نەرمین عوسمان
مێژووی بزووتنەوەکانی مێگەرایی لە عیراق
عیراق لەو وڵاتە عەرەبییانەیە کە سەرمەشقی داواکردنی مافەکانی ژن و لابردنی چەوساندنەوەی کۆمەڵایەتییە لەسەریان. بەپێی سەردەم و کولتوور، بزووتنەوەکانی ژنان داواکاری و چالاکییەکانیان جیاوازیی زۆریان هەبووە.
لە ساڵی 1904، لەسەر داوای سوڵتانی عوسمانی، عەبدولوەهاب پاشا، والیی بەغدا، فەرمانێکی دەکرد کە لە سەرژمێریی شاری بەغدادا ژنانیش وەک پیاوان سەرژمێر بکرێن و ناسنامەی باری شارستانییان پێ بدرێت. ئەم فەرمانە کاردانەوەیەکی توندی بەدوای خۆیدا هێنا، خەڵک و پیاوانی ئایینی و عەشایەرەکان زۆر بەتوندی دژی وەستانەوە بە بیانووی ئەوەی کە ئەو فەرمانە لەگەڵ دابونەریتی عەرەب ناگونجێت و دژی شەرەف، ئەخلاق و شکۆمەندیی عەرەبییە. پیاوان لە زۆربەی ناوچەکانی بەغدا بەیەکەوە خۆپیشاندانێکی گەورەیان دەست پێ کرد؛ بە دەهۆڵ و زوڕنا، چەک، شمشێر، خەنجەر و کوتەکەوە بەرەو سەرای والی رۆیشتن، والی لە سەرادا خۆی شاردەوە و دواتر پەشیمان بووەوە لە فەرمانەکەی و خۆپیشاندەران بە هوتافکێشان بڵاوەیان لێ کرد. ئەم چیرۆکە، واقیعی ئەوسای بەغدامان بە روونی پێ دەڵێت؛ گەلێک دژی داگیرکەر نەوەستانەوە، بەڵام دژی بڕیارێکی مافە سەرەتاییەکانی ژن، هەڵیانکوتایە سەر سەرای والیی عوسمانییەکان. بەو واتایەی ژن تەنیا موڵکیەتی پیاوە و بەلایانەوە مرۆڤ نین و پێویستیان بە ناسنامە نییە.
لە ساڵی 1910، شاعیر و ئەکادیمیی بەناوبانگی عیراق، جەمیل سدقی زەهاوی (کە بە رەگەز کوردە و لە میری بابانەکانە)، وتارێکی لە رۆژنامەی (المؤید)ی میسریدا بڵاو دەکاتەوە و داوای لابردنی چەوساندنەوەی لەسەر ژن و بەدەستهێنانی مافەکانیان دەکات. دواتر ئەو وتارە لە گۆڤاری (تنویر الافکار)ی عیراقیدا بڵاو دەکرێتەوە. ئەم وتارە دژایەتی زۆری کرا و ناچار (نازم پاشا)ی والیی ئەوسای عوسمانییەکان لە بەغدا، جەمیل سدقی زەهاوی لە کارەکەی لابرد.
ئەم چیرۆکە مێژووییانەی باسیان دەکەین، سەرەتای ئەو ناکۆکییەی نێوان: دواکەوتوویی و پێشکەوتوویی، خوێندەواری و نەخوێندەواری، کۆیلایەتی و ئازادییە... ناوچەکە لە متبوونێکی قووڵدا بوو لە نەبوونی ماف و خوێندەواریدا، دابونەریتی رەوەندی و عەشایەری زاڵ بوون بەسەر کۆمەڵگەدا و هیچ بەهایەکی مرۆییانەیان نەدابوو بە ژن، ژن بە (عەورەت) و عەیبە لەقەڵەم دەدرا. لەو سەردەمانەدا ژنان دنیایەکی جیاوازیان هەبوو لەگەڵ پیاواندا، تەنانەت ماڵەکانیشیان دوو بەش بوو؛ ئەو بەشەی بۆ ژنان تەرخان دەکرا، ناویان نابوو (حەرەم). لە شوێنە گشتییەکانیش کات بۆ ژن تەرخان کرا بوو، نەدەبوو تێکەڵ بە پیاوی نەناسراو ببن سەرەڕای ئەوە بە چەندین عەبا و پەچە خۆیان دەشاردەوە لە چاوی پیاوان.
دوای رووخانی خەلافەتی عوسمانی، عیراق بەگشتی بە رووی جیهاندا کرایەوە و لە زۆر رووەوە کرانەوەی بەخۆوە بینی:
لە شوباتی 1922، پەیمانگەی زانستیی بەغدا، فێستیڤاڵێکی شیعریی لەژێر ناوی (سوق العکاظ) بۆ شاعیران رێک خست. هەندێک لە کچان ویستیان بەشدار بن و دەستنیشانی نەوەی شێخ ئەحمەد داودیان کرد کە وەک نوێنەریان بەشدار بێت. توندڕەوەکان کە بەمەیان زانی، پەلاماری پەیمانگەکەیان دا و خوێنی چەندین مامۆستایان رشت، دواتر رەسافیی شاعیری گەورەی عیراقی، لەسەر شانۆی سینەما رۆیاڵ، بە شیعرێک وەڵامی ئەو توندڕەوانەی دایەوە، لەبەر ئەو هۆیە، لە گۆڤاری دیجلە، هەڵمەتێکی دژایەتیکردنی رەسافی دەستی پێ کرد و بە کافر لەقەڵەمیان دەدا؛ لە بەرانبەردا، رۆشنبیران و پێشکەوتنخوازان، وەک پشتیوانیی دەیان وتاریان نووسی. دوای ئەوە، داواکاری بۆ سەندنی مافەکانی ژنان، رۆژ بە رۆژ پەرەی دەسەند.
لە ساڵی 1923 (یانەی راپەڕینی ژنان) لە بەغدا کرایەوە و چەندین چالاکوان هاتنە مەیدان و داوای ئازادییان بۆ ژنان دەکرد، ئەنجومەنێکیان بە سەرۆکایەتی (ئەسما زەهاوی) خوشکی (جەمیل سدقی زەهاوی) پێک هێنا. ئامانجیان رێنوێنی ژنان و کچان بوو بۆ خۆپەروەردەکردن لە هەموو بوارەکاندا و چوونە بەر خوێندن بوو. یەکێک لە ژنە چالاکەکان؛ بۆلینا حەسوون، لەو یانەیە گۆڤارێکی بەناوی (لیلی) دەر کرد کە بە یەکەم گۆڤاری ژنانی وڵاتە عەرەبییەکان دادەنرێت.
دواتر رۆژنامەنووسی بەناوبانگی عیراقی، حسەین رەحال و هاوڕێکانی، لە ساڵی 1924 بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی بەرفراوانیان بۆ ئازادیی ژنان دەست پێ کرد.
ئەو بزووتنەوانە بەهۆی دەرچوونی یاسای (دامەزراندنی کۆمەڵەکان) ژمارە 27ی ساڵی 1922ەوەوە بوون و چەندین کۆمەڵەی مێگەرایی دروست بوون. زۆربەیان داوای مافە سەرەتاییەکان و ئازادیی ژنیان دەکرد، لە پاڵیشیدا داوای سفورییان دەکرد.
لە ساڵی 1943، رابیتەی ژنان لەلایەن کۆمەڵێک ژنی خوێندەوار و پێشکەوتنخوازەوە دروست کرا. ئامانجە سەرەکییەکانیان؛ بەرهەڵستیی بیری نازییەکان و فاشیزم بوو، هەروەها بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و ئەدەبیی ژنان و کردنەوەی چەندین بنکەی نەهێشتنی نەخوێندەواریی تایبەت بە ژنان... لە ساڵی 1946، دەستیان کرد بە دەکردنی گۆڤاری (تحریر المرأة). لە 10ی ئازاری 1952، ناوی رابیتەکەیان گۆڕی بۆ، (رابیتەی داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنانی عیراقی). ئەو ژنانەی کە ئەو رابیتەیەیان دروست کرد، بریتی بوون لە: موبەجەل بابان، خانم زوهدی، نەزیهە دلێمی، بوشرا پەرتەو، رۆز خەدووری، عەفیفە بوستانی، سافیرە جەمیل حافز، ڤیکتۆریا نوعمان، کە دووان لەوانە کورد بوون.
بەشداریکردنی شاندێکی عیراقی لە کۆنگرەی ژنان لە قاهیرە لە ساڵی 1944، کاریگەریی زۆری دەبێت بۆ بیرۆکەی دروستکردنی یەکێتیی ژنانی عیراقی هاوشێوەی یەکێتیی ژنانی میسری و لە ساڵی 1945، یەکێتیی ژنانی عیراقی دامەزرا.
لە ساڵی 1959، دوای دەرچوونی یاسای باری کەسێتی، بزووتنەوەی مێگەرایی لە عیراق پەرەی سەند و وەک بزووتنەوەیەکی بەرچاو چالاکییەکانیان فراوانتر بوو، چونکە پێشتر یاساکان کە لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە و کاریان پێ دەکرا، یاسای جیاکاری بوون. دوای هەوڵێکی زۆر، لە ساڵی 1959 یاساکان گۆڕانکاری بنەڕەتییان بەسەردا هات و لەگەڵ رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان گونجێنرا، بەتایبەتییش دەربارەی یەکسانیی نێوان ژن و پیاو، بێ ئەوەی لەگەڵ بنەما ئایینییەکان دژ بێت.
لەگەڵ ئەوەی چەندین رژێمی دیکتاتۆریی لە عیراق دەسەڵاتیان گرتە دەست، بزووتنەوەی ژنان لە چالاکییەکانیان نەوەستان تا دوای شکستی رژێمی سەدام لە شەڕی کوەیت، کە بۆ وەرگرتنەوەی شەرعیەتی حوکمڕانی، کەوتە کۆکردنەوە و نزیکبوونەوە لە خێڵە عەشایەرییەکان و کەسە ئایینییە توندڕەوەکان، ئەوەش وای کرد بزووتنەوە رۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەکان لەسەرووی هەموویانەوە، بزووتنەوەکانی ژنان پاشەکشە بکەن، چونکە لەگەڵ دابونەریت و باوەڕە ئایینییە توندڕەوەکان نەدەگونجان و بەشێک لەو رێکخراو و بزووتنەوانەش سەر بە دەسەڵات بوون و نەیاندەتوانی لە دژی بەرژەوەندییەکانی دەسەڵات کار بکەن.
ئەو دۆخە بەردەوام بوو تا کەوتنی رژێمی سەدام لە 2003، لە دوای ئەوە، جارێکی دیکە عیراق بە رووی جیهاندا کرایەوە و وەرچەخانی گرنگ لە دەوڵەتی عیراقدا رووی دا، دەسەڵات لە دیکتاتۆری و تاکڕەوییەوە گۆڕا بۆ پەرلەمانی و فرەیی و دەستووری نوێ دانرا. بێگومان دۆخی ژنانیش گۆڕانکاریی زۆری بەسەردا هات، بەتایبەت لە رووی دەسەڵات و دامەزراوە و رێکخراوەییەوە، کۆتای ژنان بوو بە یاسا کە بەهۆیەوە باشتر دەتوانن دەنگ و سەنگیان هەبێت، لە چەند کابینەیەکی حکومیدا وەزارەتی ژنان هەبوو کاری بۆ ئەوە دەکرد عیراق ببێتە ئەندام لە رێکخراو و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافەکانی ژنان. بەڵام بەداخەوە، ماوەی چەند ساڵێکە دیسان پرسی ژنان و مافەکانیان لە عیراق لە پاشەکشەدایە و پایەکانی دەسەڵات بەشێوەیەکی گشتی بێهێز و لەرزۆک بوون و هێزە دەمارگیر و تایەفییەکان لەبرەودان، تەنانەت دوابڕیاری دادگەی فیدراڵییش سەبارەت بە یاسای باری کەسێتی و فرەژنی، بڕیارێکی نێرسالارانە و دژ بە مافەکانی ژنان بوو.
خ.غ
خ.غ