جوان سەلمان

جوان سەلمان

پێداگۆژی و فێرکردن چین و کامیان چەمکە راستەکەی پەروەردەن؟

پێشەکی
زاراوەی پێداگۆژی یان پێداگۆجی لەم دواییانەدا سەرنجی زۆری کوردستانی راکێشاوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ گشت دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی رۆژئاوا کە بەشدارن لە ئاوەدانکردنەوەی کوردستان، نەک هەر دامەزراوە بیانییەکان، بەڵکو زۆر لە کوردانی هەندەرانیش هەوڵی خزمەتکردنیان داوە لەم بوارەدا. بەگرنگی دەزانم کە لەم بابەتەدا خوێنەرانی کوردستان ئاشنابکەم دەربارەی پێداگۆژی یان پێداگۆجی ئەمەش بەهۆی تێکەڵکردنی بۆچوونەکانە دەربارەی ئەم بابەتەدا.

پێداگۆژی یان پەیداگۆجی؟
پێداگۆژی/ پێداگۆجی بابەتێکە کە مامەڵە لەگەڵ پەروەردە و گەشەکردنی منداڵ دەکات. پێداگۆژی/ پێداگۆجی تیشکدەخاتە سەر هەڵسوکەوت و ئەو رێگەیانەی کە دایک و باوک ( باوان)، پەروەردکاران، مامۆستایان و زۆربەی پیشەکانی تر بەکاریدەهێنن بۆ پەروەردەکردنی منداڵان یان گەنجاندا. پیداگۆج دەتوانن پشتگیریی منداڵان و گەنجان بکەن لە پەرەپێدانی زانیاری، لێهاتوویی و نۆرم و بەها و ناسنامەی کەسیی کۆمەڵایەتییان. پێداگۆژی خۆی دەبینێتەوە لە دەرونناسیی گەشەسەندن، زانستی پەروردەیی، کۆمەڵناسی و ئەنترۆپۆلۆژی. پێداگۆژی بەدوای ڕێگەیەک دەگەڕێت بۆ ئەوەی یارمەتیی منداڵان و گەنجان بدات لە بوارای گەشەکردن، بەرپرسیاری و سەربەخۆیی کەسایەتیدا.

تێڕوانینی مێژوویی
پێداگۆژی یان پێداگۆجی وەڕگیراوە لە زاراوەی پیداگۆگۆس کە وشەیەکی یۆنانییە، بەواتای سەرکردەی منداڵ دێت. هەر لە دێر زەمانەوە ئەم دەستەواژەیە بۆ ئاماژەدان بە رۆڵی کۆیلەیەک کە ئەرکی چاودێری و پەروەردەکردنی منداڵی چینە کۆمەڵایەتییە باڵادەستەکانی پێدەسپێردرێت بەکارهاتوەوە. لە سەدەی نۆزدەیەم دەستەواژەی پێداگۆژی یان پەیداگۆجی سەرچاوەی گرتووە، ئەوکاتە گرینگیدان بە لێکۆڵینەوە لە پەروەردە و پەروردەکردنی منداڵان زیاتر بووە. فەیلەسوف و پێداگۆجیجی ئەڵمانی، یۆهان فریدریش هێربارت زۆر جار وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی پێداگۆژی مۆدێرن ناودەبرێت.کە سیستمی پەروەردەی لەسەر بنەمای مۆڕاڵ و گەشەپێدانیی فکری و دیسیپلین پەرەپێدرا. یەکەم کۆرسی پێداگۆژی لە زانکۆی گۆتینگن لە ئەڵمانیا دامەزرا. لەو کاتەوە پێداگۆژی گەشەی سەندووە و بووەتە بوارێکی زانستیی گرنگ کە تیشکدەخاتە سەر تێگەشتن و باشترکردنی پەروەردە و گەشەکردنی منداڵان و گەنجان.

پێداگۆژی و فێرکردن
هەرچەندە پێداگۆژی و فێرکردن پەیوەندییەکی نزیکیان هەیە و زۆرجار پێکەوە لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت، بەڵام هەندێک جیاوازیی گرنگ لەنێوان ئەو چەمکەدا هەیە. پێداگۆژی تیشکدەخاتە سەر چوارچێوەی فراوانتری پەروەردەکردن و گەشەپێدانی منداڵان و گەنجان. لەکاتێکدا زانستی فێرکردن جەخت دەخاتە سەر رێبازی دیداکتیک؛ واتە چۆن هەوڵبدیەت خوێندکار فێربکەیت و شێوازی فێرکردن بگونجێنیت لەگەڵ پێداویستیی خوێندکار تاوەکو خاڵە بەهێزەکانی بەهێزتر بکەیت و یارمەتیدەری خاڵە لاوازەکانی بیت، بەڵام پێداگۆژی بریتیە لە تێگەشتن لە پێداویستیی گەشەی منداڵ یان گەنج و چۆنیەتی پشتیوانکردنی لە گەشەکردنیان.

فێرکردن بە ئامانجی گواستنەوەی زانیارییە، ئەمەش لە رێگەی شێوازی فێربوونی ستراکچەر و مەنهەجەکانەوە. جیاوازییەکی دیکەی نێوان ئەم دوو چەمکە ئەوەیە کە پێداگۆژی مەودای بەرفراوانترە لە دۆماینەکانی وەک دەروونناسیی گەشەسەندن، کۆمەڵناسی و مرۆڤناسی و... هتد لەکاتێکدا فێرکردن بەشێوەیەکی سەرەکی سەرنج دەخاتە سەر پرۆسەی فێرکردن و شێوازەکانی فێربوون کە بۆ بەخشینی زانیاری بەکاردەهێنرێت.

بە بۆ چوونی بەندە؛ زاراوەی پێداگۆجی جێی  زاراوەی پەروەردە دەگرێتەوە کە هەتا ئەم ساتەش لە کوردستان بە وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن ناودەبرێت، هیچ دوور نییە لە دێر زەمانەوە ئەم وشەیەی پێداگۆژی بووە کە کراوە بە زاراوەی  پەروەردە کە  لەلایەن دەوڵەتی عیراق بەکارهاتووە  کە بە عەرەبی (وزارة التربية و التعليم) بووە، هەر لە عەرەبیشەوە وەرگێراوە بۆ کوردی کە بەمانای وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن دێت.

ئەگەر ئەم بۆچوونەم راست بێت، ئەوا پرسیاری بەندە ئەوە دەبێت ئایا بۆ زاراوەی پێداگۆجیج ئەوەندە جەختی لەسەر دەکرێت لەم دواییەدا چ لە وەزارەتی پەروەردە و چ لە وەزارەتی خوێندنی باڵا؟ ئایا زاراوەی پێداگۆجی ئالتەرناتیفی پەروەردەیە، ئەگەر وایە بۆ تا ئەم ساتەش وشەی پەروەردە بەکاردەهێنرێت؟ ئەگەرنا ئایا جیاوازییەکانین چییە؟  ئایا هەردوو وەزارەت چ پلانێک، بابەتێک  یان میکانیزمێک بەکاردەهێنێت بۆ پەیڕەوکردنی ناوەڕۆکی زاراوەی پێداگۆجیج؟

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan