گێتی

"هەدەپە یەکسانە بە پەکەکە".. ئەردۆغان سەنگەری لە کورد گرتەوە و بوڵدان باسی کۆتایی دەسەڵات دەکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


"هەدەپە یەکسانە بە پەکەکە".. ئەردۆغان سەنگەری لە کورد گرتەوە و بوڵدان باسی کۆتایی دەسەڵات دەکات
مەودا میدیا-

تورکیا زیاتر لە رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمار و پەرلەمانی وڵاتەکی نزیک دەبێتەوە و سەرکردە و پارت و هاوپەیمانێتییەکانیش لە رێگەی لێدوان و چاوپێکەوتنە رۆژنامەوانییەکانەوە، ململانێکان گەرمتر دەکەن.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئەکەپە

ئەردۆغان: هەدەپە یەکسانە بە پەکەکە
رەجەب تەیب ئەرۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی پارتی داد و گەشەپیدان- ئەکەپە، لە کۆشکی سەرۆکایەتی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ چوار رۆژنامەڤانی نزیک لە حکومەت و پارتەکەی ئەنجامدا.

ئەردۆغان رەخنەی تووندی لە کۆبوونەوەی سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری- جەهەپە و پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە گرت. ئەردۆغان هەدەپەی بە رێکخراوێکی تیرۆریستی ناوبرد و وتی "کڵیچدار ئۆغڵو درێژكراوەى رێكخراوێکی تیرۆریستی له‌ په‌رله‌مان كرده‌ هاوبه‌شى خۆی‌ و پێكه‌وه‌ رێگەیان گرتووه‌ته‌به‌ر، هەدەپە یەکسانە بە پەکەکە، یەکسانیشە بە یەپەگە و پەیەدە."
 
پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە
"دەسەڵات دەگۆڕین"
رۆژی چوارشەممە 22ی ئازاری 2023 پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە رایگەیاند "بەربژێرمان نابێت بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا".

بوڵدان وتیشی "بەیانیی 15ی ئایار بەهیواوە لە خەو هەڵدەستین، پەرلەمان وەک شوێنێکی سەرەکی بۆ چارەسەرکردنی دیموکراسی و ئاشتیانە بۆ دۆزی کورد دەبینین".

پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە ئاماژەی بەوەشکرد "ئەم دەسەڵاتەی هەیە خراپە و دەیگۆڕین".

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە
"دیارینەکردنی بەربژێر بە دروست دەزانم"
سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە کە ماوەی حەوت ساڵە بێ دادگاییکردن لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە زیندانیکراوە، وەڵامی چەند پرسیارێکی رۆژنامەڤانانی دایەوە سەبارەت بە کورد و هەدەپە و هەڵبژاردنەکانی تورکیاوە.

دەمیرتاش وتی " هاوپەیمانێتیی رەنج و ئازادی بە بڕیاری دەستنیشان نەکردنی هیچ بەربژێرێک بۆ سەرۆک کۆمار هەنگاوی نا، پێویستە رێز لەمە بگیرێت. من ئەم بڕیارە بە دروست دەزانم."

لەبارەی ئەگەری کرانەوەی ئەردۆغان بەڕووی کورددا، دەمیرتاش ئاماژەی بەوەکرد "دەسەڵاتی ئێستا هیچ کارتێکی نەماوە تاکو بتوانێ لەم 50 رۆژەی بەر لە هەڵبژاردن بەکاریبهێنێت و سوپرایز بۆ دەنگدەری کورد بکات".

میتحەت سانجار، هاوسەرۆکی هەدەپە
"چاوەڕوانیمان ئەوەیە زیاتر لە 100 کورسی بەدەستبهێنین"
هەرچەندە پارتی دیموکراتی گەلان داوای دواخستنی دۆسییەی پارتەکەیانی بۆ دوای هەڵبژاردنەکانی تورکیا کرد، بەڵام دادگای دەستووری داواکەیانی رەتکردەوە و رۆژی ١١ی نیسانی ٢٠٢٣ی بۆ هەڵسەنگاندنی دۆسییەکەیان دیاریکرد، بەو هۆیەشەوە مەترسیی داخستنی هەدەپە ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوە.

میتحەت سانجار، هاوسەرۆکی هەدەپە دەڵێت "ئەگەری داخستنی پارتەکەمان لە هەزاردا، یەکیش بێت بۆ ئێمە مەترسییەکی گەورەیە، ناخوازین چارەنووسی ئەو هەموو دەنگە بەفیڕۆ بچێت، بۆیە بەناوی پارتی سەوزی چەپ- یەسەپە بەشداریی لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەین".

سەبارەت بە پێشبینیان بۆ رێژەی ئەو کورسییانەی چاوەڕوان دەکەن بەدەستیبهێنن، سانجار وتی ""چاوەڕوانیمان ئەوەیە زیاتر لە 100 کورسی بەدەستبهێنین".

بڕیارە رۆژی ١٤ی ئایاری ٢٠٢٣، هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمانی تورکیا (کە ژمارەیان ٦٠٠ ئەندامە)، لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری وڵاتەکە بەڕێوەبچێت کە بە یەکێک لە رووداوە سیاسییە چارەنووسسازەکانی تورکیا دادەنرێت. 

خ.غ
 
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان