راپۆرت
نهێنی خانمی سوورپۆش، سی ساڵ بێدەنگ و بێئەنجام چاولەڕێ
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
هەموو رۆژێك بۆ ماوەی سی ساڵ، خانمێك كە سەرتاپا سوورپۆش بوو ئارام و بێدەنگ پێی دەنایە نێو شەقامی فیردەوسی بەرامبەر خاوەری مەیدان دادەنیشت و چاوەكانی دەخستە سەر یەك بەیەكی پیادەڕەوان كە یان بێ گرنگیپێدان بە بەردەمیدا تێدەپەڕین یاخود نیوەنیگایان بۆ دەكرد و بەڕێی خۆیاندا دەڕۆیشتن، نە لەگەڵ كەس قسەی دەكرد و نە هیچ شتێكیشی دەویست، خامۆش و بێدەنگ، تەنها تەماشاكار بوو.
ئەو خانمە كێ بوو؟ لەو شەقامە چی دەكرد و بۆ چی ناویان ناوە "نموونەی عەشق"؟
لەگەڵ ئەوەی چەندین ساڵ بەسەر كۆچی دوایی و لەناكاو دیارنەمانیدا تێپەڕبووە، بەڵام ناو و یادەوەریی خانمی سوورپۆش هێشتا لای ئێرانییەكان و بەشێكی وڵاتانی دیكەی ناوچەكە زیندووە و بەردەوام ناوی دەهێندرێـت.
دەڵێن ناوی "یاقوت" و لەدایكبووی ساڵی 1926 بووە، لاواز و روخسارێكی كەم تا زۆر بەئێسكی هەبووە، ماكیاژی دەكرد بەڵام كەم، سەرتاپا سوورپۆش بووە، پۆشاك و جانتا و پێڵاو و تەنانەت قایشی كاتژمێر و گۆرەوییەكانیشی، پاش شۆڕشی ساڵی 1978ی خەڵكی ئێرانیش سەرپۆشێكی رەنگسووری دەدا بە سەریدا.
بوخچەیەكی سووریشی پێبوو كە لەتەنیشت دەستی دایدەنا و بە درێژایی چەندین كاتژمێر نیگاكانی بۆ پیادەڕوان كۆتایی نەدەهات.
هەندێكجار كاسبكارانی ناوچەكە بە پیاڵەیەك چا یان كەمێك خواردن میواندارییان دەكرد و لەگەڵی میهرەبان بوون، بەڵام هەندێكجاریش لەلایەن پیادەڕەوانەوە بێزاردەكرا و بێدەنگ و وەڵام دەچووە سووچێكی دیكەی مەیدانەكە و چاوەڕێ دەبوو.
رۆژێك غوڵامحوسەینی ساعیدی، رۆماننووسی ناوداری ئێران چاوی بە خانمی سوورپۆش دەكەوێت و بەهۆی ئەوەی پیشەی هاوكاری پزیشك بووە تێدەگات لەوەی ئەو خانمە تەندروستیی باش نییە، دوای ئەوەی دەیباتە دەرمانخانەیەكی نزیك لە مەیدانەكە و ئاوی بۆ هەڵدەواسن بەپێی گێڕانەوەی ئەو كاتە، خانمی سوورپۆش شیوەن و هاواری كردووە كە بۆچی لە مەیدانەكە دووریان خستووەتەوە.
نهێنی مانەوەی خانمی سوورپۆش لە شەقامی فیردەوسی
هەمووان دەپرسن، ئەم ژنە لەو شەقامەدا كاری چی بوو؟ ئەو نەك یەك ساڵ و دوو ساڵ، بە درێژایی سی ساڵ بەردەوامبوو لە مانەوەی لە شەقامی فیردەوسی، گێڕانەوەكان لەبارەی چاولەڕێبوونی یاقوت جۆراوجۆر بوون.
دەوترا كە ئەو خانمە رۆژگاری گەنجییەتی عاشقی پیاوێك بووە، رۆژێك لەگەڵی ژووان دادەنێت لە مەیدانی فیردەوسی، بۆ ئەوەی ئاسانتر لەناو جەنجاڵیی مەیدانەكە بیدۆزێتەوە ئەو پیاوە داوا لە یاقوت دەكات پۆشاكی رەنگ سوور بپۆشێت، ئەویش ئەو كارە دەكات و دەچێتە جێی ژووانەكە، چەندین كاتژمێر لەوێ دەمێنێتەوە، بەڵام ئەو پیاوە هەرگیز نایەت.
چی بەسەر ئەو پیاوەدا هات كە خانمی سوورپۆش چاوەڕێی بوو؟ بێپەیمانیی كرد، پەشیمان بووەوە، مرد؟ كەس نازانێت، بەڵام لەوكاتەوە ئەو خانمە هەموو رۆژێك لە چاوەڕوانی هاتنی عەشقەكەی سەرتاپا سوور دەپۆشێت و دەچێتە شەقامەكە بەو ئومێدەی كە بێت، سی ساڵ درێژەی كێشا و هەر نەهات.
پێش دیارنەمانی ساڵی 1976 یەكێك لە رۆژنامەنووسانی ئەو سەردەمە كۆتا گفتوگۆی لەگەڵ خانمی سوورپۆش كردووە، لەرێگەی بەرنامەیەكی رادیۆیی كە لە هەمان شوێنی چاوەڕوانیی ئەو خانمە ئەنجامدرا بوو چەند پرسیارێكی لە یاقوت كردووە و چەند وەڵامێكی كورتی لێوەرگرتووە.
رۆژنامەنووسەكە لەو گفتوگۆ كورتخایەنەدا لێی دەپرسێت "بۆچی هەمیشە پۆشاكی سوورتان لەبەردایە؟"، لە وەڵامدا خانمی سوورپۆش دەڵێت "لە هەموو پۆشاكەكان باشترە"، سەرلەنوێ دەپرسێت "زیاتر حەزت لە رەنگەكەیەتی؟" لەسەرخۆ وەڵامدەداتەوە "بەڵێ، بەڵێ"، دواتر لێی دەپرسێت "بۆچی هەمیشە لە مەیدانی فیردەوسییت؟"، ئەویش وەڵامی دەداتەوە "بۆ كوێ بڕۆم؟ بۆ هەر شوێنێك بڕۆیت ئاسمان هەمان رەنگی هەیە".
كاتێك رۆژنامەكە دەپرسێت "راستە دەڵێن چاوەڕێی كەسێكیت؟"، خانمی سوورپۆش بە توندی وەڵام دەداتەوە و دەڵێت "درۆیە، ئەم قسانە درۆن".
ساڵی 1983 ئەو خانمە خەمبارە چاولەڕێیە بۆ هەمیشە دیارنەما، هیچكەس نازانێت سەرەنجامی بوو بە چی و چی بەسەرهات.
هەتا ئێستا چەندین هۆنراوە، گۆرانی، فیلم و نووسراو دەربارەی خانمی سوورپۆش لە ئێران بەرهەمهێندراون، ئێستا نزیكەی 40 ساڵ بەسەر دیارنەمانی خانمی سوورپۆش تێپەڕبووە و تەنها دەنگی كۆتا گفتوگۆی لەگەڵ چەند وێنەیەكی كەمی بە پۆشاكە سوورەكانییەوە وەك یادەوریی ماونەتەوە.
شادان ع.ع
شادان ع.ع