عیراقی
ئابووریناسێك: ئەگەر راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم بەردەوامبێت بودجە كورتدەهێنێت
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
پسپۆڕێكی بواری ئابووری لە ئەگەری بەردەوامیی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان هۆشداریدەدات و دەڵێت "لە ئەگەری دەستپێنەكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، كورتهێنانی بودجە بۆ ئەمساڵی 2023 زیاددەبێت".
نەبیل مەرسومی، مامۆستای زانكۆ و شارەزای بواری ئابووری ئەمڕۆ سێشەممە 2ی ئایاری 2023 رایگەیاند "بەردەوامیی راگرتنی هەناردەی نەوتی كوردستان دابینكردن و ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەخاتە ئەستۆی بەغدا و ئەوەش دەبێتە هۆی زیادبوونی رێژەی كورتهێنانی بودجە بۆ ئەمساڵی 2023".
لە بڵاوكراوەكەیدا مەرسومی جەختی لەوەكردووەتەوە، بەغدا لە ئەستۆی دەبێت بە بڕی نیو ملیار دۆلار مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابینبكات كە دەكاتە 650 ملیار دیناری عیراقی بۆ هەر مانگێك، كە بەپێی وتەی ئەو ئابووریناسە بەهۆیەوە بودجەی 2023 زیاتر لەوەی پێشبینی دەكرێت كورتدەهێنێت.
ئەوە لەكاتێكدایە لە مانگی ئازاری ئەمساڵەوە پرۆسەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بڕیاری دادگایەكی نێودەوڵەتی و لەسەر داوای حكومەتی بەغدا راگیرا، كە لەو پرۆسەیەدا رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لەناو هەرێم و كێڵگە نەوتییەكانی باكووری كەركوكەوە هەناردەی توركیا دەكرا.
ش، ع
ش، ع