کوردستانی

ئەمڕۆش بازاڕی دۆلارەکەی شاری سلێمانی نەکرایەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئەمڕۆش بازاڕی دۆلارەکەی شاری سلێمانی نەکرایەوە
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

دوای ئەوەی پارێزگاری سلێمانی بڕیاریدا بە کردنەوەی بازاڕی دۆلارەکە، بەڵام خاوەنی نوسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو لە بازاڕی دۆلارەکە رایدەگەیەنێت ئەنجومەنی بازاڕی دۆلارەکە پێیانی راگەیاندووە کە بازاڕەکە نەکەنەوە و ئاماژەی بەوەشکرد کردنەوەی بازاڕەکە سوودی نییە.

سامان عادل، خاوەنی نوسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی شاری سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەنجومەنی بازاڕی دۆلارەکە پێمانی راگەیاند کە پێیان وتن نابێت بازاڕی دۆلارەکە بکرێتەوە، بۆیە ئەمڕۆ بازاڕەکە ناکرێتەوە".

سەبارەت بەوەت داخستنی بازاڕەکە تاچەند کاریگەری هەبووە لەسەریان سامان عادل وتی "داخستنی ئەو بازاڕە زیانی بۆ ئێمە هەبووە، چونکە ئێمە شاگردمان هەیە و مانگانە کرێ دوکان دەدەین".

وتیشی "سەبارەت بەوەی بۆ ئەم مانگە کرێ دوکانمان لێ وەرنەگیرێت هیچ قسەیەکمان لەگەڵ خاوەن دوکانەکان نەکردووە، بەڵام ئەگەر هەیە بەگشتی ئەم مانگە کرێ دوکان وەرنەگیرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد "هیچ بڕیارێک نییە بۆ ئەوەی سبەی بازاڕی دۆلارەکە بکرێتەوە، هەروەها کردنەوەی بازاڕەکە هیچ سوودێکی نییە ئەگەر هاوڵاتییان نەیەن و پارە ئاڵوگۆڕ نەکرێت".

جێگای ئاماژەیە، بەمەبەستی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ماوەی هەفتەیە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان قەدەغەی هاتووچۆی لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکان راگەیاندووە.
Qaiwan
Qaiwan