نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

رادیۆ، ئەو ئامێرەی پەراوێز ناخرێت

رادیۆ، ئامراز و ئامێرێکی راگەیاندنی بیستراوە. ناوەکەی لە وشەی (رادیۆس)ی لاتینییەوە وەرگیراوە کە بە مانای (نیوەتیرە) دێت، ئەمەش لەبەرئەوەی شەپۆلە کەهرۆموگناتیسییەکانی بەشێوەی بازنەیی لە ئەتمۆسفێردا بڵاودەبنەوە.

لە ساڵی 1906 یەکەم ئێستگەی رادیۆیی پەخشی دەستپێکردووە، پاش ئەوەی هەندێ زانا شەپۆلە کەهرۆموگناتیسییەکانیان دۆزییەوە و ئامێری بێسیمیان دروستکرد و رێگەیان خۆشکرد بۆ پەیدابوونی رادیۆ.

سەرەڕای پێشکەوتنەکان لەبواری تەکنەلۆجیا و پەیدابوونی دەیان ئامرازی راگەیاندن، کە تا رادەیەک کاریگەریی خۆی لەسەر رادیۆ داناوە بەهۆی ئەوەی جاران تەنها ئەو بوونی هەبوو لە مەیدانی پەخش، بەڵام تاکو ئێستا رادیۆ ئامرازێکی گرنگی راگەیاندنە لە سەرتاسەری جیهاندا و پەراوێز نەخراوە. ئێستگەکان و ئامێرەکانی رادیۆ، لەگەڵ پێشکەوتنەکاندا گونجێندراون و سوودیان لە شۆڕشی تەکنەلۆژیا وەرگرتووە. هاوڵاتی دەتوانێ گوێبیستی سەدان ئێستگەی رادیۆیی بێت بێ ئەوەی پێویستی بە ئامێری رادیۆ هەبێ، ئەویش لە رێگەی ئینتەرنێت و مۆبایل و ئامێرە ئەلکترۆنییەکانی دیکەوە، هەروەها ئامێرەکانی رادیۆ و تۆمارکردنی دەنگ بچووک کراونەتەوە بە کێشی کەمتر و بڵاوبوونەوەی خێراتر و هەرزانتر.

گرنگیی رادیۆ لەوەدایە تەنها هەستی بیستن بەکاردەهێنێت و هەستەکانی تری مرۆڤ لە کاتی گوێگرتن دەتوانن کاری دیکە ئەنجامبدەن، واتا دەتوانرێ لە کاتی گوێگرتن لە رادیۆ کار و چالاکیی دیکە بکرێت. لە لایەکی تریشەوە بۆ نابینا و نەخوێندەوارەکان زۆر بەسوودە. ئەمە جگە لەوەی دەتوانێ زۆر بەخێرایی هەواڵ و رووداو و ئاگادارکردنەوەکان پەخش بکات بەهۆی پێویستنەبوونی بە ئامێری زۆر. لە هەمان کاتدا چەندین بەرنامەی جۆراوجۆریش پەخش دەکات و تاکو ئێستا چێژی خۆی هەیە.

یونسکۆ، 13ی شوباتی بە رۆژی جیهانیی رادیۆ داناوە، کە ئەو رۆژەیە رادیۆی نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزراوە.
لە سەرەتادا کە رادیۆ پەیدا بوو، ئەوەندە بەردەست نەبوو و نەدەتوانرا لە هەموو شوێنێک و هەموو ماڵێکدا هەبێ، ئەویش بەهۆی گرانیی ئامێرەکە و نەبوونی کارەبا و نەگەیشتنی شەپۆلی ئێستگەکان بە هەموو شوێنێک، بەڵام شۆڕشێکی تەکنەلۆژیایی و میدیایی بووە.

یەکەم رادیۆ لە عیراق، بە ناوی ئێستگەی بەغدا بەشێوەی فەرمی لە 1ی تەمووزی 1936 دامەزراوە و دووەم رادیۆ بوو لە وڵاتە عەرەبییەکاندا پاش رادیۆی دەنگی قاهیرە.

لە 19ی تشرینی یەکەمی 1939 یەکەم هەواڵ بە زمانی کوردیی لە کاژێر (8:15) خولەک لە هەمان وێستگە خوێندراوەتەوە لەلایەن کامیل کاکەئەمین عەبدولکەریم.

سەرەتا بەشی کوردیی بەشێک بووە لە ئێستگەی بەغدا. لە 22ی تەمووزی 1944 بڕیار دراوە کاتێکی سەربەخۆی لە هەمان ئێستگە هەبێ و پەخشی بە کوردی بێ. رادیۆی بەغدا تا ساڵی 1949 لە رۆژێکدا دوو کاژێر و (45) خولەک پەخشی کوردیی هەبووە.

یەکەم رادیۆ بە زمانی کوردی، لە قەفقاز دەستی بە پەخش کردووە لە ساڵی (1923)، تا ساڵی (1929) بەردەوامبووە و بە یەکەم رادیۆی کوردیزمان لە مێژووی کورد ئەژمار دەکرێ.
ئێستگەی دووەم بە زمانی کوردی، لە رادیۆی رۆژهەڵات لە 5ی ئازاری 1941 لە بەیروت بووە و پێنج ساڵ پەخشی کردووە.

سێیەم ئێستگە، لە ئابی 1942 لە یافا لە فەلەستین کراوەتەوە. عەبدوڵڵا گۆرانی شاعیر و رەفیق چالاک کاریان تێدا کردووە.

لە 1ی کانوونی دووەمی 1955 رادیۆی یەریڤان لە ئەرمینیا، لە هەفتەیەکدا چوار کاژێر بە زمانی کوردی پەخشی هەبووە.
لە 10ی نیسانی 1946، یەکەم ئێستگەی رادیۆیی لەسەر خاکی کوردستان، لە شاری مەهاباد دامەزراوە کە هی کۆماری مەهاباد بووە و لەلایەن سۆڤێتییەکانەوە کراوەتەوە و هاوکاربوون لە بەڕێوەبردنیدا.

لە کوردستانی باشوور، لە ساڵی 1964 ئێستگەی شۆڕش یەکەمجار لە ئەشکەوتی رەش لە ناوچەی ژاژڵە کراوەتەوە کە عەبدولخالق مەعروف بەرپرس و سەرپەرشتیاری کاروباری تەکنیکی و هونەریی ئێستگەکە بووە.

لە رێکەوتی 21ی ئازاری 1979 رادیۆی (دەنگی گەلی کوردستان) دامەزرا کە زمانحاڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو و دواتر بووە (دەنگی شۆڕشی عیراق) و لە (1984 – 1985) بووەوە بە دەنگی گەلی کوردستان. ئەو ئێستگەیە پشتیوانێکی گرنگ بوو بۆ هێزی پێشمەرگە و گواستنەوەی هەواڵ و سەرکەوتنەکانی لە شۆڕشی نوێی گەلەکەماندا. هەروەها لە راپەڕینە مەزنەکەی بەهاری 1991یش کاریگەریی گەورە و یەکلاکەرەوەی هەبوو.

یەکەم ئامێری رادیۆ لە ساڵی 1932 لەلایەن خاوەنی چایخانەی حەمە رەق هێنراوەتە شاری سلێمانی. دەڵێن بە شەوان خەڵک دەوریان داوە و وەک جنۆکە سەیریان کردووە.

لە هەولێریش بە هەمان شێوە، لە ساڵی 1937 یەکەم ئامێر خاوەن چایخانەیەک هێناویەتی.

لە شاری کۆیەش لە چلەکاندا خاوەنی چایخانەی زراری حەمەمین هێناویەتی.
یەکەم بێژەری ژن کە بە دایکی رادیۆی کوردی ناوزەند دەکرێت (ئیزنیڤا)یە. ئەو بێژەرە لە (1955 – 1982) بۆ ماوەی (27) ساڵ بەبێ دابڕان لە رادیۆی یەریڤان کاریکردووە.

هەروەها هەردوو ژنە بێژەر (پەروین موشیر وەزیری و میدیا زەندی) لە رادیۆی کوردیی تاران و دواتریش لە رادیۆی کوردیی کرماشان رۆڵی گرنگیان بینیوە لە ناساندنی ئەدەب و کولتووری کورد بە خەڵکی ناوچەکە. میدیا زەندی، هاوسەری هونەرمەند حەسەن زیرەک بوو و یەکەم بێژەری ژن بووە لە رادیۆی کوردیی تاران.

لە رادیۆی شۆڕشی عیراقی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نەرمین و فریشتە بێژەر بوون و خاتوو (ئاشتی و خەدیجە)ش کارمەند بوون.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan