نەرمین عوسمان
رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە پرسی ژنان
یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، گرنگیدانە بە مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی تاک و هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی دروست و شایستە بە مرۆڤ، لەم رووەشەوە سەرنجی زۆریان لەسەر پاراستنی کەمەنەتەوە و کەمایەتییە ئایینییەکانە و هەوڵ دەدەن بۆ نەهێشتنی نایەکسانی و جیاکاری و چەوساندنەوەیان لەلایەن زۆرینەوە. لەم چوارچێوەیەشدا، پرسی ژن، یەکێکی ترە لەو پرسانەی گرنگیی زۆری هەیە لای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە لایانەوە جیاکاریی دژ بە ژن، رێگرێکی سەرەکییە بۆ گەیشتن بە یەکسانیی نێوان هەردوو رەگەز، چونکە هەر ئەو جیاکاری و جیاوازییەیە هۆکارە بۆ توندوتیژیی جێندەری و رەگی داکوتاوە لەناو هزری تاک و کۆمەڵگەدا.
پرسی ژنان، هەردەم جێی بایەخی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە. بۆ ئەم مەبەستە، دەیان رێککەوتننامە و جاڕنامەی دەر کردووە و بەشێکیان بوون بە دیفاکتۆ لەو وڵاتانەی کە واژوویان لەسەر کردوون، بۆ ئەو مەبەستەش یاسای ئەو وڵاتانە گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە بۆ ئەوەی لەگەڵ رێککەوتننامەکان هاوتەرین بن.
- لە ساڵی 1952 رێککەوتننامەیەکی تایبەت بە مافە سیاسییەکانی ژن واژوو کرا، لە یەکێک لە بەندەکانیدا هاتووە کە دەبێت لە کاتی هاوسەرگیری، رەزامەندی هەردوولای لەسەر بێت، هەروەها وڵاتان پێویستە تەمەنی هاوسەرگیری بەپێی یاسا دیاری بکەن. لەگەڵ ئەوەی ئەم رێککەوتننامەیەش ئەنجام درا، بەڵام نەبووە هۆی کەمبوونەوەی جیاکاری و توندوتیژیی دەرهەق بە ژنان، بۆیە چەمکەکانی مافەکانی ژن، یەکسانیی نێوان هەردوو رەگەز و نەهێشتنی جیاکاری، بایەخی زیاتریان پێ درا.
- لە ساڵی 1967 جاڕنامەی جیهانیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان دەر کرا، بەڵام ئەو جاڕنامەیە ئیلزامیی نەبوو، بۆیە دەوڵەتان پابەند نەبوون پێوەی و ئەرکەکانیان جێبەجێ نەدەکرد، چونکە ئەو جاڕنامەیە نەبووبوو بە رێککەوتننامە. هەوڵی زۆر درا بۆ ئەوەی بکرێت بە ئیلزامیی، بۆ ئەوەش توانرا زیاتر لە 20 دەوڵەتی بەشداربووی جاڕنامەکەی واژووی لەسەر بکەن و بوو بە رێککەوتننامەی ناسراو بە سیداو (رێککەوتننامەی بەرەنگاربوونەوەی هەموو شێوازەکانی جیاکاریی دژ بە ژن)، کە بە رێککەوتننامەی کۆپنهاگنیش ناسراوە.
لە رێکەوتی 18ی کانوونی یەکەمی 1979 ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکەی لە ئەستۆ گرت و لە 3ی ئەیلولی 1981 کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و بوو بە یاسای نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ.
سەرەڕای ئەم دوو رێککەوتننامە گرنگە، چەندین یاسا و رێنمایی، پەیماننامە، جاڕنامە و رێککەوتننامەی نێودەوڵەتیی تر هەن لە بواری مافەکانی ژنان و هەر یەکەیان بایەخی خۆیان هەیە، لەوانە:
- لە ساڵی 1912 دادگای لاهای رێنمایی یاسایی پەیوەست بە رێکخستنی بوارەکانی: هاوسەرگیری، جیابوونەوە و تەڵاق، سەرپەرشتیی ئەو کچانەی لەژێر تەمەنی 18 ساڵییەوەن، دەکرد.
- لە ساڵی 1914 رێکخراوی (کار)ی نێودەوڵەتی رێککەوتننامەی پاراستنی دایکایەتی دەر کرد و لە ساڵی 1935 هەموار کرایەوە. ئامانج لەو رێککەوتننامەیە، پارێزگاریی مافەکانی ژنانە لە کاتی کارکردنیان، بۆ نموونە؛ لە کاتی کاری شەوان و کاری ژێر زەویدا، بە رەچاوکردنی ئەوەی کە دایکن، بۆ ئەوەی بتوانن ئەرکی ماڵ و کاری دەرەوە بەیەکەوە بگونجێنن.
- لە ساڵی 1945، لە مادەی یەکەمی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، جەخت لەسەر رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان بۆ هەموو تاکێک بەبێ جیاوازیی رەگەز و زمان و ئایین کراوەتەوە، بەبێ جیاکاری و جیاوازیی لە نێوان ژن و پیاو.
مادەی 55 لە هەمان پەیماننامە، دان بە مافەکانی مرۆڤ لە سەرتاسەری جیهاندا دەنێت بەبێ جیاوازی لە نێوان ژن و پیاو، کە بوو بە بنەمایەکی یاسایی پابەندکەر لەسەر هەموو ئەو دەوڵەتانەی ئەندامن لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.
- لە ساڵی 1948 جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ دەرچوو، لە ناوەڕۆکەکەیدا بە روونیی باس لە پاراستنی مافەکانی ژن دەکاتەوە و بایەخ دەدات بە خێزان وەک یەکەیەکی سروشتی و بە بنەمایەکی سەرەکیی کۆمەڵگە ئەژماری کردووە، بۆیە مافی ئەوەیان هەیە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پارێزگارییان لێ بکرێت.
- لە ساڵی 1952 کۆمیسیۆنی باڵای ناوەندی ژن لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵێننامەی مافە سیاسییەکانی ژنانی ئامادە کرد.
- لە ساڵی 1967 رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان جاڕنامەی تایبەت بە جیاکاریی دژ بە ژنانی دەر کرد و بانگەوازی بۆ گۆڕینی ئەو چەمک و نەریتە باوانە کرد، کە دەبنە هۆکاری جیاکاریی نێوان ژن و پیاو، دانی بەوەشدا نا رێکخراوە ناحکومییەکانی ژنان دەتوانن ئەو گۆڕانکارییانە بکەن.
- لە ساڵی 1968 جاڕنامەی تاران لە کۆنگرەی نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ دەرچوو. لە خاڵی 15ی جاڕنامەکەدا هاتووە: دەبێت جیاکاریی نەهێڵین، کە ژنان تاکوو ئێستا قوربانیی دەستی ئەو جیاکاریەن لە زۆربەی ناوچەکانی جیهاندا.
- لە ساڵی 1973 کۆمیسیۆنی بزووتنەوەی ژنان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرقاڵی ئامادەکردنی رەشنووسی رێککەوتننامەی نەهێشتنی هەموو شێوازەکانی جیاکاریی دژ بە ژنان بوو.
- لە ساڵی 1974 رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان جاڕنامەی جیهانیی بۆ پرسی پارێزگاری لە ژنان و منداڵان لە بارە کتوپڕەکان و ناکۆکی و ململانێ چەکدارییەکاندا دەر کرد.
- لە ساڵی 1975 کۆنگرەی جیهانیی ساڵی ژن لە مەکسیک بەسترا و تێیدا بەڵێننامەیەک پەسەند کرا کە پێی دەوترێت جاڕنامەی مەکسیک بۆ یەکسانیی ژنان و بەشداریپێکردنیان لە گەشە و بنیاتنانی ئاشتیدا. کۆنگرەکە نەخشەڕێگەی جێبەجێکردنی ئامانجەکانی رۆژی جیهانیی ژنانیشی داڕشت.
- لە ساڵی 1976، پەیماننامەیەکی نێودەوڵەوتی دەربارەی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەکان واژوو کرا، لە مادەی سێیەمدا گرەنتی وەرگرتنی ئەو مافانەی بە یەکسانیی بۆ نێر و مێ داناوە.
- لە ساڵی 1979، رێککەوتننامەیەک، نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەکی دژ بە ژن بەهەند وەرگرت، لە 3ی کانوونی یەکەمی 1981 پاش واژووکردنی رێککەوتننامەکە لەلایەن 35 دەوڵەتەوە، کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە هەمان ساڵدا، رێکخراوی (کار)ی نێودەوڵەتی، رێککەوتنێکی (کار)ی دەرکرد بۆ ئەوانەی بەرپرسیارێتی خێزانیان لەئەستۆدایە. ئەو رێککەوتنە، داوای یەکسانیی رەهای کردووە بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن و بوار رەخساندن لە نێوان کارمەندان بە ژن و پیاوەوە و ئەوانەی بەرپرسیارێتی خێزانییان لەئەستۆدایە، بۆ ئەوەی بتوانن کارەکانیان بەئەنجام بگەیەنن.
- لە ساڵی 1985 کۆنگرەی سێیەمی پەیوەست بە پرسی ژنان لە نایرۆبی پایتەخی کینیا بەسترا، ئامانجی کۆنگرەکە بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن بوو بۆ دەستکەوت و ئەنجامەکانی کۆنگرەکانی تایبەت بە پرسی ژنان لە (1976 – 1985).
- لە ساڵی 1994 کۆنگرەی قاهیرەی نێودەوڵەتی بۆ نیشتەجێبوون و گەشەکردن ئەنجام درا، یەکێک لە ئامانجەکانی هەوڵدان بوو بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی لە نێوان ژن و پیاو و لابردنی هەموو جۆرە رێگرییەکی یاسایی، سیاسی و کۆمەڵایەتی کە ژنان رووبەڕووی دەبنەوە، هەروەها هاوکاریی ژنان بکرێت بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان.
- لە ساڵی 1995 لیژنەی ناوەندی ژنان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆنگرەی بەیجینی بەست، لەو کۆنگرەیەدا جاڕنامەی بەیجین دەرچوو کە باوەڕهێنانە بە مافەکانی ژن لە چوارچێوەی مافەکانی مرۆڤ. هەروەها لە کۆنگرەکەدا تیشک خرایە سەر چەندین چەمکی تازەی پەیوەندیدار بە نێوانی نێر و مێ و مافی ژن لە لایەک، مافی منداڵان و مێرمنداڵانی مێیینە لە لایەکی تر. جەختیشی لەسەر چەمکی جێندەر کردەوە و داوای کرد روانگەی کۆمەڵگە و راگەیاندنەکان بۆ ئەو وێنا نەرێنییە باوانەی لەسەر ژن هەیە، بگۆڕدرێن.
- لە ساڵی 2000 نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵگەنامەی (بەیجین 5+)ی دەر کرد. داوای کرد پشتیوانیی بەهێز لە هەڵمەتەکانی جێندەر بکرێت و خولەکانی راهێنان بۆ یەکسانیی نێوان ژن و پیاو زۆر بکرێن بەجۆرێک گەنجانی هەردوو رەگەزیش بگرێتەوە، بە ئامانجی نەهێشتنی وێنا نەریتییە باوە نەرێنی و زیانبەخشەکان دەربارەی رەگەزی مێ.
لە هەمان ساڵ، نەتەوە یەکگرتووەکان لە رێگەی ئەنجومەنی ئاسایشەوە توانییان بیسەلمێنن لە کاتی نائارامی و شەڕی چەکداریدا، نەک تەنیا بیر لە کاریگەرییەکانی بۆ سەر ژن بکرێتەوە، بەڵکوو پێویستە ژنان بەشدارییان پێ بکرێت لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و نەهێشتنی رووداوی نەخوازراودا، چونکە خۆیان خاوەن بەرژەوەندین لە سەقامگیری و بوونی ئاشتی و ئارامیدا. هەروەها ئەنجومەنی ئاسایش بڕیاری ژمارە 1325ی دەرکرد، کە لە ناوەڕۆکەکەیدا ئاماژە بەوە کراوە لە ئاشتی و ئارامیدا دەبێت و ئەرکە رەچاوی تایبەتمەندێتی ژنان بکرێت و بەشدارییان هەبێت لە پاراستنی ئارامی و بنیاتنانی ئاشتیدا، بەتایبەتییش لەو ناوچانەی بەهۆی ناکۆکییەکانەوە زیانیان بەر کەوتووە، ئەمەش پێویستی بە ئیرادەیەکی کرداریی راستەقینە هەیە لەلایەن دەوڵەتەوە و دەبێت پەیڕەوی بکات و نەخشەڕێگە دابنێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە.
- ساڵی 2005 لیژنەی ناوەندی ژنان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆنگرەی (بەیجین 10+)ی بەست و بڕیاری لەسەر بەڵگەنامەی بنەمای یەکسانیی جێندەری دا، جەختیشی لەسەر بەندەکانی بەڵگەنامەکەی بەیجینی پێشتر کردەوە.
*ئەم وتارە، یەکێکە لە زنجیرەیەک وتار کە نووسەر لەبارەی (مێگەرایی)یەوە دەینووسێت.
خ.غ
خ.غ