نەزیرە  حارس

نەزیرە حارس

6ی ئەیلول و راپەڕینی خەڵکی سلێمانی


پێش 93 ساڵ، کورد لە سلێمانی داوای دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانیان کردووە لە رێگەی راپەڕینێکی جەماوەریی بەرفراوانی خەڵکی شارەوە. دوای ئەوەی خەڵکەکە گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەو رێککەوتنە 25 ساڵانەیەی حکومەتی بەریتانی و حکومەتی عیراق کردوویانە، هیچ مافێکی بۆ کورد وەکوو نەتەوە تێدا نییە و هەردوولا هاوهەڵوێست بوون لە دژی مافەکانی گەلی کورد، بەتایبەتی دوای ئەوەی کە بڕیار درا عیراق بکرێت بە ئەندام لە کۆمەڵەی گەلان و کوردیش لە عیراقدا بۆی نییە دژی ئەم بڕیارە بوەستێتەوە، بەپێچەوانەوە، کورد پێویستە بەرگری لە عیراقێكی هێمن و ئارام بکات. 

لە تەمووزی 1930، مەلیک فەیسەڵ پەرلەمانی عیراقی هەڵوەشاندەوە و داوای کرد هەموو ئامادەکارییەک بکرێت بۆ هەڵبژاردنی تازە لە ماوەی دوو مانگدا، لەم ماوەیەدا شێخ مەحمود نامەیاکی نارد بۆ ئینگلیزەکان و تێیدا داوای کرد کە پشتگیریی داواکارییەکانی خەڵکی سلێمانی بکەن لە چەسپاندنی مافەکانی گەلی کورد، ئەم داواکارییانە هەمووی داواکاریی نەتەوەیی و سیاسی بوون. ئینگلیزەکان وەکوو هەموو جارێک بەڵێنی ناڕاست و دوورمەودایان دەدا بە کوردەکان بەبێ هیچ گرەنتییەک، هەر بۆیە خەڵک لەوە تێگەشتبوون کە بەڵێنەکان هیچ ئەنجامێکیان نابێت بۆ کورد و جگە لە بە‌هێزکردنی عیراق هیچی تر نین. لە بەرانبەر ئەم بێهەڵوێستییە نێودەوڵەتییەدا، خەڵکی سلێمانی کەوتنە خۆیان و بە پێویستیان زانی کە زیاتر هەوڵی ئاشتییانە بدەن، خۆ ئەگەر بە ئاشتی بۆیان نەکرا؛ ئەوا هەر رێگەیەکی تر گونجاو بێت دەیگرنە بەر. بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجومەنێکیان پێک هێنا بەناوی "هەیئەی وەتەنی". هەیئەی وەتەنی بوو بە نوێنەری خەڵکی سلێمانی بۆ داواکاریی مافەکانی گەلی کورد.

لەم کاتەدا خوێندکارانی بەشی زانستیی خوێندنی شەوان کە لەناو ئەنجومەنەکەدا بوون، نامەیەکیان ئاراستەی شارەکانی هەولێر و دهۆک و کەرکوک کرد و داوای پستیوانییان لێ کردن. حکومەتی عیراق بەم جموجووڵەی زانی و کەوتە خۆی، لە 12ی ئابی 1930 نوێنەری حکومەتی عیراق بە یاوەریی نوێنەری ئینگلیز هاتن بۆ سلێمانی و لەگەڵ هەیئەی وەتەنی کۆبوونەوە. هەیئەی وەتەنی داواکاریی خەڵکی سلێمانییان خستە بەردەم نوێنەری حکومەتی عیراق و نوێنەری ئینگلیز، بە راشکاوانە داوای دامەزراندنی حکومەتی سەربەخۆی کوردستانیان دەکرد، بەڵام لە وەڵامدا پێیان وتن کە ئەمە داواکاریی خەڵکی سلێمانییە و بەس، هیچ کام لە شارە گەورەکانی تری کوردستان ئەم داواکارییەیان نییە و پێویستە کورد لەژێر دروشمی برایەتی کورد و عەرەب و عیراقێکی موسوڵماندا، عیراق بپارێزن. دواتر بەیاننامەیەکیان لە سلێمانی بڵاو کردەوە، کە تێیدا هەیئەی وەتەنییان بە گێرەشێوێن و ئاژاوەگێڕ دا لە قەڵەم. لە رۆژی 6ی ئەیلول، لە کاتێکدا کە حکومەتی عیراق سەرقاڵی ئامادەکاری بوو بۆ هەڵبژاردن و لە کۆبوونەوەدا بوون لە سەرای سلێمانی، بۆ ئەم مەبەستەش بەردەرکی سەرا بە هێزێکی زۆری پۆلیس ئابڵووقە درابوو، لەملاشەوە خەڵکی شار دەستە دەستە و بە کۆمەڵ روویان کردبووە بەردەرکی سەرا بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بە بێهەڵوێستیی ئینگلیز، لە لایەکی تریشەوە دژ بەو هەڵبژاردنەوەیە کە هیچ حسابێکیان بۆ کورد نەکردبوو تێیدا، هەر بۆیە پۆلیس کەوتە بڵاوەپێکردنی خەڵک و خەڵکەکەش کەوتنە بەردبارانکردنی سەرا. تا دەهات ناڕەزایەتییەکان گەورەتر دەبوون و ئاپۆڕای خەڵکەکە زیادی دەکرد، حکومەت ناچار بوو پەنا بۆ هێزی سەربازی ببات؛ لە چاوتروکانێکدا سەرای سلێمانی بوو بە سەربازگە، ئیتر خەڵکەکەش بە دروشمی "بڕووخێت عیراق و سەربەخۆیی بۆ کوردستان" لەگەڵ سوپا تێک رژان. سەربازەکان کەوتنە دەستڕێژی گوللە بەسەر خەڵکدا و خەڵكیش بەبێ هیچ چەکێك کەوتنە بەرگری و ‌هێرش بۆ ناو سەرا. لە سەرەتادا سەربازێک کوژرا و چەند سەربازێکیش بریندار بوون، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە هێزی سوپا زیاتر شێلگیر بن و هیچ دەست نەپارێزن لە خەڵکی سڤیلی بێ چەک، لە ئەنجامدا کوشتارێکی زۆر رووی دا و 25 شەهید و زیاتر لە 40 بریندار و نزیکەی 300 کەسیش گیران، ئەمە جگە لەوەی کە لە رۆژانی دواترا رەشبگیرییەکی فراوان دەستی پێ کرد.

دروود بۆ گیانی پاکی ئەو شەهیدانە و گشت شەهیدانی رێگەی رزگاریی کوردستان، یادی ئەو رۆژە مەزنەش لە مێژووی گەلەکەماندا هەر بەرز و درەوشاوە بێت.

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan