کوردستانی

هەرێم هۆشداریی دەداتە چەكدارانی رۆژهەڵاتی كوردستان

مەودا میدیا - سلێمانی |


هەرێم هۆشداریی دەداتە چەكدارانی رۆژهەڵاتی كوردستان
مەودا میدیا-

پارتە چەكدارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كە لەناو سنوورەكانی هەرێمدان، لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە هۆشدارییان پێدراوە، لەماوەی 15 رۆژدا لە سنوورەكان بكشێنەوە و بچنە ناو كامپ.

لەناو پارتە كوردییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە، سەرچاوەیەك بە دەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە، حکومەتی هەرێم نوێنەرانی حزبی دیموکرات و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی بانگکردووە و پێیڕاگەیاندوون "دەستبەجێ" لە ماوەی 15 رۆژدا هێزەکانیان لە ناوچە سنوورییەکان بکشێننەوە و خۆیان ئامادەبکەن بۆ چوونە ناو کامپ.

دەیانەوێت ئاشبەتاڵمان پێبکەن
ئەو سەرچاوەیە ئەمڕۆ سێشەممە ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو کامپەی بۆ حزبە کوردییەکان دروستدەکرێت لەلایەن عیراق و هەرێمەوە سەرپەرشتیدەکرێت و نەتەوە یەكگرتووەكان چاودێریی دەکات، بەڵام هێشتا شوێن و پێگەی كامپەكە ئاشكرا نییە، داواشکراوە دیاردەی چەکداریی نەهێڵن و دەیانەوێت ئاشبەتاڵمان پێبكەن.



بەپێی ئەو سەرچاوەیەی نیو پارتە كوردییەكانی رۆژهەڵات كە لە سنووری هەرێمن، حکومەتی هەرێم پێی راگەیاندوون "لەژێر فشاردان"، پارتە رۆژهەڵاتییەكانیش دەڵێن "کەوتووینەتە نێو دووڕێیانێک، نە دەتوانین بە حکومەتی هەرێم بڵێین باش نە دەشتوانین بڵێین نەخێر" هەر دوو باڵەکەی کۆمەڵە لەچەک داماڵراون، تەنها هێزەکانی سەر سنوور چەکدارن، دەبێت لەماوەی 15 رۆژدا ئەوانیش سنوورەکان چۆڵبکەن.

مانگی ئازاری ئەمساڵ، هەریەک لە عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی ئێران و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عیراق رێکەوتنامەی ئاسایشی نێوان هەردوو وڵاتیان واژۆکرد، بەشێک لە رێکەوتنەکە پەیوەندیی بە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی نێوان هەردوو وڵات و رێگرتن بوو لە چالاکیی حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکان.

بەرپرسانی ئێران لە چەند مانگی رابردوودا چەندین جار ئاماژەیان بەوە کردووە کە 19/9/2023 دوا وادەیە بۆ ئەوەی حکومەتی عیراق حزبە رۆژهەڵاتییەكان چەکبکات و لە سنوور دووریان بخاتەوە، هەفتەی رابردووش ناسر کەنعانیڤە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رەتیکردەوە ئێران ئەو وادەیە درێژبکاتەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە ناو بەناو لەماوەی چەند ساڵی دواییدا، فڕۆكەكانی ئێران هاوشێوەی فڕۆكەكانی توركیا ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی بۆردوومانكردووە و لەئەنجامدا  چەندینجار هاوڵاتییانی مەدەنی برینداربوون و گیانیان سپاردووە.

ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan