جوان سەلمان

جوان سەلمان

خوێندنی بە زۆر و ناچاری

لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە، لە ماوەی مانەوەم لە رۆژئاوادا، ئاشنابووم بە چەمکی پەروەردە و فێرکردنی ناچاری/ ئیجباری. لە چوارچێوەی ئەم بابەتەدا بەپێویستم زانی سەرنج بخەمە سەر ناوەڕۆکی ئەم زاراوەیە.

 خوێندنی ناچاریی پابەندبوونێکی یاساییە دیاریدەکات کە منداڵان لە  ماوەی تەمەنێکی دیاریکراودا بچنە قوتابخانە. مەبەست لە خوێندنی ناچاری ئەوەیە کە منداڵان و گەنجان پەروەردە و فێرکردن وەردەگرن و بەم شێوەیە گەشەبکەن و ببنە هاوڵاتییەکی خوێندەوار بە بیڕوڕایەکی پێشکەوتوو بەشداری لە کۆمەڵگە بکات .

لە ئەزموونی پیشەیی بەندە وەک مامۆستا لە کوردستان لە هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە، چەمکی "خوێندنی ناچاری"م نەبیستووە. لە گفتوگۆکاندا لەگەڵ هاوڕێ پیشەگەرەکانی پەروەردە لە کوردستان تا ئەم ساتەش دەرکەوت کە زۆرێکیان بە هەمان شێوە ئاشنا نەبوون بەم زاراوەیە/بابەتە. جێگەی سەرنجە کە هەم پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە لایەن حکومەتی عیراقەوە پەسندکراوە و هەم یاسای پەروەردەی عیراق و هەروەها هەموارەکانی ئەم دواییەی یاسای پەروەردەی هەرێمی کوردستان، بە گرنگییەوە جەخت لەوە دەکەنەوە کە پەروەردە و فێرکردن دەبێ دەستڕاگەیشتن بە هەمووان بێت، بەبێ گوێدانە هەر بەربەستێک. ئەمەش بەڕوونی بەشداریکردنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە سیستمی پەروەردەشدا دەگرێتەوە، بەڵام چەمکی "خوێندنی ناچاری/ ئیجباری" لە یاسای عیراقدا بەتایبەتی باس نەکراوە، بەڵام چەمکی ئیلزامی بوونی هەیە لە دۆکیۆمێنتەکاندا (ئیلزامی ئیجباری نییە)، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە پەروەردە تاڕادەیەک ئیختیارییە.

ئەگەر لێکدانەوەی بەندە بۆ زاراوەی "پەروەردەی ناچاری" لە کوردستان هەڵە دەرچوو، ئەوا پرسیارێک دێتە ئاراوە کە لە کوێ دەتوانرێت راوێژ بە یاسادانان بکرێت لەسەر ئەم بابەتە و کێ وەک فەرمانبەر ئامادەبوونی قوتابخانە بەرپرسیارە. لەوانەیە کە ئەم پرسانە لەلایەن داڕێژەرانی سیستمی پەروردە بە هەندێک سەرسوڕمان بەرەوڕوو ببنەوە. لەو حاڵەتەدا ئامادەم بە هەڵوێستی خۆمدا بچمەوە.

سەرەڕای ئەمەش پرسیارە سەرنجڕاکێشەکە هەر ماوە کە بۆچی ژمارەیەکی بەرچاو لە منداڵان لە شەقامەکاندا سەرگەردانن و کاردەکەن. ئەمەش پێویستی بەپەلەی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت کە گرنگی بەم بابەتە بدرێت لە کوردستان، هەوڵیش بدرێت بۆ ئەوەی زۆرترین کات ئەو منداڵانە لە شەقامەکان قەدەغەبکرێن و بەشداری لە قوتابخانەکان بکەن. ئاخر ئەم منداڵانە نوێنەرایەتی نەوەی داهاتوو دەکەن کە وڵات بنیات دەنێن.

 ئەزموونەکانم لە رۆژئاوا سەبارەت بە پەروەردەی ناچاری هۆشیاریم لە جەوهەری ئەم تەوەرە تیژتر کردووە و بۆیە بە گونجاو دەزانم وەسفێکی کورت لەسەر چۆنیەتی نزیکبوونەوەی رۆژئاوا لەم بابەتە بکەم وە کوردستان سوودمەند بێت لەم ئەزمونەدا.

 خوێندنی ناچاری/ ئیجباری بەم شێوەیە رێکدەخرێت:
تەمەن و ماوەی خوێندن: خوێندنی ناچاری لە یەکەم رۆژی مانگەوە دەستپێدەکات دوای ئەوەی منداڵێک تەمەن 5 ساڵ دەبێت. منداڵان لە تەمەنی خوێندنی ناچاریدان تا کۆتایی ساڵی خوێندن کە تێیدا دەبنە 16 ساڵ. واتە دەبێت لانی کەم 10 ساڵ خوێندنیان هەبێت.

جۆرەکانی پەروەردە: خوێندنی ناچاری بۆ جۆرە جیاوازەکانی پەروەردە دەگرێتەوە، لەوانە خوێندنی سەرەتایی، خوێندنی ناوەندی، خوێندنی پیشەیی وپەیمانگە  و خوێندنی تایبەت. تەنانەت ئەگەر منداڵێک لە ماڵەوە (بەهۆی نەخۆشی) وانە بخوێنرێتەوە یان بەشداری لە خوێندنی دووردا بکات، ئەوا دەکەوێتە ژێر خوێندنی ناچارییەوە.

لێخۆشبوون: هەندێک بارودۆخ هەیە کە منداڵان لە خوێندنی ناچاری بەخشراون، بۆ نموونە ئەگەر کێشەی دەروونییان هەبێت کە خوێندنی رێکوپێک مەحاڵ دەکات. هەروەها ئەو منداڵانەی کە پێشتر بڕوانامەیان بەدەستهێناوە کە هاوتایە لەگەڵ بڕوانامەی ئامادەیی بەخشراون.

پابەندبوونی بڕوانامە: دوای گەیشتن بە تەمەنی 16 ساڵ، پابەندبوونی بڕوانامە جێبەجێ دەکرێت. ئەمەش بەو مانایەیە کە گەنجان تا تەمەنی 18 ساڵ پێویستە بڕوانامەیەکی بنەڕەتی بەدەستبهێنن، وەک بڕوانامەی ئامادەیی یان بڕوانامەی پەیمانگە لە ئاستی 2 یان بەرزتر، یان بڕوانامەی بیانی بەراوردکراو. بۆیە دەبێت بەردەوامبن لە وەرگرتنی خوێندن تا ئەو مەرجەیان بەدیدێنن.

 دایکان و باوکان: دایکان و باوکان بەرپرسیارن لە پابەندبوون بە خوێندنی ناچاریی منداڵەکانیان. دایکان و باوکان دەتوانن غەرامە بکرێن بەهۆی ئامادەنەبوونیان بەبێ مۆڵەت لە قوتابخانە.

پەروەردە و خوێندنی ناچاری: ئەو کەسانەی تەمەنی خوێندنی ناچارییان هەیە دەبێت بچنە قوتابخانە، لەکاتێکدا کەسانی خوێندنی ناچاری دەتوانن فۆرمەکانی خوێندنی جێگرەوە پەیڕەوبکەن، وەک خوێندنی ماڵەوە، بەڵام ئەمە پابەندە بە رێسای تووند و پێویستیی بە رەزامەندی حکومەت هەیە.

پەروەردەی ناچاری بەتووندی جێبەجێ دەکرێت و ئامانجی ئەوەیە کە هەموو منداڵان و گەنجان دەستیان بە خوێندن بگات و بتوانن گەشە بکەن کە زانیاری و لێهاتوویی پێویستیان هەبێت بۆ بەشداریکردن لە کۆمەڵگەدا. پێشێلکردنی یاسای پەروەردەی ناچاری دەتوانێت ببێتە هۆی غەرامەکردن و رێکاری یاسایی دیکە دژی دایک و باوک و چاودێران، ئەم بابەتە پێویستی بە گرنگیدانێکی زۆر هەیە، بۆیە پێموایە گرنگە لە داهاتوودا زیاتر لەسەر ئەم بابەتە باسبکرێت.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan