نەزیرە  حارس

نەزیرە حارس

ژینگەی کۆمەڵایەتی

ژینگەی کۆمەڵایەتی، ئەو ناوەندەیە کە سەرجەم ژێرخانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی و رۆشنبیرییەکانی تێدا کۆ دەبێتەوە، لەو چوارچێوەیەدا مرۆڤ گەورە دەبێت و مۆرکی خۆی لەسەر دروستبوونی کەسێتی، هەڵسوکەوت، تەندروستی و پەروەردە جێدەهێڵێت.

ژینگەی کۆمەڵایەتی کاریگەریی زۆری لەسەر گەشەکردنی کەسێتیی مرۆڤ هەیە، خێزان یەکەم یەکەی ئەم ژینگەیەیە، بۆیە ئاستی خێزان لە رووی خوێندەواری، دارایی و کۆمەڵایەتییەوە لە پێگەیاندن و داڕشتنی کەسایەتیدا رۆڵی زۆر دەبینێت. زۆر جار تەندروستی و خوشگوزەرانی تاک، دەرەنجامی پاشخانێکی گونجاو و خاوەن دارایی و پێگەی کۆمەڵایەتییە.

 بە واتایەکی تر، ژینگەی کۆمەڵایەتی بریتییە لەو دۆخەی کە مرۆڤ تێیدا دەژی، زۆر پێکهاتە لەخۆ دەگرێت، لەوانە: کەسەکان، بە تاک یاخود بە کۆ، دامەزراوەکان و خێزان، تەنانەت شوێنی جوگرافی کە خۆی لە خۆیدا زمان و کولتوور دیاریی دەکات. ئەم پێکهاتانە، هەریەکەیان بەجۆرێک لە جۆرەکان گاریگەریی تەواو بەجێدەهێڵێن لەسەر هەڵسوکەوتی مرۆڤەکان بە باش یاخود بە خراپ، ئەم کاریگەییانەش لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە و لە کۆتاییدا یاسا و رێسا، کولتوور، هونەر و دابونەریت پێک دەهێنن.

ژینگەی کۆمەڵایەتی کاریگەریی گەورەی هەیە لەسەر مرۆڤەکان و بە سەرچاوەی پێشکەوتن یاخود دواکەوتنیان دادەنرێت، هەروەها سەرچاوەی دابونەریت و بەهاکانە و رۆڵیان بۆ دیاری دەکات و دەبێتە هۆی هەڵچوون و داچوونی.

ئەحمەد زەکی بەدەوی، زانا و کۆمەڵناسی لوبنانی، لەو بارەیەوە دەڵێت: ژینگەی کۆمەڵایەتی، پێکهێنەری یاسا و رێسا، دابونەریت و بەها کۆمەڵایەتییەکان، زمان، دین، دۆخی سیاسی و زانستی، هونەر، کولتوور و ئاستی تەندروستی و تەنانەت ئابوورییشە.

ژینگەی کۆمەڵایەتی، لایەنی مادی و کۆمەڵایەتی هەیە؛ لایەنی مادی، وەکوو: بینا و باڵەخانەکان، رێگەوبانەکان، شوێنە کشتوکاڵی و پیشەسازییەکان و شوێنی کارکردن بەگشتی... 
لایەنی کۆمەڵایەتییش، وەکوو: پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەنێوان کەسەکان خۆیان، لەنێوان کەسەکان و کۆمەڵگە، لەنێوان کەسەکان و ئەو دامەزراوانەی کە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن هەر لە خێزان، هاوڕێ، خوێندکار و ئەوانەی لە شوێنی کارکردن نزیکن لێیانەوە.

 کاریگەرییەکانی ژینگەی کۆمەڵایەتی:
کاریگەری لەسەر هەڵسوکەوت
: زۆر جار ئەو ژینگە کۆمەڵایەتییەی کە مرۆڤ تێیدا دەژی، چ لە ناوەوە لەسەر ئاستی خێزان کە بە پلەی یەکەم دێت، چ لە دەرەوە لەسەر ئاستی کۆمەڵگە، دەبێتە بناغەی هەڵسوکەوتی مرۆڤەکان و کەسایەتییان دیاری دەکات.

کاریگەری لەسەر رۆشنبیریی تەندروستی: ژینگەی کۆمەڵایەتی، کاریگەری ئێجگار گەورەی هەیە لەسەر ئاستی رۆشنبیریی تەندروستی، زۆر هەڵسوکەوت دەسەپێنێت بەسەر مرۆڤەکاندا بۆ پارێزگاری لە تەندروستیی خۆیان و خێزانیان. ژینگەی کۆمەڵایەتیی باش لە رووی تەندروستییەوە، کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر رێژەی تەمەن و رێژەی مردن (Morbilty - Mortality)، هەروەها لەسەر ژمارەی ئەندامانی خێزان (گەورە و بچووکیی خێزان)، جۆری خواردن و رێژەی قەڵەوی و تەندروستیی مێشک.

کاریگەری لەسەر لێهاتوویی مرۆڤ: ژینگەی کۆمەڵایەتی، بزوێنەری هونەرمەندانە و هۆکارێکە بۆ گەشەی لێهاتوویی و دەربڕینی ناخی هونەرمەندان، چ لە رووی هەست و نەست، چ لە رووی گرنگیدان و هاندانی کۆمەڵگە بۆ کاری هونەری.

کاریگەری لەسەر لایەنی مادیی بەرجەستەکراو: ژینگەی کۆمەڵایەتی، کاریگەرییەکی زۆری هەیە لەسەر لایەنی مادیی بەرجەستەکراو، وەکوو: بیناسازی، رێگەوبان، بواری پیشەسازی و کشتوکاڵ و ئیشکردن...

کاریگەری لەسەر بواری کۆمەڵایەتی: کۆمەڵایەتیبوونی مرۆڤەکان، بریتییە لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکتری، هەروەها پەیوەندیی لەگەڵ دامەزراوە حکومی و ناحکومییەکان، پەیوەندیی لەنێوان کەسە بەتەمەنەکان و منداڵان و هەوڵدان بۆ دابینکردنی ژینگەی گونجاو بۆیان، هەروەها هەڵبژاردنی هاوڕێ و ئەو بنەما و رێسایانەی کە مرۆڤەکان پەیوەستن پێوەی. ژینگەی کۆمەڵایەتیی باش، مرۆڤی ئەرێنی بەرهەم دەهێنێت کە باوەڕی بە سۆزداری، لێبووردەیی و داننان بە هەڵە و هەوڵدان بۆ بەرەوپێشچوون هەیە. هەروەها ئەوە ژینگەی کۆمەڵایەتییە کە رۆڵی ژن و ئاستی پێشکەوتنیان دیاری دەکات لەناو کۆمەڵگەدا. 
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan