راپۆرت

ئەمساڵ جلی كوردی كەرەنتینە دەكرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئەمساڵ جلی كوردی كەرەنتینە دەكرێت
مەودا میدیا-

بەهۆی نزیكبوونەوەی نەورۆز، بازاڕی جلو بەرگی كوردی جمەی دەهات، خاوەن دوكانەكان زۆرترین و باشترین جۆری قوماشیان هێنابوو،ژنانیش دەستیان بە ئامادەكاری و كڕینی جلی كوردی كردبوو، بەڵام لە لایەك بڵاوبوونەوەی كۆرۆناو و لە لایەكیش قەدەغەی چونە دەرەوە و سەیران و هاتووچۆ، ئەمساڵ جلی كوردی و نەورۆز نابێت و ئەوانەی جلی كوردیان كردووە لە ماڵەوە كەرەنتینە دەكرێن.

ئەمساڵ نەورۆزێكی جیاواز دەبێت، بڵاوبوونەوەی نەخۆشی كۆرۆنا نەبوەتە بەربەست بۆ ئەوەی ژنان و كچان جلی كوردی نەكڕن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چونە دەرەوە و گەشت و سەیران قەدەغەكراوە و رێگای نێوان شارەكانیش داخراوە.

بەپێی رێنماییەكانی حكومەت ئەمساڵ كۆرۆنا رێگر دەبێت لە نەورۆز و سەیران و پۆشینی جلی كوردی لە لایەن ژنان و پیاوانیشەوە.

محەمەد فایق، لە ناو بازاڕی سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "بەهۆی هاتنی نەورۆزەوە كە خواست لەسەر جلی كوردی زۆر دەبێت، ماوەی دوو هەفتەیە قوماشی نوێمان هێناوە و ژنانیش دەستیان بە كڕینی قوماش كردووە".

ئەوەشی خستەڕوو "هەموو جۆرە قوماشێكی كوردیمان هێناوە، لە رووی كوالێتی و نرخەوە جیاوازن هەرزانترین لە 5 هەزارەوە دەستپێدەكات تا 200 هەزار دینارو لە هەموو جۆرەكانیش خواست لەسەر قوماشی كوردی هەیە".

سارا حسێن، كە بۆ كڕینی جلی كوردی سەردانی بازاڕی كردبوو بە مەودا میدیای راگەیاند "نەورۆز واتە پۆشینی جلی كوردی، لە ئێستاوە كە ماوەی زیاتر لە یەك مانگی ماوە ئەگەر قوماش نەكڕیت و بەخێرایی نەیبەیتە لای درومانەكان فریاناكەویت".

باسی لەوەشكرد "قوماش و جلی كوردی گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، هەمووان لەو رۆژەدا جلی كوردی لەبەردەكەن، لەگەڵ هاوڕێكانم سەردانی بازاڕمان كردووە و لەئێستاوە خۆمان ئامادە دەكەین بۆ نەورۆز".

ئەوان دەڵێن هەرچەندە كۆرۆنا بڵاوبوو بەڵام كڕینی و فرۆشتنی جلی كوردی ئاسایی بوو دوای ئەوەی بڕیاری قەدەغەكردنی چونە دەرەوە درا كەمێك بازاڕەكە خاو بووەوە.

جیاواز لە جلی كوردی ژنان، بازاڕی جلی كوردی پیاوان سستی زۆری پێوە دیارە، ئەمساڵ بازاڕەكە دڵی دوكاندارەكانی خۆش نەكرد، پرسی كۆرۆناو قەدەغەی چونە دەرەوەشی هاتەسەرو هێندەی تر دوكاندارەكانی بێهیواكرد.

بە وتەی عەلی محەمەد، دوكاندار لە ناو بازاڕی سلێمانی، بازاڕی ئەمساڵ خراپ بوو، هەر لە سەرەتاوە دیاربوو، چونكە ئەم نەخۆشیە هەموو شتێكی تێكدا.

ئەو بە مەودا میدیای وت "هیوامان دەخواست كە ئەو نەخۆشیە نەبوایە ئەگەر بازاڕیش نەبوایە ئاسایی دەبوو، بەلام ئەو نەخۆشیە هەموو خۆشیەكی تێكدا".
Qaiwan
Qaiwan