گێتی

ژنێكی ئەڵمانی بە تۆمەتی كوشتنی منداڵێكی ئێزدی زیندانیدەكرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


ژنێكی ئەڵمانی بە تۆمەتی كوشتنی منداڵێكی ئێزدی زیندانیدەكرێت
مەودا میدیا-

بە تۆمەتی كوشتنی كچێكی تەمەن پێنج ساڵی ئێزدی، ژنێكی ئەڵمانی لەلایەن دادگایەكی وڵاتەكەیەوە بە 14 ساڵ زیندانیی سزادەدرێت.

رۆژنامەی دەیلی مەیڵی بەریتانی لەوبارەیەوە ئەمڕۆ سێشەممە 29ی ئاب-2023 بڵاویكردووەتەوە، دادگایەكی میونشن سزای 14 ساڵ زیندانیی بەسەر ژنێكی ئەڵمانیدا سەپاندووە، دوای ئەوەی تۆمەتباربووە بە كوشتنی كچەئێزدییەكی تەمەن پێنج ساڵان.

ئاماژەی بەوەشكردووە، جێنیفەر ڤێنیش (كە بە بووكی داعش ناوی هێندراوە)،  پێشتر و لەمیانی باڵادەستیی گرووپی چەكداریی داعش لە عیراق و سوریا، یەكێك بووە لە ئەندامانی "پۆلیسی ئەخلاق"ی ئەو رێكخراوە.

باس لەوەشكراوە، ڤێنیش و هاوژینەكەی كە چەكدارێكی هەمان گرووپ بووە، كچێكی بچووكی تەمەن پێنج ساڵی ئێزدی و دایكیان (كڕیوە) بەمەبەستی كاركردنیان وە خزمەتكار و لەو ماوەیەدا منداڵەكە بە زنجیر بەستراوەتەوە و لەژێر تیشكی خۆر بە برسییەتی و تینوویەتی بەجێهێڵراوە هەتا گیانیلەدەستداوە.

بەپێی زانیارییەكانی دادگاییەكە، ئەو ژنە ئەڵمانیە بە دەمانچە هەڕەشەی لە دایكی منداڵەكە كردووە ئەگەر بگری دەیكوژێت، بەوهۆیەوە سزای 14 ساڵ زیندانیی بۆ دانراوە، ڤێنیش داوای پێداچوونەوەی بڕیارەكەی كردووە، بەڵام داواكەی رەتكردووەتەوە، هاوژینەكەشی بە زیندانی هەتایی سزادراوە.

ژ.ع 
Qaiwan
Qaiwan