته ده‌كه‌ن، ساڵانێكه له رێگه‌ی كڕینی هه‌ندێک مه‌لا و شێخ و تیره و تایه‌فه‌وه كه مه‌زهه‌بی خۆیان گۆڕیوه بۆ شیعه، ده‌یانه‌وێت بێنه ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردییه‌وه. له به‌غداشه‌وه ئه‌وه‌ی له رێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و یاسادانانه‌وه بۆیان كرابێت، كردوویانه. ئه‌وه‌شی به‌وان نه‌كرابێت، ده‌یانه‌وێت به ده‌سه‌ڵاتی دادگەی فیدراڵی بیكه‌ن كه له دوورمه‌ودادا تاوەکو لێسه‌ندنه‌وه‌ی چه‌كی ده‌ستی پێشمه‌رگه‌ش له پلانیاندایه.
به‌ڵام راستییه‌ك هه‌یه پێویسته له‌به‌رچاو بگیرێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر كورد خۆی زه‌مینه خۆش نه‌كات بۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ریدا، تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی وا ده‌كه‌ن سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ریدا زه‌حمه‌ت بێت. ئه‌وه‌ی له رابردوو له په‌رله‌مان و حكومه‌ت و تائێستاش دادگەی فیدراڵی كردوویه‌تی، به راسته‌وخۆ بووبێت یان به ناڕاسته‌وخۆ، كورد خۆی هۆكار و هاوكار بووه. له داهاتووشدا ئه‌وه‌ی له پلانیاندا بێت ئه‌گه‌ر كورد زه‌مینه‌كه‌ی بۆ خۆش نه‌كات، به‌دی نایەت.
كورت و پوخت، راسته به‌غدا كێشه‌یه بۆ كوردستان، به‌ڵام كێشه گه‌وره‌كه له كوردستانه و كورد خۆیه‌تی. حزب و سیاسییه‌كانی ناو میلله‌ته‌كه‌ی خۆمانن زه‌مینه بۆ ئه‌وه خۆش ده‌كه‌ن زوڵم له میلله‌ته‌كه‌مان بكرێت، هه‌ر ئه‌وانیش ده‌توانن پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه بكه‌ن و ببنه مایه‌ی خێر و خۆشی بۆ خه‌ڵكی كوردستان. هه‌م ده‌ردن و هه‌م ده‌رمان.
ئه‌وه‌ی ئێستا بووه‌ته جێی نیگه‌رانی و تاوەکو ئه‌ندازه‌یه‌ك ترسیش له‌وه‌ی له داهاتوودا بڕیاری مه‌ترسیدارتر دژ به هه‌رێمی كوردستان ده‌ربكات، بڕیاره‌كانی دادگەی فیدراڵین له‌سه‌ر پرسی نه‌وتی كوردستان و به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان له به‌غدا، كه هه‌ردووكی به زیانی هه‌رێمی کوردستان یهكلاكردووەتهوه. مه‌ترسیی ئه‌وه‌ش هه‌یه به هه‌مان شێوه بڕیاری نه‌رێنی له‌سه‌ر به‌شه خۆراك و ده‌رمان و پێداویستیی پزیشكیی هاوڵاتییانیش بدات.
ئه‌م دادگەیه پێشتر ده‌بوو بڕیاره‌كانی به ده‌نگی ته‌واوی ئه‌ندامه‌كانی بن، بوونی كورد له‌ناو دادگەكه تا ئه‌ندازه‌یه‌ك مایه‌ی جۆرێك له دڵنیایی بوو كه دادگەی فیدراڵی دژ به هه‌رێمی کوردستان به‌كارنه‌هێندرێت، هه‌ر بۆیه له دامه‌زراندنی ئه‌م دادگەیهوه له‌دوای رووخانی سه‌دام تا دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هیچ بڕیارێك له‌م دادگەیهوه دژ به هه‌رێمی کوردستان ده‌رنه‌چوووه. به‌ڵام ساڵی 2021 له‌ڕێگه‌ی گۆڕینی یاساكه‌ی و ههیكهلهكهیهوه بە ئامانجی ئەوەی بتوانن وەکو ئامرازێک لە قۆناغەکانی داهاتوو بەکاریبەرن، لەوەشدا پێکەوەنەبوونی کورد و هه‌ندێک كاره‌كته‌ری كورد زه‌مینه‌خۆشكه‌ر و عه‌ڕابی ده‌رچوواندنی یاساكه بوون، به‌جۆرێك داڕێژرایه‌وه، بوونی دادوه‌ری كورد هیچ رۆڵێكی له پارێزبه‌ندیی مافی هه‌رێمی کوردستاندا نه‌بێت، بۆیه ده‌بینین ئه‌م دوو ساڵه ئه‌م دادگەیهش كراوه به ئامرازێكی دیكه‌ی به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی ته‌شه‌یوع.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئێستا ئه‌م دادگەیهش وه‌كو به‌رزترین ده‌سه‌ڵات له یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كێشه یاسایی و ده‌ستوورییه‌كان، بووه‌ته به‌شێك له‌و پرۆسه‌یه، به‌ڵام هێشتاش ئه‌وه‌ی ده‌بێته هۆكار تاوەکو به ئاسانی بتوانێت ده‌سه‌ڵاته‌كانی دژ به ئایندهی كورد و گه‌لی كوردستان بهكاربهرێت، دۆخی ناوخۆیی هه‌رێمی كوردستان و هه‌ڵوێستی هێزه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه. پێكه‌وه‌بوونی كورد ده‌توانێت له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م خواست و ئامانجه تائیفییه‌كانی پشته‌وه‌ی ئه‌م دادگەیه دابنێت، ناكۆكی و ململانێی هێزه سیاسییه‌كانیش ده‌ستكراوه‌ی ده‌كات له‌وه‌ی پرۆسه‌ی گه‌مارۆدانی هه‌رێمی كوردستان خێراتر بكات.
بۆیه پێویست ناكات خه‌ڵكی كوردستان گله‌یی و ناڕه‌زایه‌تی به‌رانبه‌ر به‌غدا ده‌ربڕن، ئه‌وه‌ی پێویسته سه‌رزه‌نشت بكرێت كورد خۆیه‌تی.
خ.غ