کوردستانی
ماوەی لێخۆشبوونی کرێی ئاو درێژدەکرێتەوە؟
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان
ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەمەبەستی هاندانی هاوبەشان بۆ دانەوەی قەرزە کەڵەکەبووەکانی سەرشانیان داوادەکات ماوەی لێخۆشبوون لە کرێی ئاو درێژبکرێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 28ی ئابی 2023 کاسترۆ مەعروف، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "بە نووسراوێکمان ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەن کردووە و داوامانکردووە کە جارێکی دیکەش وەزارەتی شارەوانی ماوەی لێخۆشبوونی کرێی ئاو بۆ هاوبەشان درێژبکاتەوە".
باسی لەوەشکردووە "ئەو لێخۆشبوونە لە کرێی ئاو کە بەڕێژەی %15یە مەبەست لێی هاندانی هاوبەشانە تاوەکو ئەو قەرزانەی لەسەریان کەڵەکە بووە بەشێوەیەکی ئاسانتر بیدەنەوە بە حکومەت".
روونیشی کردووەتەوە "داوامان لە وەزارەتی شارەوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە وەک چۆن وەزارەتی کارەبای هەرێم بڕیاری لێخۆشبوونی کرێی کارەبای بەڕێژەی %15 درێژکردەوە، ئەمانیش هەمان کاربکەن تاوەکو هاندەرێک بێت بۆ هاوڵاتییان لە دانەوەی قەرزەکانی سەرشانیان".