کوردستانی

شارەزایەکی بواری ئابووری کاریگەرییە نەرێنییەکانی داخستنی دوکان و بازاڕەکان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەخاتەڕوو

مەودا میدیا - سلێمانی |


شارەزایەکی بواری ئابووری کاریگەرییە نەرێنییەکانی داخستنی دوکان و بازاڕەکان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەخاتەڕوو
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

ڤایرۆسی کۆرۆنا یەکێکە لە ڤایرۆسە جیهانییە کوشندەکان کە بەشێکی زۆری وڵاتانی گرتووەتەوە هەرێمی کوردستانیش لێی بێبەش نییە و بێگومان لەرووی ئابوورییەوە کاریگەری خۆی هەیە و شارەزایەکی بواری ئابووریش دەڵێت "داخستنی دوکان و بازاڕەکان چارەسەر نییە".

فەلاح ئەنوەر، خاوەنی کۆمپانیا و شارەزای بواری ئابووری سەبارەت بە کاریگەری ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ئابووری هەرێمی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "ڤایرۆسی کۆرۆنا بابەتێکی نێودەوڵەتییە زۆربەی وڵاتانی گرتووەتەوە و هەر وڵاتێکیش دەبێت بەشێوەیەکی گونجاو مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکە بکات تاوەکو پێیدا تێپەڕ دەبێت".

ئاماژەی بەوەشکرد "ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەرییەکی زۆری دروست کردووە لەسەر کڕین و فرۆشتن و هاوڵاتییان کەمتر شت دەکڕن، هەروەها لە بازاڕی ناوخۆدا کاریگەری زیاتر لەسەر چینی مامناوەند و خواروو دروست دەکات کە بە کاری رۆژانە بژێوی ژیانیان دابین دەکەن".

فەلاح ئەنوەر وتی "بێ ئیشبوونی ئەم کەسانە دەرهاویشتەی نزیکی هەیە، بۆیە پێویستە لیژنەیەکی ئابووری لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێکبهنرێت و هەماهەنگی لەگەڵ ژوورەکانی بازرگانی بکات چارەسەرێک بدۆزنەوە بۆ ئەو کاسبکارانەی کە بێ کار دەمێنەوە لەم بارودۆخەدا".

وتیشی "داخستنی دوکان و بازاڕەکان چارەسەر نییە، چونکە دواتر قۆرخکاری دروست دەکات هەندێک شوێن نرخ بەرز دەکەنەوە، بەڵام حکومەت دەتوانێت لە هەموو شارەکانی کوردستان لیژنەی چاودێری بازرگانی و تەندروستی رۆژانە سەردانی شوێنەکان بکەن و دڵنیابن لەوەی کە رێنماییەکان جێبەجێ دەکەن".
Qaiwan
Qaiwan