نەزیرە  حارس

نەزیرە حارس

باڵەخانەی سەرای سلێمانی

 

 باڵەخانەی سەرای سلێمانی، یەکێکە لە کۆنترین باڵەخانەکانی شاری سلێمانی. وەک لە مێژوودا باس دەکرێت؛ ئەم باڵەخانەیە لە پێش دروستبوونی شاری سلێمانییەوە لەلایەن (مەحمود پاشا)ی بابانەوە دروست کراوە. مەحمود پاشای بابان بڕیار دەدات کە میرنشینەکەی لە قەڵاچوالانەوە بگوازێتەوە بۆ شوێنێکی تر، بۆ ئەم مەبەستەش سەرەتا هەڵدەستێت بە دروستکردنی باڵەخانەیەکی گەورە لە شوێنی ئێستای سەرای سلێمانی، بەو نیازەی کە شارێکی تازە لە هەمان شوێندا دروست بکات و میرنشینەکەی بۆ بگوێزێتەوە، بەڵام حکومڕانییەکەی تووشی کێشە و گرفتێکی زۆر دەبێت و ناتوانێت ئەو پلانە جێبەجێ بکات. لە دوای مەحمود پاشا، (ئیبراهیم پاشا)ی برازای پلانەکەی جێبەجێ دەکات، قەڵاچوالانی چۆڵ کردووە و هاتووەتە شوێنی ئێستای سلێمانی و شارەکەی دروست کردووە. لە تەنیشت (سەرا)کەی مامییەوە کە پێشتر دروستی کردووە، هەندێک کۆشک و خانووی دروست کرد، سەراکەی مامی کرد بە شوێنی فەرمانڕەوایی میرنشینی بابان، کە ئەو کاتە باڵەخانەکە لە یەک نهۆم و نیو پێک هاتووە بە شێوەیەکی زۆر جیاواز لە شێوەی ئێستای باڵەخانەکە. 

لە دوای کەوتنی میرنشینی بابان لە ساڵی (1850)، عوسمانییەکان هەمان باڵەخانەی سەرای سلێمانییان بەکار هێنا بۆ حوکمی خۆیان و لیوای سلێمانییان خستە سەر ویلایەتی موسڵ، والیی موسڵ سەردانی سلێمانی کردووە و لە باڵەخانەی سەرادا لەگەڵ دەستەودایەرەکەی کۆبووەتەوە. 

لە ساڵی 1918 لەناو باڵەخانەی سەراوە بۆ یەکەم جار جاڕی دامەزراندنی مەملەکەتەکەی شێخ مەحمود دراوە، هەروەها جاڕی بەمەلیکبوونی (شێخ مەحمودی حەفید) وەک یەکەم مەلیکی کوردستان درا و باڵەخانەی سەرا بوو بە شوێنی حوکمڕانیی شێخ مەحمود. 

لە دوای رووخانی حکومەتەکەی مەلیک مەحمود، ئینگلیزەکان باڵەخانەی سەرای سلێمانییان بەکار هێنایەوە وەک شوێنی حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی سەربازیی خۆیان. لە ساڵی 1926 - 1928 ئینگلیزەکان بە بڕیارێک باڵەخانەی سەرا دەڕووخێنن و سەرلەنوێ دروستی دەکەنەوە لەسەر دەستووری تەلارسازیی ئینگلیزی، بە شێوازێکی نوێ و گونجاو بۆ شوێنی حوکمڕانیی ئینگلیزەکان لە سلێمانی. باڵەخانەکە بە دوو نهۆم دروست دەکرێت و لە (43) ژوور پێک دێت، هەموو ژوورێک ئاگردانی تایبەتی خۆی بۆ دروست کراوە. 

باڵەخانەی سەرای سلێمانی بە بەردەوامی پەیوەندییەکی گرنگی هەبووە بە مێژووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی شارەوە، هەر لە شەڕی بەردەرکی سەرا لە ساڵی 1930 کە بە راپەڕینی بەردەرکی سەرا ناسراوە، تا هاتنەوەی تەرمی شێخ مەحمود بۆ بەردەم باڵەخانەکە لە ساڵی 1956، کە خەڵکی شار تەرمی پیرۆزی مەلیک مەحمودی داپۆشراو بە ئاڵای کوردستانیان خستە سەرشانیان و لەبەر دەرکی سەرا خۆپیشاندانیان کرد و داوای ئازادکردنی شێخ لەتیفی کوڕیان دەکرد، کە لەو کاتەدا لە سجنی سەرەوەی سلێمانی بوو، تاوەکوو بەشدار بێت لە ناشتنی تەرمی شێخدا، بەڵام کاربەدەستان بە گوللە وەڵامی خۆپیشاندانەکەیان دایەوە و دوو فیشەک بەر تەرمی مەلیک مەحمود دەکەوێت و شێخ بەمردوێتی دەپێکرێت. ئەو خۆپیشاندانە چەندین شەهید و برینداری لێ کەوتەوە و لەناویاندا ژنە شەهید (ئەختەری رەشۆل) هەبوو. بەردەوام چەندین چالاکیی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەبەردەم ئەم باڵەخانەیەدا ئەنجام دەدرا بەپێی ئەو گۆڕانکارییانەی کە رووی دەدا لە حوکمڕانیی عیراقدا؛ هەر لەبەردەم سەرای سلێمانی ژنانی شار بۆ یەکەم جار گردبوونەوەیەک دەکەن و پەچە و عەباکانیان فڕێ دەدەن و بۆ ماوەیەک لەو ناوەدا نمایشی خۆیان بەسفوری دەکەن. لە ساڵی 1991 و لە راپەڕینە مەزنەکەدا، لەلایەن خەڵکی شاری سلێمانییەوە باڵەخانەی سەرا وەکوو یەکەم شوێن لە رژێمی بەعسی فاشی پاک کرایەوە، ئەو کاتە بە بنکەی پۆلیسی سەرا ناسرابوو، لە دوای راپەڕینیش ئەم باڵەخانەیە هەر وەکوو بنکەی پۆلیس مایەوە تا ئەو کاتەی جارێکی تر بڕیاری نۆژەنکردنەوەی درا. 

لە کاتی خۆپیشاندانەکانی 17ی شوباتی ساڵی 2011 لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە هەوڵ درا ناوی بەردەرکی سەرای سلێمانی بگۆڕن بۆ (سەرای ئازادی)، بەڵام هەوڵەکە سەرکەوتوو نەبوو، چونکە ئەوەی کە لە مێشک و بیری خەڵکی شاردا جێگیر بووە (بەردەرکی سەرا)یە، نەک سەرای ئازادی. 

لە هەموو حاڵەتێکدا وشەی سەرا ئاماژەیە بۆ باڵەخانەی سەرا. چەندین لایەن و کەسایەتی تا ئێستاش لە هەوڵدان بۆ رێگریکردن لەوەی کە ئەو باڵەخانەیە بکرێت بە شوێنێکی بازرگانی، بەڵکوو مەبەستیانە کە بکرێت بە شوێنێکی کولتووری و گەشتیاریی هەتا گەشتیارانی بیانی بتوانن سەردانی بکەن و ئاشنا ببن بە مێژووی شار. 

باڵەخانەی سەرای سلێمانی و بەردەرکی سەرای سلێمانی، لەگەڵ ئەوەی کە مێژووەکەیان زۆر کۆن نییە، بەڵام بەهۆی ئەو رووداوە مێژوویی و گرنگانەی کە لەو شوێنەدا تۆمار بوون، بوون بە بەشێک لە مێژووی شار، هەر بۆیە لە زۆرێک لە شیعری شاعیرەکان و لە زۆر چیرۆک و داستانی تایبەت بە شاری سلێمانیدا ناوی هاتووە، هەروەکوو فایەق بێکەس لە هۆنراوەی (وەفدی کوردستان)دا دەڵێت: 

چەپکێ لەو گوڵەی بەردەرکی سەرا 

کە بە خوێناوی لاوان ئاو درا... 

یان شێخ رەزای تاڵەبانی دەڵێت: 

لەبەر قاپی سەرا سەفیان دەبەست شێخ و مەلا و زاهید

مەتافی کەعبە بۆ ئەربابی حاجەت گردی سەیوان بوو

 

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan