نەزیرە  حارس

نەزیرە حارس

ژینگە و ژیان

ژینگە، بریتییە لە کۆی ئەو شتانەی کە لە دەوروبەرمانن و کاریگەرییان هەیە لەسەر ژیان و مانەوەی گیانلەبەران لەسەر گۆی زەوی، وەک: ئاو، هەوا، خاک و کانزاکان... هەروەها خودی بوونەوەران.

پرسی ژینگە لە ئێستادا بە گشتی و (ژینگەی هەوا) بەتایبەتی، پرسێکی جیهانییە و لەلایەن زۆرێک لە وڵاتانی زلهێزی دنیاوە خراوەتە بەر باسوخواس و لێکۆڵینەوە، هەر لەم پەیوەندەدا، رێککەوتننامەی زۆریان ئەنجام داوە و ساڵانە کۆنگرە، کۆڕ و کۆبوونەوە دەبەستن بەمەبەستی کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی پیسبوونی هەوا.

کاریگەریی هەوا لەسەر مرۆڤ، کاریگەرییەکی راستەوخۆیە، بەو پێیەی هەر هەوایەک مرۆڤ هەڵی دەمژێت یەکسەر لە رێگەی سییەکانەوە دەچێتە ناو خوێنەوە، جا ئەگەر هەواکە پاک بێت، یاخود پیس. خۆ ئەگەر هەواکە پیس بوو، ئەوا کاریگەریی خراپ لەسەر تەندروستی، بەتایبەتی تەندروستیی (دڵ و مێشک) دروست دەکات و زۆر جار دەبێتە هۆی وەستانی مێشک، ئەمە جگە لە تووشبوون بە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان بەهۆی گەردیلەی پیسی ناو هەوا (دووەم ئۆکسیدی نایترۆجین) کە تیرەکەی کەمترە لە 2.5 میکرۆمەتر و زۆر بە ئاسانی لە رێگەی سییەکانەوە دەچێتە ناو خوێنەوە. هەروەها هەوای پیس یەکێکە لە هۆکارەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بەگشتی.

 هەوای پیس، خێراترین و مەترسیدارترین کاریگەری هەیە لەسەر تەندروستیی مرۆڤ.

لێکۆڵینەوەکانی ساڵی 2022 ئەوەمان نیشان دەدەن کە رۆژ بە رۆژ پیسبوونی هەوا زیاد دەکات. بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی لە نێوان ساڵانی 2011 – 2022 ئەنجام دراون؛ رێژەی پیسبوونی هەوا شەش هێندە زیادی کردووە و لە دوو هەزار شاری جیهان، یاخود کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون دانیشتوانەکانیان هەوای پیس هەڵدەمژن.

سەرجەم دانیشتوانی گۆی زەوی هەوایەک هەڵدەمژن کە هەموو پێوەرەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی تێپەڕاندووە لە خراپیدا، ئەمەش هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر تەندروستیی مرۆڤ. لە ئێستادا لە شەش هەزار شاری دنیا، کە دەکەونە 117 وڵاتەوە، ئامێری پێوانە بۆ دەستنیشانکردنی رێژەی پاکیی هەوا دانراوە، بەپێی تۆماری پێوەرەکان دانیشتوانی ئەو شارانە هەوای پاک هەڵنامژن و ئەو هەوایەی کە هەڵیدەمژن، بەشێک لە دووەم ئۆکسیدی نایترۆجینی تێدایە. 

بەپێی لێکۆڵینەوە زانستییەکان، دەرکەوتووە ئەو وڵاتانەی پێشکەوتوون و ئاستی بژێوییان باشترە، کەمتر هەوای پیس هەڵدەمژن لەچاو وڵاتانی دواکەوتوو کە ئاستی بژێوییان نزمترە. وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکای باکوور، لەو وڵاتانەن کە پێوەر و پاککەرەوەی هەوایان هەیە.

 

بەڕێوەبەری تەندروستی و ژینگە لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت: دەتوانرێت رێگری بکرێت لە مردنی حەوت ملیۆن کەس ساڵانە، کە بەهۆی هەڵمژینی هەوای پیسەوە دەمرن.

رۆژی تەندروستیی جیهانی، کە دەکاتە 7ی نیسان، بۆ ساڵی 2022 دروشمەکەیان بریتی بوو لە "زەوییەکەمان تەندروستیمانە" و تیایدا زیاتر جەخت کرایەوە لەسەر جێبەجێکردنی کاری پێویست و بەپەلە بۆ پاراستنی تەندروستیی مرۆڤ و زەوی، هەروەها بەهێزکردنی تواناکان بۆ دابینکردنی کۆمەڵگەیەکی خۆشگوزەرانتر، چونکە بەپێی هەڵسەنگاندنەکان ساڵانە زیاتر لە 13 ملیۆن کەس لە جیهاندا بەهۆی پیسبوونی ژینگەوە دەمرن، کە دەکرێت ئەم رێژەیە کەم بکرێتەوە، یاخود نەهێڵرێت. وەک پێشتر ئاماژەم پێ کرد، لەم 13 ملیۆن کەسە، حەوت ملیۆنیان تەنیا بەهۆی هەوای پیسەوەیە.

زیانە ئابوورییەکانی پیسبوونی لە جیهاندا بەگشتی، ساڵانە بە چەندین ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، ئەمەش بەهۆی ئەو کاریگەرییانەی کە هەوای پیس هەیەتی لەسەر بەروبوومی کشتوکاڵ و ئاژەڵ.

هەوای پیس سنوور نازانێت و زۆر بەخێرایی لە شوێنێکەوە دەڕوات بۆ شوێنێکی تر.

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی کە پێویستە وڵاتان هەوڵی زۆر بدەن بۆ دەستەبەرکردنی هەوای پاک، ئەمەش بە رێگریکردن لە هەر شتێک کە دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگەی هەوا و بە بەکارهێنانی سەرچاوەی وزەی پاک و دۆستی ژینگە.

رێگەکانی دابینکردنی هەوای پاک، یاخود رێگریکردن لە زیاتر پیسبوونی هەوا:

یەکەم: پشتبەستن بە پێوانەی نیشتمانی بۆ هەوای پاک بەپێی ستاندەردی جیهانی، کە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دایناوە.

دووەم: دانانی پێوەر بۆ پێوانەکردنی رێژەی پاک و پیسیی هەوا و دەستنیشانکردنی سەرچاوەکانی پیسبوونی هەوا لە کاتێکدا ئەگەر پێوەرەکە نیشانەی هەوای پیسی دەرخست.

سێیەم: هاندانی خەڵک بۆ بەکارهێنانی وزەی پاک لە ناو ماڵدا بۆ ئامادەکردنی خواردن، هەروەها بۆ گەرمی و ساردی و رووناککردنەوە.

چوارەم: دابینکردنی هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتی بە نرخی گونجاو، کە هاندەر بێت بۆ بەکارهێنان لەلایەن خەڵکەوە، هەروەها رێکخستنی رێگەوبانەکان بە جۆرێک کە گونجاو بێت بۆ پیادەڕۆیی و پاسکیل.

پێنجەم: دانانی پێوەری توند بۆ توندوتۆڵیی ئۆتۆمبیل و دۆزینەوەی هەر کێشەیەک کە دەبێتە هۆی پیسبوونی هەوا و چارەسەرکردنی بە زووترین کات.

شەشەم: وەبەرهێنان لە شێوازی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون بە شێوەیەک کە دۆستی ژینگە بن و کەمترین وزەیان تێدا بەکار بهێنرێت. 

حەوتەم: دانانی وانەی ژینگەیی بەگشتی و ژینگەی هەوا بەتایبەتی لە پرۆگرامی خوێندن و پەروەردە و بواری تەندروستی.

هەشتەم: چارەسەر کردنی خۆڵ و خاشاک و هەموو جۆرکانی پاشماوە بە شێوەیەکی زانستی.

نۆیەم: رێگریکردن لە سووتاندنی پاشماوە کشتوکاڵییەکان، هەروەها رێگریکردن لە دروستکردن و بەکارهێنانی خەڵووز.

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan