نەزیرە  حارس

نەزیرە حارس

ژینگەی خاک؛ خاک ناسنامەی گەلە

خاک، ناسنامەی گەلە و پێویستییەکی گرنگی مرۆڤە، هەروەها سەرچاوەی یەکەمی هەموو سامانێکە. رێکخستنی سیستمی ژینگەیی (ئیکۆ سیستم) و ئەو پەیوەندییەی کە لەنێوان ئاو، هەوا و زیندەوەراندا هەیە، لە رێگەی خاکەوەیە، هەر بۆیە هەڵەیە ئەگەر مامەڵە تەنیا لەگەڵ یەک پێکهاتەی ژینگەییدا بکرێت، بەڵکوو دەبێت لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی ژینگەدا بکرێت لە هەمان کاتدا، کە ئەوە خاکە ئەو مامەڵە و پەیوەندییە گرێ دەدات بەیەکەوە لە سیستمی ژینگەییدا.

خاک، بریتییە لەو بەرگەی کە وەکوو توێژێکی نەرم بە دەوری زەویەوەیە، تۆوەکان لە ناو خاکەوە سەر دەردەهێنن و شین دەبن، هەروەها رەگ و ریشەی درەختەکانیش لە خاکدایە. هەر خاکیش خواردن بۆ گشت گیانداران و رووەکەکان دابین دەکات، ئەوانیش جارێکی تر دەبنەوە بە سەرچاوەی خۆراک. خاک، پێکهاتەیەکی گرنگی ژینگەیە و فاکتەرێکی گرنگی پارێزەری ژینگەشە. ئەو ئاوەی کە دەڕژێتە خاکەوە، بە رێگەی فیزیایی، کیمیاوی و بایۆلۆژی دەیپاڵێوێت و وەکوو کۆگایەکی گەورە کۆی دەکاتەوە، هەروەکوو چۆن کۆگایەکی گەورەشە بۆ کۆکردنەوەی کانزاکان.

"خاک، ناسنامەی گەلە"، ئەمە وتەیەکی وینستۆن چەرچڵە، کە لە ساڵی 1909 کردویەتی، هەروەها دەشڵێت: "خاک و زەوی جیاوازن لە هەموو جۆرەکانی تری موڵک و ماڵ و دابونەریت، پەیوەندیی مرۆڤ بە خاکەوە، پەیوەندییەکی بەهێز و سروشتییە".

تێکچوونی ژینگەی خاک، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ تێکچوونی هاوسەنگیی ژیان و کاریگەریی نەرێنیی هەیە لەسەر هەموو زیندەوەرەکان و بڕ و جۆری بەرهەمهێنان، کە ئەمەش خۆی لەخۆیدا کاریگەریی دەکاتە سەر ژیانی مرۆڤ و ئاسایشی خۆراک.

پارێزگاری لە ژینگە بەگشتی و ژینگەی خاک بەتایبەتی، یاخود پاراستنی ئاسایشی خاک، پێویستییەکی هەنووکەیی و ستراتیژییە، هەر بۆیە رێگریکردن لە پیسبوونی خاک، یاخود تێکچوونی ژینگەی خاک، بە هەوڵدان بۆ پارێزگاریکردن لە ژیانی مرۆڤ و هەموو زیندەوەران و کشتوکاڵ دادەنرێت، هەروەها پارێزگارییشە لە ئاوی ژێرزەوی. 


هۆکارەکانی پیسبوونی خاک:
- بەکارهێنانی پەینی کیمیاوی و مادەی زیانبەخش و قڕکەر بۆ کشتوکاڵ.
- پیشەسازی بەگشتی و پیشەسازیی نەوت و کانزاکان بەتایبەتی.
- پاشماوە رەق و شلەکانی دامەزراوە تەندروستییەکان و پاشماوە زانستییەکان و پاشەڕۆی مرۆڤەکان.
- هۆکارەکانی گواستنەوە بە هەموو جۆرەکانییەوە.
- چارەسەرنەکردنی زبڵ و خاشاک بە رێگەی زانستی و کردنیان بە ژێر خاکەوە (الطمر الصحي).
- دیاردە سروشتییەکانی وەک: گڕکان، لافاو و گۆڕانی کەشوهەوا.
- شەڕ و جەنگەکان و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو.
- دروستکردنی بینا و کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون بەبێ بوونی پلانی بنەڕەتیی رەچاوکردنی پاراستنی ژینگەی خاک و ناوچە سەوزەکان.
- گۆڕینی شوناسی خاک لە کشتوکاڵییەوە بۆ مەبەستی تر بەبێ پلان.
 
میکانیزم و رێگەچارە بۆ پاراستنی خاک لە پیسبوون:
-
بەكارهێنانى رووەكی گیایی و درەخت لە چارەسەركردنى پيسبوونى خاكدا، ئەویش بە چاندنی ئەو رووەك و درەختانەی کە رێژەيەكى زۆر مادە قورسەكان هەڵدەمژن لە خاكدا.
- چارەسەرى بايۆلۆژى، بە بەكارهێنانى بەكتريا و زيندەوەرە یەکخانەیی و فرەخانەییەکان لە چارەسەركردنى پيسبوونى خاك، کە دەبنە هۆى شيكردنەوەى مادە نەوتيیەكان.
- بەكارهێنانى رێگەى كيمياوى بۆ چارەسەركردنى خاك بە گۆڕينى شێوەى كيمیاویی مادە زیانبەخشەکان بۆ مادەی سووکتر و کەم زیان.
-  بەکارهێنانی رێگەى فيزيایى یا ميكانيكى، ئەویش بە شۆردنەوەى خاك لە پيسبوون و دەرهێنانى مادە پيسكەرەكان، بەڵام ئەم رێگەیە بۆ رووبەێکی گەورەى پيسبوو، قورسە و تێچووەیەکی زۆری پێویستە.
 
وڵاتێکی وەکوو شانشینی بەریتانیا، تەنیا لە سەدا پێنجی خاکەکەی کە دەکاتە 12200کم دووجا لە کۆی 244 هەزار کیلۆمەتر دووجا بەکار هاتووە بۆ بیناسازی و لە سەدا نەوەد و پێنجی کراوە بە سەوزایی و کشتوکاڵ، لە کۆی ئەو لە سەدا پێنجەش تەنیا لە سەدا یەکی بۆ نیشتەجێبوونە، لە کاتێکدا بەریتانیا وڵاتێکی چڕە لە رووی دانیشتوانەوە و نزیکەی 70 ملیۆن کەسی تێدا دەژی.

هەسارەی زەوی لە ئێستادا لە قەیراندایە، لە سەدا پەنجا و دووی زەوییە کشتوکاڵییەکان بەهۆی دیاردەی بە بیابانبوونەوە زیانیان پێ گەیشتووە و تێک چوون، لە ئێستادا ئەو حاڵەتە وەکوو کێشەیەکی گەورە لەئارادایە و رۆژ بە رۆژیش لە زیادبووندایە.

چەمكی بەبیابانبوون:
بەبیابانبوون، یەكێكە لەو كێشە جیهانییانەی رووبەڕووی زەوی بووەتەوە، دەتوانین بڵێین هەموو جیهانی گرتووەتەوە. بەبیابانبوون بریتییە لە: كەمبوونەوەی توانای بەرهەمهێنانی بایۆلۆژیی زەوی و لەناوچوونی زەوییە كشتوكاڵییە بەرهەمهێنەرەكان. سەرەنجام ناوچەیەكی سەوزایی دەگۆڕێت بۆ ناوچەیەكی بێبەرهەم و دەبێتە هۆی دروستبوونی بارودۆخی ئاووهەوای بیابانیی لە ناوچەكەدا. دیاردەی بەبیابانبوون، دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی ژیانی رووەك. كۆی گشتیی رووبەری بەبیابانبوون لە جیهاندا، 46 ملیۆن مەتر دووجایە، لەمەش نیشتمانیی عەرەبی 13 ملیۆن مەتر دووجای بەردەكەوێت، كە دەكاتە لە سەدا بیست و هەشتی كۆی گشتیی بیابانەكانی جیهان.

 هۆكارەكانی سەرهەڵدانی بەبیابانبوون:
- بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی.
- كەمیی رێژەی باران.
- خێرایی و زۆریی رێژەی بەهەڵمبوون بەهۆی تیشکی خۆر و جووڵەی هەواوە.
- كۆبوونەوەی بڕێكی زۆری خوێ لە زەوییە كشتوكاڵییەكاندا.
 - راماڵینی خاك بە هەر هۆکارێک بێت.
- كشانی تەپۆلكە لمییەكان (الکثبان الرملیة) و داپۆشینی بەروبوومە چێنراوەكان بەهۆی جووڵەی باوە.
 - نزیکبوونەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی بەهۆی گەرمبوونی زەوی و پرۆسەی بەهەڵمبوون. 
- پشتبەستن بە ئاوی بیرەكان بۆ مەبەستی ئاودێری، ئەمەش لە دواییدا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاو و بەرزبوونەوەی رێژەی سوێریی خاک، کە بەپێی تێپەڕبوونی كات دەبێتە هۆی بەبیابانبوون.
- لەناوچوونی رووپۆشی رووەكی لە ناوچەكەدا.
- زیادبوونی خێرایی با و بوونی بارانی بەلێزمە، کە هۆكارن بۆ رووتانەوە و راماڵینی خاك.

 ساڵانە چەندین رووبەری زەوییە چێنراوەكانی خاك رووبەڕووی پرۆسەی راماڵین دەبنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی بڕ و رێژەی مادەکانی وەك: نایترۆجین، فۆسفۆڕ، پۆتاسیۆم، كالیسیۆم، كبریت و...هتد. 
راماڵینی خاك، یەكێكە لە دیاردە مەترسیدارەكانی لەناوچوونی ژیانی رووەكی و ئاژەڵی لە سەرتاپای جیهان.

 پرۆسەی دروستبوونی خاك، زۆر هێواش و لەسەرخۆیە، دروستبوونی چینێكی خاك بە ئەستووریی 20سم، پێویستی بە 1400-7000 ساڵ هەیە.

راماڵینی خاك، دیاردەیەكی سروشتییە، ئەم دیاردەیە بەردەوام بوونی هەبووە، بەڵام چالاكییە جۆراوجۆرەکانی مرۆڤ بەشێوەیەكی بێبەرنامە و ناتەندروست و ناهۆشیارانە، وەک: راپەڕاندنی كاروباری كشتوكاڵ و كێڵانی زەوی بەشێوەیەكی نەزانانە و ناتەندروست لە كاتە وشكەكاندا، کە هۆکارە بۆ لەبەریەكهەڵوەشانی چینی سەرەوەی خاک، بووەتە هۆی زیاتر و خێراترکردنی پرۆسەکە.

کەواتە پارێزگاری لە ژینگەی خاک، پێویستی بە پلانێکی تۆکمەی گشتگیر و هەمەلایەنە هەیە.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan