نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

جیاوازییەکان، ئامڕازی پێکەوەژیان نەک دابڕان

پارتە سیاسییەکان، ئامڕازێکی چالاکین بۆ بەشداری لە ژیانى سیاسیی بەپێی چوارچێوەیەکی داڕێژراوی یاسایی. تاکیش بەپێی بۆچوون و بەرژەوەندیی خۆی، لەناو یەکێ لەو پارتانەدا خۆی دەدۆزێتەوە و کارى تیادا دەکات. پارتەکانیش لە رێگەى بانگەواز و دروشم و کار و چالاکیی، بانگەشە دەکەن بۆ ئەوەى تاک، بەتایبەتیی گەنجان، رابکێشن بۆ ناو پارتەکانیان. 

ئەوەى لای ئێمە لەناو پارتەکان بەدی دەکرێت و رەفتاری پێ دەکەن؛ لە رێگەى بانگەوازی نادروست و دروشمی بریقەدار، تا بۆیان بکرێت، هزر و بۆچوونی لایەنگران و ئەندامانیان دەگۆڕن و پڕیان دەکەن لە رق و کینە بەرامبەر بەیەک، کە ئەمەش مەترسییە لەسەر پرنسیپی یەکتر قبوڵکردن و پێکەوەژیان و مەبەستیشیان ململانێیەکی نابەجێیە بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات و کۆنترۆڵکردن و سڕینەوەى لایەنی بەرانبەر. 

ئەم دیاردەیە، بە زەقیی لەنێو تۆڕەکانى کۆمەڵایەتی و نووسین و وتارەکاندا بەدی دەکرێت. جنێو و سووکایەتی و ناوبانگ زڕاندن و قسەى نابەجێ و هەندێ جار بوختان، هەمووی لەو باوەڕەوە هاتووە کە دەبێ لایەنی بەرانبەر بهاڕن و دەنگیان کپ بکەن و تەنیا دەنگی خۆیان بیستراو بێت. وایان کردووە کەشێکی دوژمنکارانە دروست بووە تەنانەت لەناو نووخبەکانیشیاندا.

ئەم دیاردەیە، بووەتە نەخۆشییەکی کوشندەی کۆمەڵگە و بەرەو داڕمانی دەبات لە هەموو روویەکەوە، بەتایبەتی لە رووی دەروونی و باوەڕی تاک، وایان کردووە باوەڕی بە هیچ نەمێنێ، رەش و سپی تێکەڵ بەیەک بکەن و سەر لە تاکی کورد بشێوێنن، راستی و دروستیی لا نەمێنێ و هەمووی بە خراپ بزانێ. ناکۆکییە سەرەکییەکان بەلاوە نراوە و سەرقاڵیان کردوون بە ناکۆکییە لاوەکییەکان. ئەم دیاردەیە، بە دڵی دوژمنەکانى کوردە و هەوڵی پەرەپێدانى دەدەن.

بەڵێ بۆ ئازادیی رادەربڕین، بەڵام ئازادیی رادەربڕین بەم شێوەیە نییە و جیاوازیی لە بۆچوون و تێگەیشتنمان، سروشتییە. ئازادیی ئەوە ناگەیەنێت کە ئەگەر لەگەڵم نەبووی ئەوا دوژمنمی، جیاوازیم لەگەڵتدا مانای رق نییە بەرانبەرت یان بە گێل و نەفامت بزانم.

کاتێ لەسەر مێزی گفتوگۆ یان لە کۆڕێک دادەنیشین و پرسێک دەورووژێ، بێگومان جیاوازیمان لەسەر ئەو پرسە هەیە و هەموومان رامان وەک یەک نابێ، ئەم جیاوازییە، نابێ ببێتە هەوێنی دوژمنایەتی، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، بە بۆچوونەکانى یەکتری، زانیاریمان لەسەر ئەو بابەتە یان پرسە، زیاتر دەبێ.

ئەم جۆرە لە کارکردن و پەروەردەکردنی لایەنگران و ئەندامانى پارتەکان، وایان کردووە جیاوازییەکان لەسەر بابەت و پرسەکان، ببێتە هۆی ناکۆکی و ناکۆکیش توندوتیژیی لێ دەکەوێتەوە و خودی توندوتیژیش دەبێتە هۆی داڕمانى ژیان و دەستکەوتەکان، هەر بۆیە پێویستە لەسەرمان فێری یەکتر قبوڵکردن بین بە جیاوازییەکانمانەوە، گوتارەکانمان دەوڵەمەند بێ بە بابەتی عەقڵانیی دروست و دووربێ لە سووکایەتی و سڕینەوەى لایەنی بەرانبەر.

با چیتر باری دەروونیی تاکی کورد ماندوو نەکەین، رەنگە جنێو و سووکایەتی، جۆرێک بێ لە سووککردنی باری دەروونیی قورسی تاک، بەڵام لایەنی بەرانبەر ئازار دەدات و بێگومان ئەویش کاردانەوەی توندی دەبێت و توندوتیژی؛ توندوتیژیی بەرهەم دەهێنێتەوە.

ئەم رێگەیەى ئێستا گیراوەتەبەر، جگە لە دروستکردنی ئاڵۆزیی زیاتر و سوود گەیاندن بە دوژمنان، هیچی دیکەى لێ سەوز نابێت.

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan