سۆزان  حەمەتاتە

سۆزان حەمەتاتە

کۆمەڵگەی مۆدێرن و عەقڵی بۆگەن

کۆمەڵگەی مۆدێرن هەمیشە بەدوای بەرهەمهێنانی تاکی تەندروست و دوور لە جیاوازییە رەگەزیی یان ئایینی و نەتەوەییەکاندا دەگەڕێت، بەتایبەت لە دروستکردنی سیستمی پەروەردەدا کە دەبێتە بنەما بۆ داهاتووی هەر کۆمەڵگەیەک بەتایبەت ئەگەر کۆمەڵگەکە لە قۆناغی راگوزەردا بێت و زۆر نەبێت لە دەست سیستمی تۆتالیتاری رزگارکرابێت.

لە هەرێمی کوردستان و عیراق، کەرتی پەروەردە لە قەیرانی گەورەدایە لە هەموو رووەکانەوە، سیستمەکەی سیستمێکی بەرهەمهێنەری جیاکارییە لەنێوان رەگەزەکاندا، پیاو تیایدا باڵادەستە، سەیری بکە چەند قوتابخانەی خوێندنی کچان و کوڕان بە جیا هەیە، کە ئەمەش جیاوازییەکان قووڵتر و ترسی کوڕان و کچان لەیەکتر زیاتر دەکات.

بەپێی راگەیاندنەکان رەعەد عەبدوڵڵا محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی کەرکووک بە وەکالەت رۆژی چوارشەممە 09-10-2023 نووسراوی رەسمی بۆ بەشی سەرپەرشتیاریی پسپۆریی کەرکوک و بەشی خوێندنی گشتی و میلاکات کردووە و داوای گواستنەوەی سەرجەم مامۆستایانی پیاوی لە قوتابخانەکانی کچان کردووە، واتە نابێت چیتر مامۆستایانی پیاو لە قوتابخانەیەکی کچان، جا ئیتر لە هەر ئاستێکدا بێت، وانە بڵێنەوە.

راستییەکەی ئەو بڕیارە پەیوەندیی راستەوخۆی بە سایکۆلۆژیای داڕزاوی سیاسییە مەزهەبییەکانی عیراقەوە هەیە، کۆمەڵێک سیاسەتمەدار کە خاون هیچ جۆرە دیدێکی مەدەنی و پێشکەوتنخوازانە نین، ئاگایان لە جیهانی مۆدێرن و سیستمە بەرهەمهێنەرەکانی وڵاتانی پێشکەوتوو نییە، ژن وەکو مرۆڤێکی کامڵ نابینن، بەڵکو هەموو چاویان لەسەر جەستەیانە و دەیانەوێت بیانخەنە دەرەوەی پێشکەوتنەکانی کۆمەڵگەوە.

جیاکردنەوەی خوێندنگەکانی کچان و کوڕان لەیەکتر، دواتریش قەدەغەکردنی مامۆستایانە پیاو لە وانەوتنەوەی لە خوێندنگەکانی کچان، دەبێتە سەرەتایەکی ترسناک لەسەر سیستمی پەروەردە، مەترسییەکە هەر ئەو قەدەغەکردنە نییە، بەڵکو وردە وردە لە داهاتوودا کچان و کوڕان، ئەگەر بۆیان بجیتە سەر، لە پەیمانگە و زانکۆکانیشدا لەیەکتر جیادەکەنەوە، عێراق دەبێتە کۆپیی دووەمی وڵاتێکی دواکەوتووی وەکو ئەفغانستان.

رزگارکردنی سیستمی پەروەردە لە جیاوازییە جێندەرییەکان، یەکێکە لە سیماکانی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن و دوورکەوتنە لە کۆمەڵگەی مەزهەبی، لە کۆمەڵگەی مەزهەبیدا ژن بەردەوام لەبەردەم مەترسیی بە کەم سەیرکردن و جیاکردنەوەی لە پیاوان و پەرواێزخستنی لە گێڕانی رۆڵی گشتی و گۆشەگیرکردندایە، ئەو بڕیارە هەنگاوێکە بۆ دروستکردنی ئەو کۆمەڵگە مەزهەبییە، کە پێویستە فشاری زۆر لەسەر حکومەتی عیراق دروستبکرێت و سیستمی پەروەردە بە ئایینی و سیاسی نەکات، چونکە هەنگاو و بڕیارێکی زۆر مەترسیدارە لەسەر داهاتووی کۆمەڵگەی عیراقی بە کوردستانیشەوە.

خ.غ
 
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan