نەزیرە  حارس

نەزیرە حارس

ئۆتۆمبێل، یەکێک لە هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە

ژینگە، واتە شوێنی ژیانی مرۆڤ و هەموو بوونەوەرەکان؛ چ لەسەر رووی زەوی، چ لەناو ئاوی دەریا و ئۆقیانووس و رووبارەکان و چ لەناو هەوادا. ئەگەر ژینگەی هەر یەکێک لەم شوێنانە پیس بوو، ئەوا ژیانی مرۆڤ و زیندەوەرەکانی کە تێیدا دەژین، دەکەوێتە مەترسییەوە، جا قەبارەی مەترسییەکە بەقەد قەبارەی پیسبوونی ژینگەکەیە.

 هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە زۆرن، یەکێک لەو هۆکارانەی پیسبوونی ژینگە و ژینگەی هەوا بەتایبەتی، زۆریی دەردانی گازە خراپەکانە، هۆکاری دەردانی گازی خراپیش زۆرن، یەکێک لەوانە: زۆریی ژمارەی هۆکارەکانی گواستنەوەیە بەگشتی و ژمارەی ئۆتۆمبێلە بەتایبەتی، هەروەکوو ئەوەی ئێستا لە عیراق و کوردستان هەیە. ژمارەی ئۆتۆمبێل لە عیراقدا بەگشتیی جگە لە کوردستان، حەوت ملیۆن ئۆتۆمبێلە، کە نزیکەی چوار ملیۆنی تەنیا لە بەغدایە، لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی بەغدا نۆ ملیۆن کەسە لە کۆی 43 ملیۆن لە هەموو عیراق.

لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ملیۆنێک و حەوت سەد هەزار ئۆتۆمبێل لە جۆرەکانی تایبەت و تاکسی و بارهەڵگر هەن، ئەمە جگە لە ئۆتۆمبێلی تابلۆ کاتی و تابلۆ شینەکان کە سەر بە دامەزراوە حزبی و حکومییەکانن. لە سێ پارێزگای هەرێمدا رێژەی ئۆتۆمبێل بەم شێوەیەی لای خوارەوەیە:

 لە هەولێر: 970 هەزار. 

 لە سلێمانی: 600 هەزار. 

 لە دهۆک: 215 هەزار. 

 لەو ژمارە ئۆتۆمبێلانە، نزیکەی 82 هەزاریان تاکسین، لەکاتێکدا هەموو هەرێم پێویستی بە 20 هەزار ئۆتۆمبێلی تاکسی هەیە، 10500 دانەشیان ئۆتۆمبێلی جۆری بارهەڵگرن و ئەوانی دیکەش ئۆتۆمبێلی تایبەتن. 

ئۆتۆمبێلی کرێ، بەم شێوەیە دابەش بوون بەسەر شارەکاندا:

هەولێر: 42.350 ئۆتۆمبێل.

سلێمانی: 31.150 ئۆتۆمبێل.

دهۆک: 18.320 ئۆتۆمبێل.

بوونی ئەم ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێلی کرێ، لەکاتێکدایە کە ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستانی عیراق نزیکەی شەش ملیۆن و نیوە. بەپێی پێویستیی شارەکانی هەرێم، سێ لەسەر چواری ئەو ئۆتۆمبێلە کرێیانە زیادن و ئەگەر ئەم رێژەیە بەراورد بکرێت لەگەڵ شارە گەورەکانی وەکوو: ئیستەنبوڵ و تاران، ئەوا بەم شێوەیەیە:

ئیستەنبوڵ: ژمارەی دانیشتوانی 15 ملیۆن کەسە و نزیکەی 18 هەزار تاکسی تێدایە.

تاران: ژمارەی دانیشتوانی 14 ملیۆن کەسە و 17 هەزار تاکسی تێدایە.

 
لە هەرێمی کوردستان رۆژانە ئۆتۆمبێلی کرێ، واتا تاکسی، ئەگەر هەریەکە و رۆژانە 15 لتیر بەنزین بەکار بهێنێت، ئەوا لە رۆژێکدا زیاتر لە ملیۆنێک و دوو سەد هەزار لیتر بەنزین دەسووتێنن، بەڵام پێویستیی ئۆتۆمبێلی تایبەت و دامەزراوە حکومییەکان روون نین و بە هەر پێوەرێک بپێورێت؛ ئەوا بەکارهێنانی بڕی بەنزین زۆر زۆرە، کە ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر پیسبوونی ژینگە، بەتایبەتی کە دەوترێت جۆری بەنزین لە هەرێمی کوردستان جۆرێکی خراپە و زیاتر ژینگە پیس دەکات. هەر ئەمەش دەرخەری ئەو راستییەیە کە ژینگەی شارەکانی هەرێمی کوردستان لە رووی هەواوە ژینگەیەکی خاوێن نییە.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan