کوردستانی

ئەندامێکی لیژنەی دارایی: لەمەودوا دابەشکردنی مووچە کێشەی تێناکەوێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئەندامێکی لیژنەی دارایی: لەمەودوا دابەشکردنی مووچە کێشەی تێناکەوێت
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان
 
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق رەزامەندی دەربڕی بە ناردنی 500 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان و ئەمەش وەک قەرز دەبێت.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 3ی ئەیلولی 2023 نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق رەزامەندی دەربڕی بە ناردنی 500 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان تاوەکو کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەبارەی جێبەجێکردنی بودجەوە چارەسەر دەبێت".
 
لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی بەغدا دەینێرێت بۆ هەرێم وتی "ئەم 500 ملیار دینارەی کە دەنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان هیچ بنەمایەکی نییە و دەبێت بدرێتەوە پێیان".
 
جەختیشی کردەوە "دوای چارەسەربوونی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان حکومەتی ناوەندی، مەرجە کە هەرێم ئەو بڕە پارەیەی وەک قەرز لە بەغدای وەرگرتووە کە ئەو 500 ملیارەیە، مانگانە بیداتەوە".
 
لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیشەوە وتی "لەمەودوا دابەشکردنی مووچەکانیان هیچ کێشەیەکی بۆ دروست نابێت و پێویست ناکات دوودڵبن لەوە".
Qaiwan
Qaiwan