نەزیرە  حارس

نەزیرە حارس

ژینگەی ئاو

ژینگە، بریتییە لە کۆی ئەو شتانەی لە دەوروبەرمانن و کاریگەرییان هەیە لەسەر ژیان و مانەوەی گیانلەبەران لەسەر گۆی زەوی، هەروەها لە ئاو، هەوا، خاک، کانزاکان و خودی بوونەوەران.

ژینگەی ئاو: ئاو سەرچاوەی سەرەکیی ژیانی ئادەمیزاد، ئاژەڵ، رووەک و هەموو بوونەوەرێکی سەر زەوی، ژێر زەوی، ناو ئۆقیانووس و دەریاکانە. ئاو کاریگەری راستەوخۆ و گەورەی لەسەر ئابووریی جیهان و تەنانەت تاکەکەسیش هەیە. هەر گۆڕانکارییەک کە لە ژینگەدا روو بدات، راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژینگەی ئاو دروست دەکات؛ وەکوو بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی گۆی زەوی.

ئاو، کاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر ژیان. تێکچوونی ژینگەی ئاویی، بە واتای تێکچوونی ژیان دێت لەسەر هەموو ئاستێک.

لە ئێستادا پرسی ئاو، بەتایبەتی ئاوی شیرین کە بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵ بشێت، پرسێکی جیهانییە و کێشەیەکی زۆر گەورەیە لە رووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە، هەرچەندە لە سەدا حەفتای رووی گۆی زەوی بە ئاو داپۆشراوە، بەڵام تەنیا لە سەدا یەکی ئەم ئاوە بۆ خواردنەوە دەشێت، ئەم رێژە کەمەش مەترسیی زۆری پیسبوونی لەسەرە. دابینکردنی ئاوی پاک بۆ خواردنەوە و گەیشتنی بە دەستی خەڵک، کارێکی بەردەوام و قورسە، هەروەها تێچوویەکی زۆریشی پێویستە.

- لە 70٪ی سەرچاوەکانی ئاو پاک نین و ناشێن بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵ.

- لە 90٪ی ئەو ئاوەی کە کۆمەڵگە هەژارنشینەکان بەکاری دەهێنن، پاک نین.

ئاوی پیس، هۆکارە بۆ نەخۆشی، بەتایبەتی بۆ منداڵان کە بە یەکەم هۆکار دادەنرێت هەر لە سکی دایکییەوە و تا تەمەنی گەورەیی کاریگەریی دەمێنێتەوە.

ئاو بەگشتی و ئاوی باراناو بەتایبەتی، گازێکی زۆری تێدا دەتوێتەوە. ئەو ئاوەى گازى زۆری تێدا توابێتەوە، رێژەی ترشی بەرزە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەى تواناى کارلێککردنى لەگەڵ مادەى کیمیایی جۆراوجۆر، بەتایبەتییش کانزاکان و بوونی کانزاکانیش لەناو ئاودا لە رێژەی گونجاو زیاتر، مەترسیدارە و جەستە بە کۆمەڵێک گرفتی لاوەکییەوە سەرقاڵ دەکەن، لەوانە: بەرزبوونەوەى پەستانى خوێن، ماندووکردنى دڵ و جەستە، تێکدانی رێژەى هۆرمۆن و گلاندەکان و تێکچوونی هاوسەنگیی لەش و تێکچوونی کاری زۆرێک لە رژێنەرەکان لە شانەى ئەندامە گرنگەکانى وەکوو جگەر و مێشک و مۆخی ئێسک، هەروەها لە ئەندامە گرنگەکانى تردا کۆ دەبنەوە و مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە بەرز دەکەنەوە.
بەهۆی خواردنەوەی ئاوی پیسەوە، ساڵانە چەندین ملیۆن کەس دەمرن، هەروەها کاریگەریی خراپ و درێژخایەنیش لەسەر تەندروستی ئەوانە جێ دەهێڵێت کە رزگاریان دەبێت لە مردن.
ئاوی ژێر زەوی، سەروەتێکی نیشتمانیی گەورەیە، بەڵام بەهۆی زۆر بەکارهێنان و خراپ بەکارهێنانی، مەترسی زۆری لەسەرە و ئەمەش دەبێتە هۆی وشکبوونی زۆربەی سەرچاوەکانی ئاوی کارێز و کانیاوەکان.
ئاوی پاک، کە بۆ بەکارھێنانی مرۆڤ و سوودی زیندەوەران دەست بدات، ئەو ئاوانەیە کە بە دەریاچە، چەم، رووبار، گۆم و جۆگەکاندا دەڕۆن و ھەندێکیشی لەژێر زەویدا کۆبووەتەوە، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە رێژەی پیسکردنی ئەو ئاوانە زۆر خێرا بووە و مرۆڤیش رۆڵێکی سەرەکی هەیە لەم پرسەدا و زۆر بێباکانە رۆڵی نەرێنی دەبینێت، هەر بۆیە ھێشتنەوەی ئاو بە پاکی، لە ئێستادا کێشەیەکی ھەنووکەیی مرۆڤایەتییە و خەڵک ناتوانێت بەئاسانی خۆی لە ئاوی پیس بەدوور بگرێت. پێویستە هەموو هەوڵەکان بخرێنە گەڕ لە لایەک بۆ پاراستنی ئاوی پاک لە پیسبوون، لە لایەکیش بۆ پاککردنەوەی ئاوی پیس، ئەمەش بە دەستنیشانکردنی سەرچاوەکانی پیسبوونی ئاو و دۆزینەوەی رێگەچارەی خێرا و پێویست بۆیان.
سەرچاوەکانی پیسبوونی ئاو زۆرن، ساڵانە لە جهیاندا نزیکەی هەشت ملیۆن تەن پلاستیک فڕێ دەدرێتە ناو زەریاکانەوە، ئەمە جگە لە پاشەڕۆی مرۆڤ بە هەموو جۆرەکانییەوە، هەروەها پاشماوەکان چ لەسەر ئاستی تاکەکەس و چ لەسەر ئاستی دامەزراوە گەورە و فەرمییەکان، کە هۆکاری سەرەکین بۆ پیسبوونی ئاو، هەر بۆیە پاراستنی ئاو لە پیسبوون؛ کارێکی گشتگیر و هەمەلایەنەیە و پێویستی بە بەشداری هەموو تاکێکی کۆمەڵگە هەیە بەوپەڕی شارەزایی و بەرپرسیارێتییەوە.
لە ئێستادا پرسی ئاو پرسێکی زۆر گەورەیە و شەڕی ئاو بووەتە شەڕێکی راستەقینە، هەرچەندە چەندین رێککەوتننامە و گرێبەستی تایبەت بە بواری ئاو هەیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بەڵام لایەنە بەشداربووەکان زۆربەی کات لە بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان دەهێنن بەبێ گوێدانە بەرژەوەندی لایەنەکانی تر، ئەمەش بەهۆی نەبوونی لێپێچینەوە و سزا لە کاتی سەرپێچیکردندا، هەروەها هێشتا هەندێک لەو رێککەوتنانە نەکەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە رۆژی جیهانیی ئاودا کە دەکاتە 22ی ئازار، ساڵانە کار بۆ ئەوە دەکرێت کە ئاو وەکوو فاکتەری ئاشتی دابنرێت نەک فاکتەری شەڕ، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو هەوڵ و تەقەلایانە و بەستنی چەندین کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆنگرەی جیهانی و هەبوونی رێککەوتننامەی ئاوی لە نێوان وڵاتاندا، هێشتا شەڕەکە قورسە و هەر لایەنێک بە لای خۆیدا رایدەکێشێت، بۆیە کۆکردنەوە و یەکخستنی پرسی ئاو و بەڕێوەبردنی لەلایەن یەک (ئەنجومەنی باڵا)وە لەجیاتی ئەو پەرشوبڵاویەی کە لە ئێستادا هەیە، بەشێکە لە ئاسایشی نیشتمانی و جیهان بەگشتی.
بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵگە، پابەندکردنی لایەنەکان بە کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاو، پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو لە پیسبوون و فڕێنەدانی پیسی و خاشاک بۆ ناو ئاو، هەروەها رێگریکردن لەوەی مادە کیماوییەکان رۆ بکرێنە ناو ئاوەڕۆکانەوە و پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو بە هەموو جۆرەکانییەوە لە پاشماوە تیشکدەرەکان، ئەمانە هەموویان ئەرکێکی مرۆییانە و نیشتمانین و پێویستی بە پلانی سراتیژیی هەمەلایەنە هەیە بۆ جێبەجێکردن، کە تیایدا بەرپرسیارێتی و کات و شوێن دیاری بکرێت بۆ جێبەجێکردنی، (کێ، چی، کەی، لە کوێ، چۆن) هەمووی دیاری بکرێت و پلانی بەدواداچوونی بۆ دابنرێت.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan