کوردستانی
لە ئاکرێ ئاگرێکی گەورە کۆنتڕۆڵکرا
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئاکرێ رایدەگەیەنێت کە هاوڵاتییەک لە کاتژمێرەکانی نیوەڕۆدا پەیوەندیی پێوەکردین سەبارەت بە بوونی ئاگرێک لە نزیک گوندی شەرمن و ئێمەش دەستبەجێ چووینە شوێنی رووداوەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی.
ئەمڕۆ دووشەممە 28ی ئابی 2023 عەقید ئیبراهیم فەریق، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئاکرێ بە مەودا میدیای راگەیاند "لە کاتژمێرەکانی نیوەڕۆدا کەسێک پەیوەندیی پێوەکردنی لەبارەی بوونی ئاگرێک کە تەشەنە دەسێنێت لە سنووری گوندی شەرمنی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی ئاکرێ و دوای پەیوەندییەکەش دەستبەجێ گەیشتینە شوێنی رووداوەکە".
باسی لەوەشکردووە "پێنج تیمی بەرگریی شارستانیی گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و ئاگرەکە زۆر تەشەنەی سەندبوو، سەرئەنجام توانرا لەماوەی نزیکەی سێ کاتژمێردا کۆنترۆڵی ئاگرەکە بکرێت و بەتەواوی بکوژێندرێتەوە لەلایەن تیمەکانمانەوە".
روونیشی کردووەتەوە "زیانەکان بەتەواوی دیار نییە کە چەند دۆنم سووتاوە، بەڵام رێژەیەکی زۆری رەز و باخی هاوڵاتییانی سنوورەکە سووتاوە بەهۆی ئاگرەکەوە".
مەودا میدیا ئەوەشی زانیوە کە ئەو رەز و باخانەی کە سووتاون رەنجی 30 ساڵی کارکردنی ئەو جوتیارانەیە و هەموو جۆرە دارەکانی وەک سماق، هەنجیر، هەنار، گوێزی تێدابووە و هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکەش تاوەکو ئێستا دیارنییە.