کوردستانی

کارمەندانی کەرتی تایبەت لە مەترسیدان

مەودا میدیا - سلێمانی |


کارمەندانی کەرتی تایبەت لە مەترسیدان
مەودا میدیا-

کەمپینی دەرفەت لە راگەیاندراوێکدا پشتگیری لە کارمەندانی کەرتی تایبەت دەکات لەبەر ئەوەی بەشێک لە کارمەندانی کەرتی تایبەت لەلایەن خاوەن کارەکانیانەوە پێیان وتراوە ئەم مانگە ناتوانرێت مووچەیان بدرێتێ.

لە راگەیاندراوەکەی کەمپەینی دەرفەت هاتووە "وەکو روونە لای هەمووان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند ڕێوشوێنێکی گرتووەتەبەر و قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیەنراوە، بەڵام لەم دۆخەشدا هەندێک لە خاوەن کارە بەڕێزەکان و بەتایبەتیش خاوەنی کارگەکان هەڵسوکەوتی نەشیاو بەرامبەر کارمەندانیان دەنوێنن و هەندێکیان رێنماییەکانیان پێشێلکردووە و هەندێکیشیان سوودیان لە کەلێنیی ناو ڕێنماییەکان وەرگرتووە".

ئاماژە بەوەشکراوە "ئێمە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا لەڕێگەی تیمەکانمانەوە زانیاری وردمان کۆکردووەتەوە لەبارەی دۆخی ئەو کارمەندانەی کەرتی تایبەت و بەتایبەتی کارگەکان و لێرەدا بە چەند خاڵێک دەیخەینەڕوو"ئەو خاڵانەش بریتین لە:

یەکەم: هەندێک لە کارگەکان بەهیچ شێوەیەک پابەندی رێنماییەکانی حکومەت نەبوون و بەردەوامن لە کارکردن بە کرێکارە ناوخۆیی و بیانییەکان.

دووەم: هەندێک لەو کارگانە لەلایەن قائیقامییەتەکانەوە ڕێگەپێدانی هاتوچۆیان بۆکراوە لەکاتێکدا ئەو کاڵایەی بەرهەمی دەهێنن کاڵای پێویستی ڕۆژانە نییە و ئەو ڕێگەپێدانە بووەتە فشار بەسەر کرێکارەکانەوە و ناچارکراون بگەڕێنەوە  سەر کارەکانیان.

سێیەم: هەندێک لە خاوەن کارگەکان بە کارمەندەکانیان وتووە کە ئەگەر وادەی ڕاگرتنی کارەکانیان لەوەزیاتر درێژە بکێشیت ناتوانن مووچەکانیان پێبدەن.

چوارەم: هەڕەشە لە هەندێک کارمەند کراوە کە لەبەر سەلامەتی خۆیان و کەسوکاریان لە ماڵەوە ماونەتەوە و پێیان وتراوە ئەگەر نەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان دەردەکرێن.

پێنجەم: لە زۆرێک لە کارگەکاندا رەچاوی مەرجە تەندروستییەکان نەکراوە و بە دەیان کرێکاری بیانیی و ناوخۆیی تێکەڵدەکرێن و بەیەکەوە ناندەخۆن و دەمێننەوە و کاردەکەن.

لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا هاتووە "ئێمە لە کەمپەینی دەرفەت تەواوی زانیاریی و داتا و بەڵگەکانمان پاراستووە لەبەر ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی کرێکاران،  ئەگەر هەر لایەنێکی پەیوەندیدار بە پێویستی زانی بەڵگەکان دەخەینەڕوو".
Qaiwan
Qaiwan