نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

ئەرکی كورد لە شەڕی ئیسرائیل و فەلەستیندا

ئەم شەڕەی ئەمڕۆ لەسەر خاکی فەلەستین و ناوچەی غەززە، بەتایبەتی لە گەڕەکی جەڕاح لە قودسی رۆژهەڵات و مزگەوتی ئەقسا روودەدات، کە باڵە سەربازییەکانی فەلەستین بە مووشەک چەند شارۆچکەیەکی ئیسرائیل و ئیسرائیلیش بە فڕۆکە چەند ئامانجێکی ناوچەی غەززە بۆردوومان دەکەن و خەڵکی سڤیل لەناودەچن.

هەندێک لە چاودێرانی سیاسی، پێیانوایە ئەمە هەلێکی زێڕینە بۆ نەتەنیاهۆ تا لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە و بە خەڵکی ئیسرائیل بڵێ؛ لە ئاستی بەرپرسیارێتیدام بۆ پارێزگاریی لە کیانی ئیسرائیل، پاش ئەوەی شکستیهێنا لە پێکهێنانی حکومەت. هەندێکی تریش دەڵێن؛ حەماس بەو هێرشانە دەیەوێت ببێ بە خاوەنی سەرەکیی پرسی فەلەستین، بەهۆی ئەوەی دەمێکە فەتح کۆنگرەی نەبەستووە لە ترسی لەدەستدانی دەسەڵات.

لە لایەکی تریشەوە، ئیسرائیل ترسی هەیە لە نزیکبوونەوەی ئیدارەی ئێستای ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی بایدن لە فەلەستینییەکان. هەندێ لایەنیش هەن دژ بە واژۆکردنی رێککەوتنی (ئەبراهام)ن، کە لەنێوان وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و ئیسرائیل کراوە، دەترسن پەرەبستێنێ و چەند وڵاتێکی عەرەبیی تر بچنە ناو ئەو رێککەوتنەوە، هەر بۆیە دەیانەوێ شکست بەو ئاشتەواییە بهێنن، چونکە بە ئاشتیی چارەسەرکردنی پرسی فەلەستین، گرووپە چەکدارەکان هەلی مانەوە و بەردەوامییان لەدەستدەچێ. 

ئەمانە هەمووی لێکدانەوەن و هەر هەمووشیان بەشێک لە راستییان تێدایە.
بەهۆی ئەوەی توندڕەویی ئایینی پەرەی سەندووە، چ لە لایەنی ئیسرائیلییەکانەوە کە نەتەنیاهۆ سەرپەرشتییان دەکات و چ لەلایەن فەلەستینییەکانەوە کە حەماس  و جیهادولئیسلام و ئیخوانییەکانن، ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەم شەڕە بەرۆکی زۆر لایەنی تر بگرێتەوە، هەردوو لایەنیش دەیانەوێ رای گشتیی بەرەو لای خۆیان ببەن. لێرەدا ئەگەری راپەڕینی سێیەم هەیە لە فەلەستین، ئەم جارەیان لەبری بەرد، دەبێ بە مووشەک و بۆردوومان و قوربانیی زۆرتری لێدەکەوێتەوە.

لە راستیدا ئەم کێشە و شەڕە سیاسییە، پەیوەندی بە ئایینەوە نییە، ئایین بووە بە ئامراز بۆ جێبەجێکردنی مەرامە سیاسییەکانیان و هەر لایەنەش بەرژەوەندیی خۆی تیادا دەبینێتەوە.

تورکیا دژی شەڕە، ئەویش لەبەر چەند هۆیەک، لەوانە: راکێشانی سۆزی ئایینیی ئیخوانەکان و دەوڵەتە ئیسلامییە عەرەبەکان. لە لایەکی تر دژی رێککەوتنی ئەبراهامە، دەترسێ پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ کەنداو زیاتر ببێ، دەنا خۆیان چەندین رێککەوتننامەیان لەگەڵ ئیسرائیل واژۆکردووە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی؛ ئابووری و سەربازی و ئاڵوگۆڕکردنی توێژینەوە و ستراتیجە سەربازییەکان و کردنی مانۆڕی سەربازیی دەریایی و ئاسمانیی هاوبەش و مەشقپێکردنی سەربازی تورکی لە ئیسرائیل و پۆشتەکردنەوەی هێزەکانی تورکیا لە رووی ئامێرە سەربازییەکانی وەک فڕۆکە و تانک و زرێپۆش، هەروەها لە رووی ئابوورییەوە رێککەوتنی بازرگانیی ئازاد لەنێوانیاندا هەیە. 

زۆربەی لایەنەکان، پرسی فەلەستین دەقۆزنەوە بۆ بەدەستهێنانی سۆزی کۆمەڵگەی ئیسلامیی بۆ خۆیان.

ئەو هێرشانەی ئیسرائیل بەرانبەر فەلەستینییەکان دەیکات، لە هەموو رووەکانەوە سوودمەندی یەکەم دەوڵەتی ئێرانە و لە بەرژەوەندییەتی حەماس ببێ بەهێزی سەرەکی، هەروەها بۆ دوورخستنەوەی سەرنجەکانی جیهان لەسەر خۆی تا رێگە سەربازییەکانی بۆ واڵا ببێ.

ئێستا پرسیارە گرنگە ئەوەیە؛ کورد لەو نێوەندەدا ئەرکی چییە؟ تاکە ئەرکی وەستانەوەیە بەرانبەر ئەو شەڕە نابەرانبەرە لە رێگەی نووسراو و بەیاننامەوە، ئەویش وەک هەڵوێستێکی مرۆڤدۆستانە و ئاشتیخوازانە، دەنا نە ئیسرائیل دۆستی کوردە و نە سیاسییەکانی فەلەستین. 

هەر ئیسرائیل بوو ئۆجەلانی رادەستی تورکیا کردەوە، هیچ کاتێکیش نە لەسەر عەفرین و نە لەسەر تاوانەکانی تری تورکیا دژ بە کورد نەوەستاوەتەوە و هەڵوێستی نەبووە. سیاسییەکانی فەلەستینیش، دژ بەو هەموو جینۆساید و تاوانەی بەرانبەر بە کورد دەکرا و دەکرێن، بێدەنگن و مێش میوانیان نییە.

یەک فەلەستینیی دژی ستەمکارییەکانی سەدام نەوەستانەوە و نەهاتنەتە گۆ، هیچ یەکێکیان نەهاتنە پاڵ پێشمەرگە کە ئەوسا لە عیراق بوونیان هەبوو، لە کاتێکدا دەیان کورد لە خاکی فەلەستین شەهید بووە و گۆڕستانێک لە هەولێر هیی ئەو قوربانیانەیە.

ناوبەناو لەملا و ئەولا گوێمان لێ دەبێ کەسانێک هانی خەڵک دەدەن بچن بۆ جیهاد و سۆزی ئایینی خەڵک دەورووژێنن و کوڕی هەژاری کورد بەکوشت دەدەن، بۆیە حەق وایە هەڵوێستی ئێمە لە ئیدانەکردنی شەڕ زیاتر تێنەپەڕێ، چونکە نە سوودی سیاسی و نە دەستکەوتی دیپلۆماسیی بۆ کورد هەیە.

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan