نەزیرە  حارس

نەزیرە حارس

ژینگەی ژاوەژاو

ژینگە، بریتییە لە کۆی ئەو شتانەی لە دەوروبەرمانن و کاریگەرییان هەیە لەسەر ژیان و مانەوەی گیانلەبەران لەسەر گۆی زەوی، هەروەها لە ئاو، هەوا، خاک، کانزاکان و خودی بوونەوەران.

چەند پێناسەیەک هەیە بۆ ژاوەژاو، لەوانە: 
- بریتییە لەو دەنگە پەرشوبڵاوانەی کە بەردەوامییان هەیە و نەخوازراون.
- ئەو دەنگە نەشازانەن کە مرۆڤ بێزار دەکەن و کۆئەندامی بیستن توانای وەرگرتنیانی نییە، یان هەر جۆرە دەنگێک کە لای بیسەر نەناسراو بێت.
- لە دەنگێک یان چەند دەنگێکی تێکەڵ بەیەک، کە مانایەکی ئاشکرا و دیاریکراویان نییە. 
- لەو دەنگانەی کە لە کاتی بیستنیان دەبنە مایەی بێزارکردنی مرۆڤ و تەنانەت گیاندارانیش، ئەویش بەهۆی بەرزیی لەرەیانەوە، ئەم دەنگانە بەگشتیی بێزارکەرن و دەبنە هۆی تێکدانی هزر و دەروون.

 دووچاربوون بە ژاوەژاو بۆ ماوەی تەنیا یەک چرکە، کاریگەریی خراپ بۆ ماوەی 30 چرکە لەسەر مرۆڤ جێدە‌هێڵێت. ژاوەژاو بە پلەی دووەم دێت لە دوای ئاو بۆ پیسبوونی ژینگە.

ژاوەژاو بووەتە مۆرکی زۆرێک لە شارە گەورەکانی جیهان بەهۆی چڕیی دانیشتوانی ئەو شارانە و زۆریی هۆکارەکانی هاتوچۆ و هەبوونی کارگەی زۆر و گەورە.

کاریگەریی ژاوەژاو دەبێتە هۆی هەڵچوونی دەروونی و شڵەژان و تێکچوونی رەفتاری کۆمەڵایەتی بەگشتی، ئەمانەش لە کۆتاییدا دەبنە هۆکاری تێکچوونی سووڕی خوێن لە لەشدا و تێکچوونی فەرمانەکانی دڵ و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، هەندێک جاریش بەرزبوونەوەی ئاستی شەکر لە خوێندا، هەروەها دەبێتە هۆی تووشبوون بە زرنگانەوەی گوێچکە و تێکچوونی خەو.

 ژاوەژاو بە یەکەی (دیسیبڵ) دەپێورێت، کە لە راستیدا یەکە نییە، بەڵکوو رێژەیەکە بۆ پێوانی ژاوەژاو. ژینگەی مرۆڤ پێویستە رێژەی ژاوەژاو تیایدا لە 60 دیسیبڵ زیاتر نەبێت، بەتایبەتی لە کاتەکانی حەوانەوەدا کە بەپێی وەرزەکان و شەو و رۆژ دەگۆڕێت. کاتەکانی حەوانەی مرۆڤ، لە وەرزی هاویندا لە کاتی رۆژدا، بریتییە لە 3ی پاشنیوەڕۆ بۆ 6ی ئێوارە، لە شەودا بریتییە لە 11ی شەو بۆ 6ی بەیانی.

لە وەرزی زستاندا لە کاتی رۆژدا بریتییە لە 2ی پاشنیوەڕۆ بۆ 5ی ئێوارە، لە کاتی شەویشدا بریتییە لە 10ی شەو بۆ 7ی بەیانی. 

سەرچاوەکانی ژاوەژاو:
- هۆکارەکانی گواستنەوە بە هەموو جۆرەکانییەوە: ماتۆڕسکیل، ئۆتۆمبێل، شەمەندۆفێر، فڕۆکە، کەشتی...
- چڕیی خەڵک و دەنگی بەرزی مرۆڤەکان.
- موەلیدەی کارەبا و کارگە پیشەسازییەکان.
- دەنگی بڵندگۆی مزگەوتەکان و دەستگێڕەکان.
- باخچەی ساوایان و خوێندنگەکان.
- دەنگی ئامێرە کارەباییەکانی ناوماڵ.
- یانەکان و شوێنی بۆنە و ئاهەنگەکان. 

 پەیوەست بە ژاوەژاوی دنیای جەنجاڵ و پڕ دەنگ، ئەلێکسز کارێل (Alexis Carrel) دەڵێت: "ئێمە قوربانیی دەستی ئەو پێشکەوتنەین کە زیاتر لە بواری مادیدا بەدەستمان هێناوە لەسەر حسابی دواکەوتنمان لە بواری زانستەکانی ژیاندا". هەروەها (بڕۆم و سیلیزینک) دەڵێن: "پێویستە ئێمە ئەو ئامێرانە بەرهەم بهێنین کە مرۆڤ بەڕێوەیان دەبات، نەک ئەو ئامێرانەی کە مرۆڤ بەڕێوە دەبەن و کۆنترۆڵی ژیانی دەکەن".

 توێژینەوەیەكی نوێ ئەوەی ئاشكرا كردووە کە لە سەدا دەی دانیشتوانی ویلاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كێشەی زرنگانەوەی گوێیان هەیە و ئەو ژینگە ژاوەژاوەی تیایدا دەژین بە یەكێك لە هۆكارەكانی ئەم كێشە تەندروستییە دادەنرێت. لەتوێژینەوەكەدا ئەوەش هاتووە کە 21.4 ملیۆن ئەمەریكی لە ماوەی یەک ساڵدا تووشی ئەم حاڵەتە بوون. لە سەدا بیست و حەوتی ئەو كەسانەی بەشداریی ئەو توێژینەوەیەیان كردووە، زیاتر لە 15 ساڵە بەدەست زرنگانەوەی گوێیانەوە گرفتارن. هەروەها زۆرێک لە دانیشتوانی وڵاتە پێشکەوتووەکان لە تەمەنی 25 ساڵییەوە تووشی گوێ گرانبوون دەبن بە پێچەوانەی وڵاتانی ئەفریقا کە لە دوای تەمەنی 60 ساڵییەوە تووشی ئەم حاڵەتە دەبن. 

هەرچەندە لە کوردستان هەتا ئێستا ئامارێکی ورد نییە لەو بارەیەوە، بەڵام ژمارەیەکی زۆری خەڵک تووشی کێشەی زرنگانەوەی گوێ هاتوون. بەپێی شارەزایانی ئەم بوارە، کێشەکە هیچ چارەسەرێکی نییە جگە لەوەی کە تووشبووەکە دەبێت رابێت لەگەڵ نەخۆشییەکە. 

 د. هارسیۆن لین، لە زانكۆی كالیفۆرنیا پێی وایە کە ژیانكردن لە ژینگەی نەگونجاو و پڕ لە ژاوەژاو، یەكێكە لە هۆكارەكانی زرنگانەوەی گوێ و چارەسەرنەكردنی ئەم حاڵەتە و بەردەوامبوونی، هۆكارە بۆ تێكدانی ئاستی بیستن.
 پزیشكەكان ئەوەیان ئاشكرا كردووە كە رێژەی لە سەدا حەوتی ئەم حاڵەتە نیشانەیە بۆ هەبوونی كێشەی گەورە لە گوێدا.
لەگەڵ ئەمانەش، هەندێک جۆری ژاوەژاو هەیە مرۆڤ ئارام و هێور دەکەنەوە، وەکوو دەنگی: خوڕەی ئاو، لەرینەوەی گەڵا و گوڵی درەختەکان، شنەی شەماڵ، هەروەها دەنگی زۆرێک لە باڵندەکان و مۆزیک و گۆرانی.
بۆ کەمکردنەوەی ژاوەژاو، یاخود کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ژاوەژاو، پێویستە چەند رێگەچارەیەک بیگرێنە بەر، وەک:
- کارا کردن و کارپێکردنی یاسای ژینگە بەگشتی و جەختکردنەوە لەسەر ئەو بڕگانەی پەیوەستن بە ژاوەژاوەوە و دانانی سزا لەسەر ئەو کەس و لایەنانەی کە دەبنە هۆی ژاوەژاو و سەرپێچی لە رێنماییەکان دەکەن.
- توندوتۆڵکردنی دەرگا و پەنجەرەی ناوماڵ و بیناکان بە دانانی دوو شووشە و سێ شووشە.
- دانانی سیستمی دەنگ هەڵمژین لە هۆڵە گەورەکانی بۆنە و ئاهەنگەکان بۆ رێگریکردن لە دەنگدانەوە.
- قەدەغەکردنی دەنگی بڵندگۆکان بە هەموو جۆرەکانییەوە، بەتایبەتی لە کاتەکانی حەوانەوەدا.
- کەمکردنەوەی ژمارەی هۆکارەکانی گواستنەوەی تاکەکەسی و دابینکردنی هۆکاری گواستنەوەی گشتی.
- زیادکردنی رێژەی سەوزایی.
- دوورخستنەوەی سەرچاوەکانی ژاوەژاو لە شوێنی نیشتەجێبوون.
- لە سەروو هەمووشیانەوە، هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لە زیانەکانی ژاوەژاو.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan