جوان سەلمان

جوان سەلمان

ئەو فاکتەرانەی کە کاریگەرن لەسەر پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن

هەندێ فاکتەر هەن کاریگەرییان لەسەر پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە لای خوێندکار هەیە. بۆ نموونە مەزاج (temperament) یان باوان (نەخوێندەوار یان نەبوونیان) یان بۆ نموونە لە هەژاریدا بژیت یان لە کارەساتی تراومادا.
ئەم فاکتەرانەی کە ئاماژەم پێیدا دەبێتە هۆی دروستکردنی کاریگەریی نەرێنی لەسەر پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن و گەشەکردنی ناتەندروست لەسەر خوێندکار لە دوارۆژدا، کە ئەمەش لەگەڵ خۆیدا کۆمەڵێک کێشە دەهێنێتە ناو کۆمەڵگەکەی و دەبێتە هۆی دروستبوونی کۆمەڵگەیەکی ناتەندروست.
بێجگە لەو فاکتەرانەی کە باسمان لێوەکرد، هەندێ فاکتەری تریش هەیە کە هەمان کاریگەرییان هەیە، بۆ نموونە: لەدایکبوونی منداڵێکی نەخوازراو، جیابوونەوەی باوان، قەرزاریی زۆر، رەفتاری شەڕەنگێزی لەناو خێزاندا، لە گەڕەکێکی هەژاردا بژیت یاخود لە جەنگدا بژیت.

ئەگەر هاتوو بەوردی تەماشای کۆمەڵگای خۆمان بکەین و بیبەستینەوە بەو فاکتەرانەوە، ئەوا ئەمڕۆ لە کۆمەڵگاکەمان بۆمان دەردەکەوێت کە زۆربەی ئەو فاکتەرانە بوونیان هەیە، تەنانەت لەوانەیە لەجیاتی یەک دانە بەڵکو کۆمەڵێک فاکتەرمان بەرەو روو ببێتەوە. ئینجا با لێرەدا لە خۆمان بپرسین ئایە ئێمە دەتوانین کۆمەڵگەیەکی تەندروست پێکەوەبنێن؟
لە وەڵامدا من دەڵێم نەخێر، چونکە بەرانبەر بە هیچ فاکتەرێکی نەرێنی، چارەسەرێکی گونجاومان نەخوڵقاندووە نە لە رابردوو و نە لەئێستاشدا. رۆژ بە رۆژ قەیرانەکانمان زیاددەکات و هەژاری یاخود جیاوازیی ئاستەکان دەردەکەون، کە ئەمەش بۆ خۆی کۆمەڵێک کێشە لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت و کاریگەریی نەرێنی لەسەر پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن دەبێت.

بەهۆی قەیرانی داراییەوە، خەریکە وردە وردە کۆمەڵگەیەکی هەژار دروست دەبێت و تەنانەت دەبێتە هۆی دروستبوونی کایەیکی نەخۆش لە بواری دەروونیدا کە ئەمەش بۆ خۆی زۆر ترسناکە.

 سیستمێکی دادپەروەر و زانستیانە زۆربەی کێشە و قەیرانی ئەمڕۆمان چارەسەر دەکات. بەدڵنیاییەوە ئەم ئامانجە دەتوانین بەدیبهێنین ئەگەر هاتوو بەرژەوەندیی تاک زاڵ نەکەین بەسەر بەرژەوەندیی گشتیدا.

بۆیە گرنگە لە سیستمە زانستییەکە جوان بەدواداچوون بۆ هەموو کێشەکان بکەین، لێرەدا دەتوانین بەهۆی ئەم فاکتەرانەوە دەستنیشانکردنی کێشەکان زۆر بەباشی بکەین و بتوانین پلانی چارەسەرکردنیان دابنێین و جێبەجێ بکەین.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan