کوردستانی
زیادەڕەوییەکانی سەهۆڵەکەی سلێمانی لادەبرێت
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان
بەرپرسی بەشی زیادەڕەوییەکانی شارەوانی سلێمانی رایدەگەیەنێت بەهۆی بەردەوامیی زێدەڕەوییەکانی شەقامی سەهۆڵەکەی سلێمانی، ئەمجارە دەست بەسەر کەلوپەلەکانیاندا دەگرین و نایدەیەوە بە خاوەنەکانیان.
ئەمڕۆ سێشەممە 29 ئابی 2023 عوسمان عارف، بەرپرسی بەشی زیادەڕەوییەکانی شارەوانی سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "لەماوەکانی پێشوودا دەستمان کردووە بە هەڵمەتی لابردنی عارەبانە و دەستگێڕەکانی شەقامی سەهۆڵەکە و بەڵێننامەشمان پێ پڕکردوونەتەوە کە دووبارە لەو شوێنانە داینەنێنەوە، بەڵام بەقسەمان ناکەن و ئەوان بەردەوامن لەوکارە".
باسی لەوەشکردووە "ئەمشەو یاخود سبەیشەو هەڵمەتی رێکخستنی ئەو شەقامە دووبارە ئەنجام دەدەینەوە و کورسییەکانیشیان لادەبەین و نایاندەینەوە بەهیچ جۆرێک".
روونیشی کردووەتەوە "چاوەڕێی فەرمانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانین لە ئێستادا تاوەکو بەرنامەیەک دابنێین بۆ کەمکردنەوەی ئەو لەفەفرۆش و عارەبانانەی سەهۆڵەکەی سلێمانی و فەرمانیشی بۆ دەرچووە و تەنها جێبەجێکردنەکەی ماوە".
بەرپرسی بەشی زیادەڕەوییەکانی شارەوانی سلێمانی وتیشی "دەمانەوێت ئەو ناوچەیەی سلێمانی لەژێر سەرپەرشتیی خۆماندا بێت، بەو هۆیەی دەنگۆ هەیە کە هەندێک لە دوکانەکان چوون بەردەم دووکانەکەیان داوە بە کرێ بەو عارەبانانە و مانگانە کرێیان لێوەردەگرن ، ئێمە دەمانەوێت کرێکە بگەڕێتەوە بۆ شارەوانیی".
عوسمان عارف جەختیشی کردەوە "لە ئەگەری دووبارەکردنەوەی ئەو کارەدا، دەتوانین سکاڵا لەسەر خاوەن شوێنەکان تۆمار بکەین و ئەوانیش بگیرێن، بەم شێوەیە یاسای ژمارە سێی ساڵی 2018 بەسەردا جێبەجێدەکەین".
لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا "لە ئێستادا سەرقاڵی هەڵمەتێکی دیکەین لە شەقامی 30 مەتریی سلێمانی بۆ لابردنی هەموو ئەو ریکلامە نا یاساییانەی کە لەو شاقامە دانراون هەر لە نزیک خەجێ خانمەوە تاوەکو شاری خەونەکان هەمووی لادەبرێت".